له‌م سه‌رده‌مه‌دا باوه‌ڕێكی به‌ربڵاو زاڵه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه و تاكانه‌ی كه ئه‌قڵانی و هێمن و (له سنووری عه‌قڵی دروستدا) گومانكارن، ناتوانن هیوای سه‌ركه‌وتنیان هه‌بێت كاتێك ڕووبه‌ڕووی سیستمگه‌لێك ده‌بنه‌وه كه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕێكی دۆگمایی و ده‌مارگیری و توندڕه‌وانه‌ن. ئه‌م بۆچوونه به‌تایبه‌تی له‌ناو گومانكاره‌كان خۆشیاندا باوه، كه مه‌یلیان هه‌یه تووشی جۆرێك له وه‌ستانی سه‌رسامكه‌رانه‌بن، كاتێك ڕووبه‌ڕووی توندڕه‌وییه‌كی دره‌وشاوه‌ی به‌هێز ده‌بنه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له ڕووی هزرییه‌وه فراوان نین. من پێم وانییه مێژوو ئه‌م بۆچوونه پشتڕاست بكاته‌وه له‌باره‌ی بێهێزیی باوه‌ڕی زانستیی میانڕه‌و و سنووردار كاتێك له ململانێدایه له‌گه‌ڵ توندڕه‌ویدا، ڕاستییه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاست و نزیكتره له‌و په‌نده مۆراڵییه‌ی كه ده‌توانرێت له ڕابردووه‌وه وه‌ربگیرێت. با چاوێك به چه‌ند نموونه‌یه‌كدا بخشێنینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته.
ئه‌و جه‌نه‌راڵانه‌ی كه فه‌رمانده‌یی سوپای ڕۆمانییان ده‌كرد له‌و ڕۆژانه‌ی كه ئیمپراتۆریی ڕۆمانی به خێراییه‌كی زۆر فراوان ده‌بوو، زۆربه‌یان گومانكاری ئێپیكۆری بوون. پاڵنه‌ره‌كانیان زۆر ساده بوون: تاڵانكردنی یه‌ده‌گی زێڕی په‌رستگه‌كان، نیوه‌ی بۆ خۆیان و نیوه‌كه‌ی تریان به‌سه‌ر سه‌ربازه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرد، وێرانكردنی ئه‌و شارانه‌ی كه ڕكابه‌ری بازرگانیی ڕۆما بوون و... هتد. ڕۆمانییه‌كانی دواتر، چ بتپه‌رست و چ مه‌سیحی، نوقمی خورافات بووبوون، ئه‌وان تا ڕووخانی قوسته‌نتینییه له ساڵی ١٤٥٣دا، ڕۆژ به ڕۆژ توندڕه‌وتر ده‌بوون و هه‌ر زیادبوونێكی توندڕه‌وی، شكستی نوێی له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ ده‌هێنان.
هه‌مان شت بۆ ئاینی محه‌مه‌دیش ڕاسته. له ڕۆژه مه‌زنه‌كانی فه‌تحه سه‌ره‌تاییه‌كانیاندا، سه‌ركرده‌كانیان گومانكار بوون، له سه‌ره‌تادا دژی ئاینه نوێیه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر بوون، ته‌نیا كاتێك به‌شدار بوون كه بینییان پاره‌ی تێدایه. ئه‌م هه‌ڵوێسته گومانكارییه به درێژایی ڕۆژه مه‌زنه‌كانی خه‌لافه‌ت به‌رده‌وام بوو، كاتێك توندڕه‌وی ده‌ستی به زاڵبوون كرد، له‌ده‌ستدانی هێزی سه‌ربازیشی له‌گه‌ڵدا هات.
