داوایەك لە وەزارەتی پەروەردە كراوە گوایە وانەی یۆگا لە قوتابخانەكان زیاد بكرێت، ئەگەرچی وەزارەت داواكەی رەت كردووەتەوە و هیچ وانەیەك بەناوی یۆگا ئەمساڵ زیاد نەكراوە، بەڵام فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ چەواشەكردنی بابەتەكان كردوویەتی بەهەرا. مامۆستایەكی یۆگاش دەڵێت: حزبگەلی ئیسلامی كە تێڕوانینی داخراویان هەیە بۆ ئەویتر و پێیان وایە هەموو شتێك لە دەرەوەی ئیسلام، ناشیرین و شەیتانییە.
ماوەیەكە چەندان كەسی ناو یەكگرتوو وەك پیشەی هەمیشەییان، دەستیان كردووە بە راكێشانی سۆزی خەڵك بەناوی ئەوەی گوایە وەزارەتی پەروەردە بابەتێكی یۆگای لە وانەكاندا زیاد كردووە، ئەوانە بێ ئەوەی بزانن یۆگا چییە و ئەگەر زیاد كرا سوودی هەیە یان زیان؟ دەستیان بەهێرش و شێواندنی بابەتەكە كردووە.
بەپێی بەیاننامەی فراكسیۆنی یەكگرتوو تا ئێستە نازانرێ كێ داوایەكی وای پێشكەش كردووە، بەڵام هەر خۆشیان دەڵێن، وەزارەتی پەروەردە داواكەی قبووڵ نەكردووە.
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەڵێ، ئەو پرۆپۆزەڵەی لە ١٣ی ٨ی ٢٠٢٥ پێشكەش بە وەزارەتی پەروەردە كراوە، ڕێكارە كارگێڕییەكانی تا ئێستە بەردەوامە، ئەگەرچی بڕیاری لەسەر نەدراوە بەمەبەستی جێگیركردنی یۆگا وەك وانەیەكی فەرمی لە قوتابخانەكان، بەڵام ئەوەشیان گوتووە كە ئەوان رەتی دەكەنەوە.
فراكسیۆنەكە دەڵێت: پێمان وایە پێچەوانەیە لەگەڵ دیدگە و ڕەسەنایەتیی گەلی ئێمە، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزیری پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە دەكەین ئەم پڕۆژەیە رەت بكاتەوە و بەهیچ جۆرێ ڕێگە نەدا بخرێتە ناو وانەكانی خوێندن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" پرۆپۆزەڵەكە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رەت كراوەتەوە و ئەمساڵ ئەو بابەتە لە وانەكاندا بوونی نییە، وەزارەتی پەروەردە نیازی هەیە ساڵانی داهاتوو لەوانەی ناساندنی ئاینەكاندا باسی ئاینی بودی و هیندۆسیش بكات و یۆگاش لە ناویاندا هەیە، بەڵام وانەیەكی تایبەت بەهیچ شێوەیەك بوونی نابێت، چونكە نە مامۆستای هەیە و نە وەزارەتیش ئامانجێكی وای هەیە.
وەك راهێنەرێكی یۆگا دەڵێت: كێشەی عەقڵییەتی ئیسلامییەكان ئەوەیە هەر بابەتێك لە دەرەوەی كۆمەڵگە ئیسلامییەكان باس بكرێت كە پێویستە باس بكرێت، وەك زانیاری بدرێت بەقوتابیان، لە ناویشیاندا یۆگا كە ئێستە لە دنیادا بووەتە بەشێك لە سیستمی تەندروستیی دەروونی، بە خراپ دەیبینن و یەكڕاست پێیان وایە كوفرە.
وەك هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئەو بابەتە بە "بابەتێكی مەترسیدار" ناوی دەبات. ئەو دووپات دەكاتەوە كە "لەم كاتەدا بەناوی وەرزش و چالاكی لاشەیی و دەروون دروستی، دەیانەوێت پەرستش و سرووتی ئاینی بوزا و هیندییەكان لێرە پەرە پێبدرێت و پشتگیریی بكرێت، لە كاتێكدا لەگەڵ كولتووری كوردی و ئیسلامی ئێمەدا تەواو پێچەوانەیە.
