بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن، لە سایەی ئەو دۆخەی لە هەرێمی كوردستان و كێبەركێی و بانگەشەی هەڵبژاردن كە هەیە، شارەزایان پێشبینی دەكەن كە رەنگە ئەنجامەكان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو بگۆڕێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێم هەر وەك پێشەنگ دەمێنێتەوە و جیاوازیی كورسی و دەنگەكانی لەگەڵ ركابەرەكانی زیاتر دەكات.
	
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە كۆی 329 كورسی، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی 31 كورسی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 18 كورسی و نەوەی نوێ نۆ كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی سێ كورسی و كۆمەڵی دادگەریش كورسییەكیان بەدەست هێنا، بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە كۆی 7768 كاندید لە عێراق، هەرێم 301 كاندیدی هەیە و ئەوان كێبەركێ لەسەر 46 كورسی پارێزگاكانی هەرێم دەكەن، لەوانە 12ی بۆ كۆتای ژنان كە لە پەرلەمانی عێراق 83 كورسییە. 
	
حاكم شێخ لەتیف توێژەری سیاسی دەڵێت، بۆ ئەمجارە نەخشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك زیاترین كورسی بەدەست دێنێت، لە هەولێر لە كۆی 16 كورسی نۆ كورسی و لە دهۆك لە كۆی 12 كورسی نۆ كورسی لەوانەش كورسییەكی كۆتای پێكهاتەكان، هەرچی لە سلێمانییە پارتی دوو كورسی بەدەست دێنێت و وەك تێكڕا بە ئەنجامێكی زۆر بەپێش نزیكترین ركابەرەكانی دەكەوێتەوە. 
	
روونی كردەوە، هەرچی یەكێتییە لە پلەی دووەم دێت، بەڵام بە زەحمەت دەتوانێت پارێزگاری لە ژمارەی پێشووی كورسییەكانی بكات كە لە هەڵبژاردنی پێشوو بە دەستی هێنا، بەپێی پێشبینییەكان لە سلێمانی شەش كورسی و لە هەولێر دوو یان سێ كورسی ولە دهۆكیش هەوڵی بەدەستهێنانی كورسییەك دەدات، ئەگەرچی ئەوەش زەحمەتە بەهۆی ئەو كێبەركێیە بەهێزەی لەگەڵ پارتی و یەكگرتووی ئیسلامی هەیە. 
	
گۆران ئەحمەد رۆژنامەوان پێی وایە ژمارەی كورسییەكانی پارتی و یەكێتی گۆڕانكاریی زۆریان بەسەردا نایەت و رەنگە كورسییەكانی یەكێتی كورسییەك یان دووان كەم بكات، بەڵام گۆڕانكاری لە كورسیی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن روودەدات، بەتایبەتی نەوەی نوێ بەرەی گەل، كورسییەكانی نەوەی نوێ بۆ نیوە كەم دەكات، لە بەرانبەردا كورسیی حزبەكانی تر زیاد دەكات وەك رەوتی هەڵوێست و یەكگرتووی ئیسلامی و و كۆمەڵی داگەری، رەنگە هەریەكەیان كورسییەك لەوەی پێشوو زیاتر بێنن. 
	
هەر سەبارەت بە پێشبینییەكان، 
شێرزاد مستەفا توێژەری سیاسی پێی وایە نەخشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە نەخشەی دوایین هەڵبژاردن نزیك دەبێت، تەنیا ئەوە نەبێت كورسییەكانی نەوەی نوێ كەم دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پلەی یەكەم دەمێنێتەوە و یەكێتیش هەوڵ دەدات پارێزگاری لە ژمارەی پێشووی كورسییەكانی بكات، بەڵام رەنگە كورسییەك یان دوان بەهۆی كێبەركێكان لە سلێمانی لەدەست بدات.
	
روونی كردەوە، نەوەی نوێ دۆڕاوترین هێزی سیاسی دەبێت و زۆر زەحمەتە نۆ كورسییەكەی پێشووی بەدەست بێنێتەوە، كێبەركێ لەگەڵ رەوتی هەڵوێست دەكات، كە هێزێكی نوێی ئۆپۆزسیۆنە، هەرچی حزبە ئیسلامییەكانن، پارێزگاری لە سەنگی پێشوویان دەكەن، رەنگە بە سوودبینین لە پاشەكشەی یەكێتی و نەوەی نوێ لە سلێمانی و هەولێر ژمارەی كورسییەكانیان زیاتر بكەن.
	
شابەنی باسە لە هەولێر 108 كاندید كێبەركێی بەدەستهێنانی 16 كورسی دەكەن، كە كورسییەكی بۆ پێكهاتەی مەسیحییە، لە دهۆك 58 كاندید كێبەركێ لەسەر 12 كورسی دەكەن كە كورسییەك بۆ كۆتای مەسیحییە، 135 كاندید لە سلێمانی و هەڵەبجە كێبەركێ لەسەر 18 كورسی دەكەن، لەوكاتەی ژمارەی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 77 هەزار و 384 دەنگدەرە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 دەنگدەر و لە سلێمانی ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 دەنگدەر و لە دهۆك 778 هەزار و 846 دەنگدەر.