له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مدا ئیسپانیا توندڕه‌وترین هێزی گه‌وره بوو. سه‌ره‌ڕای هه‌موو تایبتمه‌ندییه باشه‌كان وه‌ك بوونی خه‌ڵكێكی ئازا و جه‌نگاوه‌ر، پێگه‌یه‌كی جیۆگرافیی نایاب و هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی دوورگه‌ی هیندی، به‌ڵام هێزی ئیسپانیا داڕما. جوو و مۆوه‌كان كه كاراترین و پێشه‌وه‌رترین و شارستانیترین دانیشتووانی نیمچه‌دوورگه‌كه بوون، ده‌ركران، ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ی به ده‌وڵه‌ت گه‌یاند. هۆڵه‌نداشی له ده‌ست چوو به‌هۆی نه‌بوونی ئاماده‌یی بۆ پێڕه‌وكردنی لێبورده‌یی. دوای وێرانكارییه درێژ و بێ ئه‌نجامه‌كانی جه‌نگه ئاینییه‌كان، كاتێك ئاشتیی وێستفالیا مۆر كرا و پوختخوازه‌كانی ئینگلیز شكستیان هێنا، ده‌ركه‌وت كه هیچ توندڕه‌وێك ناتوانێت سه‌ربكه‌وێت، زۆرترین به‌شی سامان و ده‌سه‌ڵات بۆ تیۆلجسته‌كانی سه‌ده‌ی ١٧ی لایه‌نگرانی ئازادیی بیروڕا له هۆڵه‌ندا و ئینگلته‌را چوو. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌رمانی نانت، به گواستنه‌وه‌ی پیشه‌سازییه به‌سووده‌كان له فڕه‌نساوه بۆ ئینگلته‌را، ڕێگه‌ی بۆ شكستی ئینگلیز له جه‌نگی حه‌وت ساڵه خۆش كرد.
له هیچ قۆناغێكی ئه‌م مێژووه درێژه‌دا سه‌ركه‌وتن پێوه‌ندیی به توندڕه‌وییه‌وه نه‌بوو. نوێترین مێژوو پێشانی ده‌دات كه له‌م ڕووه‌وه هیچ گۆڕانكارییه‌ك ڕووی نه‌داوه. به‌ریتانییه‌كان وه‌ك ئه‌ركێكی قورس و پێویستی چوونه ناو جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك به ڕۆحییه‌تی جه‌نگی خاچپه‌رستانه‌یان نه‌بوو. ڕووسه‌كان و ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌هۆی هێرشی بێ پاساوه‌وه بۆ به‌رگری له خۆیان هاتنه جه‌نگه‌وه. ته‌نیا نازییه‌كان توندڕه‌وییه‌كه‌یان هانده‌ریان بوو، توندڕه‌وییه‌كه‌یان نه‌ك هه‌ر كه‌م نه‌بوو، به‌ڵكو هۆكار بوو له به‌شداریكردن له ڕووخانیاندا. دوای سه‌ركه‌وتنیان، هاوپه‌یمانان سه‌ریان سوڕما كاتێك بینییان ئه‌ڵمانه‌كان چه‌نده كه‌م پێشكه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه له دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمیدا. ئه‌مه به‌شێكی زۆری له‌به‌رئه‌وه بوو كه زانایانی فیزیای به‌ڕه‌گه‌ز جوو و دژه نازییه‌كانیان دانه‌ده‌مه‌زراند. توندڕه‌وییه‌كه‌یان هه‌روه‌ها بووه هانده‌ری بزووتنه‌وه‌كانی به‌رگری له ناوچه داگیركراوه‌كاندا. من پێم وایه هیچ گومانێك نییه كه ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌واكانیان ئه‌قڵانیتر بوونایه، جه‌نگه‌كه‌یان ده‌برده‌وه، چونكه هێرشیان نه‌ده‌كرده سه‌ر ڕووسیا و هانی ژاپۆنیان نه‌ده‌دا هێرش بكاته سه‌ر ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌وانه‌ی پێیان وایه توندڕه‌وی ته‌نیا به توندڕه‌وییه‌كی ڕكابه‌ر ده‌به‌زێنرێت، ناتوانن پشت به ڕاستییه‌كان ببه‌ستن بۆ پاڵپشتیكردنی بۆچوونه‌كه‌یان. سه‌ركه‌وتن له جه‌نگی مۆدێرندا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، لێهاتوویی پیشه‌سازی و زانستی ده‌به‌ستێت، له‌گه‌ڵ ژیری ئه‌وانه‌ی سیاسه‌ت داده‌ڕێژن. ئه‌م جۆره پێداویستییانه‌ی وه‌ك لێهاتوویی و زیره‌كی ئه‌گه‌ری نییه له‌ناو توندڕه‌وه‌كاندا بدۆزرێته‌وه، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دیدگه‌یان زیاتر زانستییه ئه‌گه‌ر كراوه. توندڕه‌وه‌كان ئاماده نین ئه‌و دۆزینه‌وه زانستییانه قبووڵ بكه‌ن كه له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانیانه‌وه به‌دی هێنراون، بۆیه به‌جێ ده‌مێنن له دواوه‌ی ئه‌وانه‌ی كه دیدگه‌یان زیاتر جیهانییه.