لەمبارەیەوە مامۆستا هاوبیر كامەران كە زیاتر لە 30 ساڵە لە كوردستان وەك مامۆستای یۆگا كار دەكات و چالاكییەكانی گەلێك دیارن، بابەتێكی لە ژێر ناوی "یۆگا لە سیستمی پەروەردەدا" نووسیوە.
هاوبیر دەڵێت: ساڵانێك لەمەوبەر لە رێگەی وەزارەتی پەروەردەوە چوومە نزیكەی 20 قوتابخانەی دواناوەندی،بۆ هەر پۆلێك وانەیەكی تێڕامان و ناتوندوتیژیم لە ژێر ڕۆشنایی یۆگا دەگوتەوە. هەر قوتابییەك فۆرمێكی پڕ دەكردەوە كە یەكێك لە پرسیارەكان ئەوەبوو، ئایا دەتەوێت ئەمە ببێتە وانەیەكت؟ لە 95% بە بەڵێ وەڵامیان دابووەوە و ئەوانی تر بە نازانم.
ئەو مامۆستایەی یۆگا سەرەڕای ئەو هەموو داواكارییە بۆ زیادكردنی بابەتی وانەی یۆگا دەڵێت: بەڵام ئەوكات و ئێستەشی لەگەڵدا بێت من بەباشی نازانم یۆگا بكرێتە وانەی قوتابخانەكان.
مامۆستا هاوبیر لەبەر چەند هۆكارێك پێی باش نییە كە یۆگا بكرێتە وانەیەك و دەڵێت: بەداخەوە حزبگەلێكی ئیسلامی كە تێڕوانینی داخراویان هەیە بۆ ئەویتر و پێیان وایە هەموو شتێك لە دەرەوەی ئیسلام ناشیرین و شەیتانییە، تەبەنی دژایەتیكردنی یۆگا دەكەن.
"ئێمە مێژووی ئەم جۆرە تێڕوانینەمان لە میسر و ئێران و زۆر وڵاتی تر و بە درێژایی مێژووش بینیوە كە سەرەنجامەكەی چ نەهامەتییەكە. ئەم حزبانە بە بەرنامە كار دەكەن بۆ ئەم ناشیرینكردنە، بەرنامەكەش لە نەزانیی مەعریفی و ئەجێندای سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت نەك لە ئیمان و مەعریفەوە، ئەوان دژایەتیی ڕێگەیەك دەكەن كە دەیان نووسەر و عارف و سۆفی و پیاوی گەورەی مێژووی ئیسلام ستایشیان كردووە".
هاوبیر دەڵێت: كاتێك ئەم حزبانە لە ژێر چاویلكەی نیوەبینای ئیماندا دایك و باوكان هان دەدەن دژی یۆگا، ناكرێت منداڵەكانیان لە قوتابخانە فێری میدیتەیشن بكرێن و لە ماڵەوەش لەسەری لێدان بخۆن و بكەونەبەر بەرداشی حەڵاڵ و حەرامی ئەوەی فێری دەبن.
باسی لەوەش كردووە، بۆ تایپێك لە ئیمانداری نوێی كۆمەڵگەیەك كە مەولانای بەلخی و بایەزیدی بەستامی و مەنسووری حەلاج و ئیبن عەرەبی و رابیعەی عەدەوی و ئەهلی جوانی تەسەوف بە كافر بزانێت، ناكرێت داوای لێ بكەیت كە لە یۆگا تێبگات و عارفانی یۆگی و زانستێكی بەجێماو لەوان بە حەڵاڵ بزانێت. ئەم داوایە قورسە و لە دەرك و تێگەیشتنی كەسێكدا نییە كە هێشتا كارمەندی ئەوقاف بە زانای ئاینی و زانای ئاینیش بە جێنشینی پێغەمبەر بزانێت، لە كاتێكدا لەم ئاینە جوانەدا نە جێنشینی پێغەمبەر هەیە و نە بە یەك حەرفیش لە قورئاندا باسی كراوە، ئەمەوییەكان و عەباسییەكان بۆ پتەوكردنی پایەی سیاسیی خۆیان دروستیان كرد.
