به‌رپرسێكی لیژنه‌ی پلان و بودجه‌ی په‌رله‌مانی ئێران ئاشكرای كرد، كورتهێنانی بودجه له ئێران گه‌یشتووه‌ته هه‌زار و 800 تریلیۆن تمه‌ن كه به نرخی ئێسته‌ی دۆلار له بازاڕی ئازاد، ده‌كاته 16 ملیار و 666 ملیۆن دۆلار، به نرخی فه‌رمیی دۆلار له ئێران ده‌كاته سه‌رووی 25 ملیار دۆلار.
هادی قه‌وامی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پلان و بودجه‌ی په‌رله‌مانی ئێران ئاماژه‌ی داوه، تا كۆتایی ئه‌مساڵ، پێشبینیی ئه‌و قه‌باره‌یه له كورتهێنانی بودجه كراوه، هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌شی بۆ نرخی نه‌وت گه‌ڕاندووه‌ته‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و نرخه‌ی له یاسای بودجه خه‌مڵاندنیان بۆی كردبوو، زۆر جیاوازه.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، پێشبینی كرابوو ئێران رۆژانه ملیۆنێك و 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به نرخی 61 دۆلار بفرۆشێت، به‌ڵام ئه‌مه رووی نه‌داوه و نه‌وته‌كه به 51 دۆلار فرۆشراوه.
ئێران سزای له‌سه‌ره و هه‌موو كه‌سێك ناوێرێت نه‌وته‌كه‌ی بكڕێت، بۆیه‌ش ئێران بۆ ئه‌وه‌ی كڕیار بدۆزێته‌وه، به نرخێكی زۆر كه‌متر له بازاڕه‌كانی دنیا دهیفرۆشێت و یه‌كێك له كڕیاره سه‌ره‌كییه‌كانیشی چینه.
هۆكارێكی تری كورتهێنانی بودجه له ئێران، به گوته‌ی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پلان و بودجه‌ی په‌رله‌مان، پڕۆژه‌ی ''موهلیدسازی''یه كه ته‌نانه‌ت 60% ی پڕۆژه‌كه‌ش به‌دی نه‌هاتووه.
''موهلیدسازی'' به واتای ئه‌وه دێت ئێران به فرۆشتنی به‌شێك له موڵكه گشتییه‌كانی ده‌وڵه‌ت به كه‌رتی تایبه‌ت، بتوانێت داهاته‌كانی زیاد بكات و پێشبینی كردبوو له چوارچێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا، ئه‌مساڵ 350 تریلیۆن ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام پێی نه‌كرا و ته‌نیا 40%ی ئه‌و داهاته‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌كرد به‌دی هێناوه.
به‌رپرسه‌كه‌ی په‌رله‌مان گوتوویه‌تی، باشترین رێكار بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت خۆی له كورتهێنانی بودجه رزگار بكات ئه‌وه‌یه، له بودجه‌دا چیتر پشت به نه‌وت نه‌به‌ستێت و بودجه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای داهاته‌كانی تری وڵات دابڕێژرێت. رێكارێكی تر كه ئه‌و ده‌ستنیشانی كردووه ئه‌وه‌یه، خه‌رجییه‌كان به داهاتی راسته‌قینه گرێ بدرێن، نه‌ك به‌و داهاتانه‌ی ده‌خه‌مڵێنرێن و هه‌رگیز به‌دی ناهێنرێن.
وه‌زیری ئابووریی ئێران له‌باره‌ی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو گوتوویه‌تی، حكوومه‌ت به‌دوای ئه‌وه‌یه كورتهێنانی بودجه به كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه ناپێویسته‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی داهات پڕ بكاته‌وه.
زۆربه‌ی حكوومه‌ته‌كانی ئێران له سیاسه‌تی دارایی و داڕشتنی بودجه‌ی ساڵانه‌یان، تووشی كورتهێنانی بودجه بوون و له ساڵانی رابردوودا به دوو رێگه توانیویانه به‌شێك له‌و كورتهێنانه پڕ بكه‌نه‌وه، یه‌كه‌میان هانابردن بۆ سندووقی په‌ره‌پێدانی نیشتمانی و دووه‌میش فرۆشتنی موڵك و سامانی ده‌وڵه‌ت بووه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه، هێشتا له ئێران به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته و له سه‌رووی هه‌مووان عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، باس له‌وه ده‌كات ده‌بێت ئامانجه‌كانیان به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن بۆ 8% بێ، به‌ڵام نه‌ك به‌دی نه‌هاتووه، به‌گوته‌ی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئێران، رێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی ئێران له‌مساڵدا بۆ سفر دابه‌زیوه.
سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو له نوێترین راپۆرتیدا له‌باره‌ی رێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی ئێران گوتوویه‌تی، رێژه‌ی داهاتی نه‌پاڵاوتووی ناوخۆیی ئێران، له‌مساڵدا بریتی ده‌بێت له 0.6% و ساڵی داهاتوو 1.1% ده‌بێت و تا پێنج ساڵی تر ئه‌وجا ده‌گاته 2%. پێنوێنێك كه گرنگترین پێنوێنه له ده‌رخستنی پێگه‌ی ئابووریی وڵاتان.
له ئێران كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه هێشتا نه‌وت سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی داهاته و دوای 100 ساڵ له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و وڵاته، هێشتا وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهات ماوه‌ته‌وه و ئێسته كه ئێران له ژێر گوشاری سزا نێودهوڵهتییهكاندایه، دۆخی ئابووریی وڵاتی هێنده‌ی تر شڵه‌ژاندووه.