كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند، بە هۆكاری هونەری و لۆجستی، ناتوانن وابكەن هاووڵاتییانی دەرەوە دەنگ بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی فەوتانی شەش ملیۆن دەنگ.
بەهۆی كەمتەرخەمیی حكوومەتی فیدراڵ و كۆمسیۆنەوە، زیاتر لە شەش ملیۆن هاونیشتمانیی عێراق لە دەرەوەی وڵات لە پرۆسەی دەنگدان بێبەش دەبن.
رەوەندی عێراقی و كوردستانی لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریكا، ئوسترالیا و عەرەبی و توركیا نیشتەجێن، سەرەڕای ئەوەی پێوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ ناوخۆی وڵات و پرۆسەی سیاسی هەیە، بەڵام ناتوانن بەشداریی دەنگدان بكەن و لە هەڵبژاردنی گشتی بێبەش دەبن.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، ئەو عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ژمارەیان زیاتر لە شەش ملیۆن كەسە، مافی بەشداریكردنی دەنگدانیان نییە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی ئامارەكانیش زۆرینەی رەوەندی عێراقی لە پێكهاتە و كەمینەكانە نەتەوەیی و ئاینییەكانن.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كەمینەكان و پێكهاتەكانی عێراق لە مەسیحی، سابیئە، ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر، رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە كۆمەڵگەی عێراقیدا، بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵاتەكە، بەڵام بەشێك نین لە پرۆسەی بەشداریی سیاسی.
بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، 29 ملیۆن عێراقی 18 ساڵیان تەواو كردووە و مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش 21 ملیۆن دەنگدەریان تۆماری بایۆمەترییان كردووە و كارتی دەنگدانی ئەلیكترۆنیان هەیە، بەوەش دەردەكەوێت شەش ملیۆن هاووڵاتیی دەرەوە كە نزیكەی سێ یەكی دەنگدەران پێكدەهێنن، بێبەشن لەو پرۆسە دیموكراسییە و لە بەشداریی سیاسی و بڕیاری سیاسی بێبەش كراون.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند، بە هۆكاری هونەری و لۆجستی ناتوانن دەنگدانی هاونیشتمانیانی دەرەوەی مسۆگەر بكەن، بەشێكی زۆریش كێشەكە داراییە كە حكوومەت ئامادە نەبووە و پارە بۆ ئەو پرۆسەیە لە دەرەوەی وڵات خەرج بكات.