هاوبیر گوتی، لێرەدا مەبەستم نییە بێڕێزی بە فێركارانی ئاینی بكەم و هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە كە لە ئاینەكەیدا شارەزا بێت و شارەزاییەكەی بگەیەنێت بەوانی تر، بەڵكو من باسی راستییەكی ئاینی و مێژوویی دەكەم كە زۆرینە بە هەڵە وەریانگرتووە و تەقدیسی دەكەن.
مامۆستا هاوبیر دەڵێت: هێشتا لە كوردستان هێندە مامۆستای یۆگا و كەسی شارەزامان نییە كە بتوانن كەڤەری ئەو هەموو قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییە بكەن. ئەوانەی هەن و حزبە ئیسلامییەكان لێیان تۆقیون، تەنیا چەند مامۆستایەكی كەمن و فریای ئەو هەموو قوتابخانانە ناكەون.
ئەو مامۆستایەی یۆگا ئەوەشی گوتووە، گەشەی یۆگا بەو خێراییە لە كۆمەڵگەیەكی داخراودا، وا دەكات منداڵەكان ببنە سوتووی بەریەككەوتنی داخران و كرانەوە. ئەمەش كاری یۆگا نییە. یۆگییەكان پێویستە جارێ دایك و باوكەكان تێبگەیەنن ئەوجا منداڵەكان، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە لەسەر بنەمای ترادشن و پەرستنی بتە كۆنەكان دەڕوات، نەك ئەزموون و فێربوون. شكاندنی بتی وا گەورە تەوری گەورە و حەوسەڵەی گەورەی دەوێت.
لە كۆتاییدا هاوبیر ئاماژەی بەوە داوە، ئەوەی دەیباتەوە ئاگاییە نەك نەزانیی و هەموو شتێكیش كاتی خۆی هەیە.
یۆگا چییە؟
یۆگا بریتییە لە چەند چالاكی یان وەستانێكی جەستەیی و دەروونی و ڕۆحی كە بۆ یەكەمجار لە هیندستانی كۆن سەری هەڵداوە، چالاكییەكانی یۆگاكردن بریتین لە كۆنترۆڵكردن و ئارامكردنەوەی مێشك بە وەستان و كۆكردنەوەی بیر و هەناسەی قووڵ، چەندان جۆری جیاواز لە شوێنی تایبەت بە یۆگاكردن و ڕاهێنان و ئامانجەكانی یۆگا بوونی هەیە، بەشێوازی هیندۆسی و بودی و جاینیزم و چەندان جۆری ڕەسەن و مۆدێرن یۆگا ئەنجام دەدرێت لە هەموو دنیادا.
ئامانجی گشتیی یۆگا پێوەستكردنی مێشك و لەش و ڕۆحە، شەش لقی یۆگا بوونی هەیە كە هەر لقێك دەرخەری جۆرێكی جیاوازی سەرنج و كۆمەڵێك تایبەتمەندین، شەش لقەكە بریتیین لە:
بەپێی هەموو توێژینەوە تەندروستییەكان، نزیكی ٩٤٪ ئەو كەسە پێگەیشتووانەی كە ڕاهێنانی یۆگا ئەنجام دەدەن، هەست بە تەندروستییەكی باش دەكەن، یۆگا چەندان سوودی جەستەیی و دەروونی هەیە كە بریتیین لە:
بنیاتنانی ماسولكەی بەهێز.
لەش پتەو دەكات.
توانای هەناسەدان باشتر دەكات.
یارمەتیی پاراستنی تەندروستیی دڵ دەدات.
یارمەتیدەرە بۆ وەرگرتنی چارەسەری ئالوودەبوون.
پەستانی دەروونی و دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و ئازاری درێژخایەن كەم دەكاتەوە.
یارمەتیدەرە بۆ بوونی خەوێكی باش.
كێشەی گەدە و ریخۆڵەكان چارەسەر دەكات.