حزبوڵای لبنان له به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای ره‌خنه‌گرتنی توند له هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی لبنان و ده‌ربڕینی دژایه‌تییان بۆ هه‌ر جۆره دانوستانێك كه له راستای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل‌دا بێت، رای گه‌یاند كه به‌رگری به مافی خۆیان ده‌زانن و هه‌رگیز به‌م جۆره دانوستانانه چه‌ك دانانێن.
حزبوڵای لبنان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له نامه‌یه‌كی سه‌رئاوه‌ڵادا كه ئاراسته‌ی جۆزێف عۆن سه‌رۆك كۆماری لبنان، نه‌بی به‌ری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و نه‌واف سه‌لام سه‌رۆك وه‌زیرانی لبنان كراوه، پێداگریی له سه‌روه‌ریی نیشتمانیی لبنان كردووه و رای گه‌یاندووه، دژی هه‌ر جۆره هه‌وڵێكه كه وا بكات لبنان بخاته ناو دانوستانێكی نوێ كه له ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دوژمن و ئیسرائیل‌دا بێت.
له به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له 27ی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو كه دوای ده‌ستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لبنان رووی دا، به‌شێكه له جێبه‌جێكردنی بڕیارنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی 1701 كه دوژمن ناچار ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه ئه‌وبه‌ری هێڵی شین، به‌ڵام ئیسرائیل نه‌كشاوه‌ته‌وه و له ده‌ستدرێژییه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی لبنان به‌رده‌وامه.
هاوكات باس له‌وه كراوه كه حكوومه‌تی لبنان به بڕیاری به‌په‌له‌ی ''گێڕانه‌وه‌ی چه‌ك بۆ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت''، ده‌رفه‌تی به دوژمن دا تا جارێكی تر باسی چه‌ككردنی به‌ره‌ی مقاوه‌مه بهێنێته‌وه گۆڕێ، هه‌نگاوێك كه حزبوڵا به هه‌ڵه‌ی نیشتمانی ده‌زانێت.
حزبوڵا پێداگریی كردووه ئه‌و چه‌كه‌ی بۆ به‌رگریكردن له لبنان به‌كار هێنراوه، هه‌رگیز نابێته کەرستەی دانوستان و سازان، ته‌نیا له چوارچێوه‌ی نیشتمانی و ستراتیجیی به‌رگریدا دەکرێ تاوتوێ بكرێت.
به گوته‌ی حزبوڵا، ئیسرائیلی دوژمن ته‌نیا به‌ره‌ی مقاوه‌مه ناكاته ئامانج، به‌ڵكو تێده‌كۆشێت لبنان له سه‌رجه‌م ره‌هه‌نده‌كانی لاواز بكات و به سه‌پاندنی فشاری سیاسی و ته‌ناهی به‌چۆكیدا بێنێت.
له به‌یاننامه‌كه‌دا داوای به‌رگرییه‌كی یه‌كگرتووی نیشتمانی كراوه به‌رانبه‌ر زێده‌خوازییه‌كانی ئیسرائیل و هۆشداریشی داوه، دانوستان له‌گه‌ڵ دوژمنێكی په‌یمانشكێن كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێت، جگه له پێدانی ئیمتیاز هیچی تر نییه.
له كۆتاییدا نووسیویه‌تی، ''به‌رگریكردن له لبنان بڕیارێك نییه تایبه‌ت به جه‌نگ یان ئاشتی، به‌ڵكو مافێكی شه‌رعی و ئه‌ركێكی نیشتمانییه به‌رانبه‌ر دو‌ژمنێك كه جه‌نگی سه‌پاندووه و درێژه‌ی به ده‌ستدرێژییه‌كانی داوه.'' هاوكات پێداگریی كردووه كه له پاڵ سوپا و گه‌لی لبناندا ده‌مێنێته‌وه و به‌رگری له خاك و سه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی نیشتمانی ده‌كات.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حزبوڵا له كاتێكدایه دوێنێ چوارشه‌م پێنجی تشرینی دووه‌م، تۆم باراك نێرده‌ی تایبه‌تیی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا و لبنان، دوایین ده‌رفه‌تی به سوپای لبنان و حزبوڵا دا، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی چه‌كی حزبوڵا چاره‌سه‌ر بكه‌ن و گوتی، تا كۆتایی ئه‌م مانگه ده‌رفه‌ت له به‌رده‌میاندا ماوه.
باراك گوتبووی، ئه‌گه‌ر هیچ گۆڕانكارییه‌ك رووی نه‌دا، ئه‌وا ئه‌و كاته ئیسرائیل ده‌توانێ هێرش بكاته سه‌ر و ئه‌مه‌ریكایش تێگه‌یشتنی بۆ ئه‌مه ده‌بێت.
هه‌ر دوێنێ میدیاكانی ئیسرائیل ئه‌وه‌یان ئاشكرا كرد كه به پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كان، حزبوڵا خه‌ریكی رێكخستنه‌وه و به‌هێزكردنی خۆیه‌تی و چه‌كێكی زۆری له ئێرانه‌وه به رێگه‌ی عێراق و سووریاوه بۆ گواستراوه‌ته‌وه.
پێشبینی ئه‌وه له ئارادایه له دوای ئه‌و كاته‌ی تۆم باراك ده‌ستنیشانی كردووه ئه‌گه‌ر حزبوڵا چه‌ك نه‌كرێت، جه‌نگ هه‌ڵگیرسێته‌وه.