هه‌ندێك له‌وانه‌ی ده‌ترسن كه توندڕه‌وی به‌ڕه‌نگاری ناكرێت، له‌به‌رئه‌وه وایه كه ته‌نیا گومانكاریی ڕه‌ها به جێگره‌وه ده‌زانن. جێگره‌وه‌ی خوازراو ئه‌وه نییه كه گومانكار بیت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه زانستی بیت. گومانكار ده‌ڵێت، "هیچ شتێك ناتوانرێ بزانرێت" ئه‌و دۆگماتیستێكه نه‌رێنییه. ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێین بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی له كارخه‌ره، ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك قبووڵی بكات، به شكست حوكم ده‌درێت، چونكه ناتوانێت پاڵنه‌ری گونجاو بۆ به‌رگری له خۆی بهێنێته‌وه، به‌ڵام هه‌ڵوێستی زانستی ته‌واو جیاوازه. ناڵێت "زانین ئه‌سته‌مه"، به‌ڵكو ده‌ڵێت "زانین قورسه." دژ به دۆگماتیست، پێی وایه هیچ شتێك به زانین دانانرێت مه‌گه‌ر خرابێته ژێر ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ی كه زانست پێشانی داوه به‌سوودن و ته‌نانه‌ت ئه‌وكاتیش، ڕه‌نگه پێویستی به ڕاستكردنه‌وه هه‌بێت له‌به‌ر ڕووناكی به‌ڵگه‌ی نوێ‌دا. دژ به گومانكار، پێی وایه ئه‌وه‌ی له پشكنینی زانستییه‌وه ده‌رچووه، ئه‌گه‌ری زیاتره ڕاست بێت وه‌ك له‌وه‌ی كه وا نییه و له زۆر دۆخدا ئه‌م ئه‌گه‌ره نزیكه له دڵنیایی، له هه‌ر دۆخێكیشدا باشترین گریمانه‌یه بۆ قبووڵكردن له ڕووی كردارییه‌وه.
دۆگماتیست یه‌ك گریمانه قبووڵ ده‌كات به‌بێ گوێدانه به‌ڵگه، گومانكار هه‌موو گریمانه‌كان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه به‌بێ گوێدانه به‌ڵگه. هه‌ردووكیان نائه‌قڵانین. مرۆڤی ئه‌قڵانی ئه‌و گریمانه‌یه قبووڵ ده‌كات كه له‌و كاته‌دا ئه‌گه‌ری زیاتره، له هه‌مان كاتدا به‌رده‌وام ده‌بێت له گه‌ڕان به‌دوای به‌ڵگه‌ی نوێ‌دا بۆ پشتڕاستكردنه‌وه یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی. به كاركردن به‌م شێوه‌یه‌یه مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سروشتدا به‌ده‌ست هێناوه، نه‌ته‌وه زانستییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر باقی مرۆڤایه‌تیدا به‌ده‌ست هێناوه.
