دەقی گوتارەكە.. پشتیوانیی هاووڵاتییان وامان لێ دەكات سوور بین لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر

:: PM:03:39:05/11/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕۆی ژیان"ی لە شاری هەولێر دانا و رای گەیاند، گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەم شوێنە، لە كاتێكدا كە خۆی وەك ڕێڕەوێك بوو بۆ ڕێگرتن لە لافاو، بەڵام بەداخەوە دواتر بوو بە شوێنی كۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاك.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، ئەم سیاسەتەمان لە سەرانسەری هەموو كوردستاندا پێڕەو كردووە، كە جیاكاری لە نێوان شارەكاندا نەكرێت و لەناو شارەكانیشدا لە نێوان گەڕەكەكاندا نەكرێت.

دەقی گوتاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان: 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا، زۆر بەخێر بێن. ئەم كاتەتان باش.

خۆشحاڵ و بەختەوەرم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ دانانی بەردی بناغەی یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی شاری هەولێر، كە بە دڵنیاییەوە كاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر پێشكەوتن و گەشەكردنی زیاتری شاری هەولێر دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی گەشتیارییەوە.

گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەم شوێنە، لە كاتێكدا كە خۆی وەك ڕێڕەوێك بوو بۆ ڕێگرتن لە لافاو، بەڵام بەداخەوە دواتر بوو بە شوێنی كۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاك، كە لە ڕووی تەندروستیشەوە بووبووە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەكانە.

بۆیە بڕیارمان دا ئەم پڕۆژە گرنگە لەو ناوچەیەدا بكرێت كە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە هەموو بوارەكاندا لە ژیانی خەڵكی ئەم گەڕەكانە و شاری هەولێر بە گشتی دروست بكات، دەبێتە یەكێك لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاكێشەكانی هەولێر و كوردستان.

لە قۆناغی یەكەمدا، ئەم پڕۆژەیە پارك و سەوزایی و ئاوەڕۆی سندووقی و كەناڵێك بە ئاوی پاك و باران و لافاو لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەندان دوكان و كۆشك و شوێنی یاریی لێ دروست دەكرێت و دەبێتە ناوچەیەكی دڵڕفێنی گەشتیاری لە ناوجەرگەی شاری هەولێر، كە دەرفەتی زۆری كاریش بۆ گەنجەكانمان دروست دەكات.

ئێمە هەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە كە لە پەرەپێدانی شار و شارۆچكەكاندا هاوسەنگی هەبێت، تەنها بایەخ بە سەنتەری شارەكان یان چەند گەڕەك و ناوچەیەك بە تەنیا نەدرێت. كەواتە جیاوازیی گەڕەكەكان دەبێت كەم بكرێتەوە، بەڵكو پێویستە لە گەشەكردنی شارەكانماندا، بەپێی تایبەتمەندی بایەخ بە گشت ناوچەكان بدرێت و لە خزمەتگوزارییەكانی ژیان وەك یەك سوودمەند بن.

ئێمە ئەم سیاسەتەمان لە سەرانسەری هەموو كوردستاندا پێڕەو كردووە، كە جیاكاری لە نێوان شارەكاندا نەكرێت و لەناو شارەكانیشدا لە نێوان گەڕەكەكاندا نەكرێت.

هەولێر ئێستە یەكێكە لە شارە هەرە پێشكەوتووەكانی عێراق و ناوچەكە. بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەی "پشتێنەی سەوز" و "ڕێڕەوی ژیان"، قۆناغێكی تری گەشەسەندن و ئاوەدانی لە شاری هەولێر دەست پێ دەكات و دەبێتە یەكێك لە شارە گەشتیارییە هەرە گرنگەكانی دونیا، كە خاوەنی مێژوویەكی دێرین و پێشكەوتن و ئاوەدانییەكی بەرچاویشە.

ئەم شۆڕشی ئاوەدانییەی كە دەستمان پێ كردووە، هەموو پارێزگا و شار و ناوچەكانی كوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت، لە پێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێكی گشتگیر و هەمەلایەن كە ئامانجی سەرەكیی خزمەتكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە، لە ڕووی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی گشتی و دەستەبەركردنی هەلی كاری زیاتر و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە كەرتە جۆراوجۆرەكاندا.

پیرۆزبایی لە خەڵكی هەولێر، بەتایبەتی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەكەم كە دوای ماوەیەكی كەم، گۆڕانكاریی جۆری لە ژیانیاندا و بۆ باشتربوونی ژینگە و تەندروستییان دێتە ئاراوە.

ئەوەی زیاتر منی دڵخۆش كردووە و ڕاستی بێت، دروستبوونی ئەو متمانەیەیە كە ئێستە خەڵك بە حكوومەتەكەی هەیانە، ئەو پێوەندییە تەندروستەی لە نێوان حكوومەت و كەرتی تایبەتدا دروست بووە. ئەم هاوكاری و پشتیوانییەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان، وامان لێ دەكات ئێمە زیاتر پێداگر بین و سوور بین لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان.

سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەم كە بەڕاستی خۆیان زۆر ماندوو كردووە بە دروستكردنی ئەم پلانە بۆ دروستكردنی ئەم پڕۆژەیە. دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم لە كەرتی تایبەت كە هاوپشت و پشتیوانمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین ئەم پڕۆژەیە وەك خۆی جێبەجێ بكەین.

لە كۆتاییدا دەمەوێت جارێكی تریش داوایەكی برایانە لە هەموو هاووڵاتییانی كوردستان بكەم، تكایە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ژینگەكەمان بپارێزین. حكوومەت تەنیا دەتوانێت بەشێك لە ئەركەكە لە ئەستۆی خۆی بگرێت. ئێمە دەتوانین پڕۆژە دروست بكەین، بەڵام كولتووری ژینگەپارێزی ئەركی هەموومانە. پاراستنی ژینگە ئەركی هەموومانە. تكاتان لێ دەكەم یارمەتیمان بدەن با بەیەكەوە وڵاتەكەمان خۆشتر و جوانتر بكەین.

ئێوە هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس



وشە - سه‌رخێڵ هاشم