كارگە گەورەكە بناسە و داهاتووی كەرتی ئاژەڵداریی كوردستانە

:: PM:03:06:26/10/2025 ‌
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەورەترین پڕۆژەی بەبازاڕكردن و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێر بكرێتەوە.

پڕۆژەی مێگەل پڕۆژەیەكی كشتوكاڵیی ناوازەیە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2022 دەست بە دروستكردنی كراوە و پڕۆژەكە مۆڵەتی وەبەرهێنانی هەیە.

پڕۆژەكە دەكەوێتە رۆژئاوای هەولێر لەسەر رێگەی هەولێر گوێڕ بە دووری 20 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرە، پڕۆژەكە لەسەر رووبەری 916 هەزار مەتر دووجا كە نزیكەی 366 دۆنمە دروست كراوە.

ئەو پڕۆژە لە دوو قۆناغ پێك دێت، قۆناغی یەكەم 100% كارەكانی تەواو بووە، قۆناغی دووەم دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت و تێچووی پڕۆژەكە نزیكەی 100 ملیۆن دۆلارە.

ئامانج لە دامەزراندنی ئەو پڕۆژەیە تەنیا كوردستان نییە، بەڵكو كڕین و فرۆشتن و هێنانی مەڕ و بزن و رەشەوڵاخە لە تەواوی عێراق، ئەوەیش بە پێڕەوكردنی ستانداردە جیهانییەكانە، لەرێگەی ئەو پڕۆژەیەوە دەتوانرێت زیاتر لە هەزار هەلی كار بڕەخسێنرێت.

قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە:
قۆناغی یەكەم لە چەند بەشێك پێكهاتوون ئەمانە (سیستمی كۆنترۆڵكردنی ئاژەڵان كە جۆری ئاژەڵ و تەمەنی ئاژەڵ و رەگەزی ئاژەڵ و دۆخی تەندروستی ئاژەڵ و خاوەنی ئاژەڵ و كاتی داخلبوونی تێدایە) ئەوانەش تەنیا لە چەند چركەیەك ئەنجام دەدرێت.

بەشێكی تر بریتییە لە تۆماركردنی زانیاریی ئاژەڵان، لە كاتی سەربڕینی لەناو قەسابخانە بەم شێوەیە (وەرگرتنی زانیاری پێشوو كە داخل كرابوو، بەكارهێنانی باركۆد، كێشانی ئاژەڵ پێش سەربڕین، جیاكردنەوەی پارچەكانی جەرگ و هەناو بۆ هەر ئاژەڵێك، زانینی بڕی گۆشتی بەرهەم هاتوو و بەستنەوەی سەربڕخانە راستەوخۆ بە بە بەشی ژمێریاری كۆمپانیا.

بەشێكی تری پڕۆژەكە حەسار و مەیدانی ئاژەڵان لەخۆ دەگرێت بەم شێوەیە
198 حەساری لەسەر رووبەری 704 مەتر دووجا، 36 حەساری تر لەسەر رووبەری 833 مەتر دووجا، 16 حەسار لەسەر رووبەری 563 مەتر دووجا، لەگەڵ دوو مەیدان كە مەیدانێكی ئاسایی و مەیدانێكی VIP لەخۆ دەگرێت.

دوكانەكانی ئەو پڕۆژەیە جیاوازن و لە پێنج سەنتەری بازرگانی پێكهاتووە، 84 دوكان لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ ماركێتی تایبەت و گەورە بە گۆشت كە رووبەریان لە نێوان 50 مەتر بۆ 300 مەترە.

بەشێكی تری پڕۆژەكە بریتییە لە سەربڕخانە، لەسەر رووبەری 36 هەزار و 501 مەتر دروست كراوە، لە چەند بەشێك پێكدێت، توانای سەربڕینی لە هەشت سەعات بریتییە لە سێ‌ هەزار مەڕ و 400 رەشەوڵاخ، بەشێكی تایبەت بۆ خۆشكردنی پێستە و شوێنی خەزنكردنی خوێنی هەیە و كارگەی خاوێنكردنەوەی سەروپێ و خاوێنكردنەوەی ورگ و ریخۆڵەی تێدایە.

بەشێكی تری ئەو كارگەیە بریتییە لە لەناوبردنی پاشماوەكان، یەكەی سووتاندنی پاشەڕۆی تێدایە و دروستكراوی ئیتاڵییە، توانای وەرگرتنی هەزار و 500 كیلۆ پاشەڕۆی هەیە و بە غاز ئیش دەكات، دۆستی ژینگەیە و فلتەری تایبەتی خۆی هەیە، توانای سووتاندن و لەناوبردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵە نەخۆشخانەی هەیە بەكەڵكی خواردن نایەن، لەناوبردنی ئەو ڤاكسین و مادە كیمیاییانەی لەو شوێنە بەكار دەهێنرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەرجی لەسەر پڕۆژەكە داناوە كە رێژەی سەوزایی تێدا بێت و جێبەجێ‌ كراوە، رێژەی سەوزایی لەو پڕۆژەیە 25% جێبەجێ‌ كراوە.

قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە:
قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە بریتی دەبێ لە تەواوكردنی قۆناغی یەكەم، لە كۆمەڵێك بەش پێكهاتووە كە ئەمانەن:
- كارگەی پەینی ئاژەڵ: كۆكردنەوە و پاشەڕۆی ئاژەڵان و لەناو پڕۆژەی و بەكارهێنانی  بۆ دروستكردنی پەینی ئاژەڵان.
-كارگەی ئالیك: بۆ دروستكردنی ئالیكی ئاژەڵ بە رێژەی 50 تۆن لە سەعاتێك.
-كارگەی خواردەمەنی خێراكان: بۆ دروستكردنی هەمبەرگر، سۆسێچ، كفتە، سجوق و سلامی و .. هتد.
-كارگەی رێندینك: بۆ هاڕین و وردكردنی ئێسك و پاشماوە رەقەكان.
-كارگەی خواردنی ئاژەڵانی ماڵی.
-كارگەی وشككردن و خۆشكردنی پێستە.
-كارگەی وشككردنی خوێن و گۆڕینی بۆ پرۆتین.



وشە - رامیار جەواد