جیاوازی نێوان مرۆڤێكی ئه‌قڵانی و دۆگماتیستێك، ئه‌وه نییه كه دووه‌میان باوه‌ڕی هه‌یه و یه‌كه‌میان نییه‌تی. جیاوازییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماكانی باوه‌ڕه‌كان و شێوازی هه‌ڵگرتنیانه. مرۆڤی ئه‌قڵانی ئاماده‌یه هۆكار بۆ باوه‌ڕه‌كانی بهێنێته‌وه و ئه‌م هۆكارانه، جگه له به‌هاكان، له كۆتاییدا له تێبینیكردنی ڕاستییه‌كانه‌وه وه‌رگیراون. ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه هۆكاره‌كانی به ته‌واوی یه‌كلاكه‌ره‌وه نین و ڕاستیی نوێ ڕه‌نگه پێویستی به باوه‌ڕی نوێ هه‌بێت. به‌ڵام ئاماده ده‌بێت به هه‌مان توندییه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌رز بكات كه دۆگماتیست كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه به دڵنیایی ده‌زانێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، یه‌ك سوودی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر دۆگماتیستدا هه‌یه. كاتێك پێشان ده‌درێت كه دۆگماتیست هه‌ڵه‌یه، بۆ نموونه به (شكست له جه‌نگدا) تووشی شكستێكی ته‌واو ده‌بێت كه هه‌رگیز ئه‌مه تووشی مرۆڤی ئه‌قڵانی نابێت، كه هه‌میشه ددانی به‌وه‌دا ناوه كه ڕه‌نگه هه‌ڵه بێت. هیچ شتێك بێهیواتر نییه له دانیشتووانێكی بێ ئومێد له توندڕه‌وه‌كان، كه توانای ئه‌قڵانیبوونیان له ده‌ست داوه و چیتر هیچ ده‌رچه‌یه‌كیان نییه له نائومێدی بۆ نائه‌قڵانییه‌كانیان. دانیشتووانێكی وا هیچ هێزێكی ئاراسته‌كردنی خودی نییه، ئاماده‌یی كه‌می هه‌یه بۆ قبووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ئاراسته‌كردنه ده‌ره‌كییه‌ی كه ده‌ركه‌وتووه به هه‌ڵه‌دا ده‌یبات. كانییه‌كانی كردار وشك بوون و هیچ شتێك نامێنێته‌وه جگه له سه‌رگه‌ردانییه‌كی بێ ئامانج. ئه‌مه به‌شێكه له‌و نرخه‌ی كه ده‌بێ بدرێت بۆ تێوه‌گلان له هیستریای به‌كۆمه‌ڵدا.
نامه‌وێت پێشنیاری ئه‌وه بكه‌م كه مرۆڤێك به‌و ئاسته‌ی زانستییه هه‌یه‌تی، به هه‌مان ئاست خاڵییه له هه‌ست. زانست ته‌نیا ده‌توانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئامرازه‌كاندا بكات، نه‌ك ئامانجه‌كان، ئامانجه‌كان ده‌بێت له‌لایه‌ن هه‌سته‌وه دابین بكرێن. له‌لای خۆمه‌وه هه‌ندێك شت هه‌ن كه به به‌هایان ده‌زانم، به‌تایبه‌تی ئاماژه ده‌كه‌م به ژیری، میهره‌بانی، ڕێز له خۆگرتن. زانست ناتوانێ بسه‌لمێنێت كه ئه‌م شتانه باشن، ته‌نیا ده‌توانێ پێشانی بدات كه چۆن، به گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی كه باشن، به‌ده‌ست ده‌هێنرێن. باوه‌ڕبوون به‌م یان هه‌ر به‌هایه‌كی تری بنه‌ڕه‌تی، به‌بێ هێنانه‌وه‌ی هۆكار بۆ كردنی، نائه‌قڵانی نییه، چونكه بابه‌ته‌كه بۆ مشتومڕی ئه‌قلانه نییه. هه‌موو مشتومڕێكی ئه‌قلانه پێویستی به پێشه‌كی هه‌یه، كه به‌بێ ئه‌وه ناتوانرێت ده‌ست پێ بكات.
له بابه‌ته‌كانی ڕاستیدا، پێشه‌كییه‌كان له دركپێكردنه‌وه دێن، له بابه‌ته‌كانی به‌هادا له هه‌سته‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و پێشداوه‌رییه به‌ربڵاوه‌ی دژی ئه‌قڵانی بوون، له تێنه‌گه‌یشتن له‌وه‌وه دێت كه ئه‌قڵانی ته‌نیا پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه ده‌توانرێت بسه‌لمێنرێت، نه‌ك به‌وه‌ی كه به‌ڵگه‌كان ده‌بێت گریمانه‌ی بكه‌ن. مرۆڤ به‌هۆی ئامانجه بنه‌ڕه‌تیه‌كانیه‌وه نازانستی نییه، به‌ڵكو به‌هۆی هه‌ڵه‌كانیه‌وه له چۆنیه‌تیی به‌ده‌ستهێنانیاندا. هیتله‌ر نازانستی بوو، چونكه وێرانكردنی ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌بوو به‌ده‌ستی هێنا، به‌ڵام به‌شێك نه‌بوو له مه‌به‌سته‌كه‌ی. ئه‌قڵانی بوون یان زانستی بوون، ته‌نیا یه‌كێكه له فه‌زیله‌ته‌كان، هیچ مرۆڤێكی عاقڵ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ناكات كه كۆی فه‌زیله‌ته.
