چوار مانگ بەسەر هێرشە فرەوانەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە مووشەكی و ئەتۆمییەكانی ئێران تێپەڕ بووە و شارەزایان پێشبینیی ناچاربوونی ئێران بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان دەكەن، بەتایبەتی دوای كۆتاهاتنی كاركردنی بە رێككەوتنی 2015، كەچی وێنەی مانگە دەستكردەكان ئاشكرای دەكەن كە تاران دەستی بە چالاكییە مووشەكی و ئەتۆمییەكانی كردووەتەوە.
ناوەند و بازنە هەواڵگرییە ئەوروپییەكان باسی چاودێریكردنی بوونی هاریكاریی نهێنی لە نێوان ئێران و چین دەكەن، بۆ بنیاتنانەوە و نوێكردنەوەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی تاران، رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی باسی گەیشتنی چەند بارێكی نهێنی لە مادەی پیركلۆراتی سۆدیۆم بۆ ئێران دەكەن، كە مادەیەكی سەرەكی و گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی وشكی مووشەكەكانی ناوەندمەودا، ئەو بارانەش لە دوای شەڕی 12ی حوزەیرانی رابردوو لە چینەوە گەیشتونەتە بەندەری بەندەر عەباس.
بەپێی زانیارییەكان ئەو بارانە بڕی دوو هەزار تۆن لە مادەكەیان تیادایە، كە ئەگەرچی فرۆشتنی قەدەغە نەكراوە بەڵام مەترسیدارە، بارەكە لە 29ی ئەیلوولی رابردوو گەیشتوونەتە ئێران بۆ پڕكردنەوەی كەمبوونەوەی ئەمباری مووشەكی ئێرانە لە دوای شەڕەكە، ئەوە لەوكاتەی كەشتی و كۆمپانیاكانی چین بەو هۆكارەوە خراونەتە ناو لیستی سزای ئەمەریكاوە.
شرۆڤەكاران دەڵێن، ئەو بارانەی مادەی پیركلۆراتی سۆدیۆم كە گەیشتوونەتە ئێران، ئاماژەن بۆ زیادبوونی مەترسییەكانی خۆپڕچەككردنی تاران لە دوای شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی رابردووی لەگەڵ ئیسرائیل، كە زیانێكی گەورەی لە دامەزراوە ئەتۆمی و سیتمەكانی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانی سەربازی و مووشەكی كەوت، بۆیە ئێران هەموو هەوڵێك دەدات بۆ نوێكردنەوەی ئەمباری مووشەكی و بەرزكردنەوەی تواناكانی لە ئەگەری دروستبوونی شەڕێكی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل.
ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی لە واشنتن چەند وێنەیەكی نوێی مانگە دەستكردەكانی بڵاو كردەوە سەبارەت بە بوونی چالاكی لە هەڵكەندن و بنیاتنانی فرەوان لە دامەزراوەی چیای مەنجەم لە باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتنز، شارەزایان پێیان وایە مەبەست لەو جموجۆڵە گواستنەوەی ئامرازە هەستیارەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆ شوێنی پارێزراوتر، بە شێوەیەك بۆردمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل نەتوانن بیانپێكن.
ئەو پەرەسەندنە نوێی هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ئێران لە خۆبەدەستەوەنەدان لە بابەتی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئەمەریكا، بەتایبەتی كە گفتوگۆكانی لە مانگی نیسانی رابردوو دەستیان پێ كرا و دوای چەند گەڕێك لە مانگی حوزەیرانی رابردوو وەستان، لە خاڵی پیتاندنی یۆرانیۆم گیریان خوارد، كاتێك ئێران سوور بوو لەسەر مافی پیتاندن و ئەمەریكاش بە هەموو شێوەیەك ئەو كارەی لە لایەن تاران رەت كردەوە.
شارەزایان پێیان وایە دروستكردنی دامەزراوەیەكی نوێی لەو شێوە و لە قووڵایی چیاكان، بەرجەستەی گۆڕانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بەرنامەیەكی چاودێریكراو بۆ بەرنامەیەكی حەشاردراو و پارێزراو دەكات، دووپاتیان كردەوە كە تاران كار لەسەر گۆڕینی بنەماكانی بەرپەرچدانەوە لە ناوچەكە دەكات لە رێگەی دروستكردنی ژینگەیەك تیایدا بە زەحمەت بتوانرێت دامەزراوە ئەتۆمییەكانی پەك بخرێن یان بخرێنە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتییەوە.
هەر لەوبارەوە ماڵپەڕێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئاماژە دەكات كە سوپای پاسداران و دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندگیر و كۆمپانیای بازرگانیی چینی دەكەن، لەوان بازرگانانی نەوت بە مەبەستی كڕینی چەكی دروستكراوی چین لە مووشەك و فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی.
ماڵپەڕی "ئیران ئینتەرناشیۆنال"، لە سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستەوە كە ئەو لایەنە چینییە سەركییەی سوپای پاسداران مامەڵەی لەگەڵ دەكات بریتییە لە كۆمپانیای "هاوكان ئینێرجی گرووپ"، كە بارەگەكەی لە پەكینە و بە بڕی ملیارێك دۆلار قەرزاری ئێرانە بەهۆی گرێبەستی نەوت لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ كۆمپانیاكانی سەر بە سوپای پاسداران و كۆمپانیاكە لە 2022 بەهۆی كڕینی نەوتی ئێران لە لایەن ئەمەریكا سزا دراوە.
بەپێی سەرچاوەكە لە مانگی ئەیلوولی رابردوو شاندێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی چینی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیاكە كۆبوونەتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی قەرزەكان، بەپێی رێككەوتنی هەردوولا ئەو كۆمپانیایە بەشێك لە قەرزە نەوتییەكانی بە شێوەی پێدانی چەك بە سوپای پاسداران دەداتەوە، تا ئێستەش دیار نییە رێككەوتنەكە كەوتووتە بواری جێبەجێكردن یان نا و كۆمپانیاكەش باسی ئەو بابەتەی نەكردووە.
شایەنی باسە لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی رابردوو كە تەنیا 12 رۆژ بەردەوام بوو، دەركەوت كە كەموكوڕی و كێشەیەكی گەورە لە توانا سەربازییەكانی ئەو وڵاتە هەیە، ئەوەش وای كرد دوای شەڕەكە ئێران هەوڵێكی زۆر بدات بۆ كڕینی چەكی پێشكەوتوو لە رووسیا و چین و كۆریای باكور، جیا لە نۆژەنكردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی.