پڕۆژەكانی مەسروور بارزانی عەلی باپیر نائومێد دەكات و تاكە كورسییەكەشی لە دەست دەدات

:: PM:01:25:06/11/2025 ‌
بەپێی ئامارەكان و هەڵسەنگاندنی چاودێرانی هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، كۆمەڵی دادگەری ئەو كورسییەی هەیبوو لەم هەڵبژاردنەدا ئەویش  لە دەست دەدات.

ماوەیەكە كەسی یەكەم و بەرپرسانی تری كۆمەڵی دادگەری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، پەنجە رادەوەشێنن و هاوار دەكەن و تۆمەت و قسەی لابەلا بەرانبەر پارتی دەكەن، پێیان سەیرە پارتی باسی پڕۆژەكانی لە كابینەی نۆ دەكات.

كۆمەڵی دادگەری كە درێژكراوەی گرووپێكی ئیسلامی جیهادییە و لە سەرەتادا باوەڕیان بە هەڵبژاردن نەبوو و پێیان وابوو حەرامە، بەڵام لەم ساڵانەدا ئەو بۆچوونەیان وەلا ناوە و بەشداریی هەڵبژاردنەكان و تەنانەت لە كابینەكانی پێشووی حكوومەتی هەرێمیش وەزیریان هەبوو.

بەپێی ئاماری تۆڕی شەمس كە چاودێری هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان دەكەن، ئەو هێزە كە ئێستە یەك كورسی هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا ئەویش لە دەست دەدات.

عەلی باپیر كەسی یەكەمی كۆمەڵی دادگەری لەبارەی پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمەوە رای گەیاندبوو، ئەو پڕۆژانە هی حكوومەتن و ئەركی حكوومەتە جێبەجێیان بكات، خۆ بەپارەی باپیرتان دروستی ناكەن.

لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس كارزان گلی لە گوتارێكیدا بەناوی  "بە پارەی باپیرم پڕۆژە ناكەم پارەی میلەتە"، ئەم بەسەرهاتە بۆ عەلی باپیر دەگێڕێتەوە تا تێبگات.

كارزان گلی دەڵێت: سلێمان دەمیراڵ سەرۆك وەزیرانی پێشتری توركیا، قسەی بۆ گەل دەكرد و لە كاتی قسەكردندا دەیگوت، ئێمە بەنداومان دروست كرد، ئێمە پردمان دروست كرد، ئێمە رێگەمان دروست كرد و كارگەی گەورەمان دروست كرد، كەسێك لەناو ئاپۆرای جەماوەردا، بەدەنگی بەرز هاواری كرد، "ئەم پڕۆژانەت بە پارەی باپیرت كردووە؟"

ئەو رۆژنامەنووسە لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت: پۆلیس و پاسەوانەكانی دیمیراڵ، ئەو كەسەیان گرت و ویستیان دووری بخەنەوە، بەڵام دەمیڕاڵ گوتی، راوەستن و لێی گەڕێن، ئەو پیاوە قسەیەكی راستی كرد و با وەڵامی بدەمەوە. 

"دەمیراڵ گوتی، كوڕم، بەپارەی باپیری تۆ و بەپارەی باپیری من و بەپارەی باپیری هەموو ئەوانەی لێرەن و پارەكان بهێنن و بیخەنە قاسەی دەوڵەتەوە، ئەو پڕۆژانە دروست ناكرێن، ئەو پڕۆژانە بەپارەی میلەت كراون، بەو پارەیە كراوە كە ئێوە باجتان داوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بۆ ئەوانەی پێشتر نەیانكرد؟ بۆ ئەوان پارەی میلەتیان لە میلەت خەرج نەكرد؟ من ئەمەم كرد".

گلی ئەوەشی گوتووە، لە سۆیال میدیا خوێندمەوە، بەڕێز عەلی باپیر لەبارەی ئەو پڕۆژانەی سەرۆكی حكوومەت ئەنجامی داوە، كە پڕۆژەی گەورە و ستراتیجین گوتوویەتی، خۆ بە پارەی باپیری نەكراوە و میراتی ئەوان نییە پڕۆژەی پێ كردبێت.

"سەرۆكی حكوومەت بەپارەی باپیری پڕۆژە ناكات، پارەی میلەتە و لە میلەتی خەرج دەكاتەوە، پارەكە نادزێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆی و پارتەكەی بەكاری ناهێنێت، دەیداتەوە بە میلەت، بەڵام بە پڕۆژەی ستراتیجی، ئەوەیە جیاوازییەكەی مەسروور لەگەڵ ئێوە."

كارزان ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەبێت ئەوە باش بزانیت، لە دنیادا هەموو ئەو وڵاتانەی هەژارن و خەڵكەكانیان برسین، وڵاتەكە لە ڕووی داهاتەوە هەژار نییە، بەڵكو ئەوەی وڵات بەڕێوە دەبات گەندەڵە و پارەی میلەت دەدزێت و پڕۆژەی پێ دروست ناكات، پارەی میلەت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار دەهێنێت. هەر بۆ زانیاریت، زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەكانن، خاكەكەیان دەوڵەمەندە و خەڵكەكەش هەژار، چونكە سەرۆكەكەیان دز و گەندەڵە.

لە كۆتایشدا دەڵێت: كاك مەسروور پارەی میلەت لە میلەت خەرج دەكات، توخوا لێی گەڕێن با بەرنامەكەی بۆ ئەم میلەتە جێبەجێ بكات، لێی گەڕێن تەنیا ئەوە دەیەوێت بمانگەیەنێتە خۆشی و وامان لێ دەكات لە داهاتوویەكی نزیكدا، شانازی بكەین بڵێین خەڵكی هەرێمی كوردستانین.




وشە - سۆران عەزیز