لێبورده‌یی وه‌ك ڕێسایه‌كی كرداری دوو سه‌رچاوه‌ی هه‌یه: له‌لایه‌ك تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه ڕه‌نگه هه‌ڵه بین، له‌لایه‌كی تره‌وه باوه‌ڕ به‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه لایه‌نگری ده‌كه‌ین گفتوگۆی ئازاد به‌هێزی ده‌كات. ئه‌م بۆچوونه‌ی دوایی ده‌بێت لای هه‌ر كه‌سێك هه‌بێت كه بۆچوونه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵانه دروست بوون. دۆگماتیسته‌كان، به پێچه‌وانه‌وه ده‌ترسن گفتوگۆی ئازاد پێشانی بدات كه باوه‌ڕه‌كانیان بێ بنه‌مان، بۆیه هه‌میشه لایه‌نگری سانسۆر ده‌كه‌ن. دنیای ڕۆژئاوا به زه‌حمه‌ت فێری لێبورده‌یی بووه، به‌شێكی به تێگه‌یشتن له سوودی زانست كه توندڕه‌وه‌كان هه‌وڵیان ده‌دا بیپلیشێننه‌وه. ئه‌زموون پێشانی داوه كه لێبورده‌یی و گفتوگۆی ئازاد، پێشكه‌وتنی فیكری، یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی، خۆشگوزه‌رانی و سه‌ركه‌وتن له جه‌نگدا به‌هێز ده‌كه‌ن.
هیچ هۆكارێك نابینم بۆ ئه‌وه‌ی گریمانه بكه‌م كه ئه‌مه له داهاتوودا كه‌متر ڕاست ده‌رده‌چێت، وه‌ك له‌وه‌ی تا ئێسته ڕاست بووه. توندڕه‌وییه‌كان دێن و ده‌ڕۆن و ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌می ئێمه، وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێشتر، به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كردارییه‌وه له‌ناو ده‌چن. لێبورده‌یی و ڕۆحییه‌تی زانستی له گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته‌كانی مرۆڤن، هیچ هۆكارێك نابینم بۆ ئه‌وه‌ی بیر بكه‌مه‌وه كه ئێمه له پرۆسه‌ی له ده‌ستدانیانداین، یان ئه‌وانه‌ی پێوه‌ی پێوه‌ستن، ببێته هۆی لاوازبوونیان له هه‌ر ململانێیه‌ك كه له داهاتوودا به‌رۆكمان بگرێت.
نووسینی: بێرتراند ڕه‌سڵ
و: ڕامیار مه‌حموود
ئه‌مه له ترانسكریپتی په‌خشی
بی بی سی بڵاو كراوه‌ته‌وه به ناوی "بۆچی توندڕه‌وی شكست ده‌هێنێت"، له ٢٣ی ئه‌یلوولی ١٩٤٨، دووباره چاپ كراوه‌ته‌وه به ناوی "گومانكاری و لێبورده‌یی" له ١٩٤٩
مۆ: به مانای دانیشتووانی مسوڵمان دێت له زمانی ئه‌وروپیدا، له سه‌ده‌كانی ناوه‌نجیدا كه مسوڵمانانی باكوری ئه‌فه‌ریقا و باشووری رۆژئاوای ئه‌فه‌ریقا ده‌گرێته‌وه.
پوختخوازه‌كانی ئینگلیز: ئه‌و گرووپه له پرۆتسانته‌كانی سه‌ده‌ی 16 تا 17ی ئینگلته‌را بوون كه ده‌یانویست كه‌نیسه له كاسۆلیك پاك بكه‌نه‌وه.