تەنیا چەند رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوە و شارەزایان پێیان وایە ئەو هەڵبژاردنە جیاوازە، پەیمانگەی "نیولاینز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێك باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سیناریۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەو وڵاتە دەكات، لە سایەی كاریگەریی هێزەكانی ناوچەكە و دنیا لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق.
راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە لە رابردوو ئەمەریكا و ئێران رۆڵی گەورەیان لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق هەبووە، ئێستەش لاوازبوونی ئێران رێگە بە ئەمەریكا دەدات هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر گۆڕەپانی عێراق بدات، بەتایبەتی لە سایەی گوشارەكانی دوایی لەبارەی یاسای حەشدی شەعبی و داماڵینی چەكی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، بۆیە ئەگەر ئێران و ئەمەریكا بگەن بە لێكگەیشتن، پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاسان دەكات و ئەگەر ئاڵۆزییەكانیشیان بەردەوام بێت، عێراق دووچاری پەككەوتنی درێژخایەنی سیاسی دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بابەتە تێكەڵی پەرەسەندی ململانێكانی ئێران و ئیسرائیل ببێت.
راپۆرتەكە باسی سێ سیناریۆ بۆ پێكهاتنی حكوومەتی نوێی عێراق دەكات، یەكەم/ پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفرەوانی تایفە و پێكهاتەبڕ كە هەموو هێزە شیعەكان و میلیشیاكان و هێزە كوردی و سوننەكان لەخۆ بگرێت، كە ئەوەیان ئەگەری زیاتری هەیە، لە حاڵەتی ئەمەریكا و ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمی بگەن.
دووەم سیناریۆ/ پێكهێنانی حكوومەتێكی نزیك لە رۆژئاوا بە سەركردایەتییەكی شیعەی براگماتی كە فراكسیۆنەكەی سوودانی و رەوتی حیكمە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كورد و سوننە لەخۆ بگرێت، بە دوورخستنەوەی میلیشیاكانی ئێران بە گوشاری ئەمەریكا، لەوانە عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی حزبوڵا و رێكخراوی بەدر، رەنگە ئەو حكوومەتە لە لایەن میلیشیاكان تووشی كێشە ببێت و بە هاوشێوەی حكوومەتی مستەفا كازمی هەڕەشەی بكەوێتە سەر، ئەگەریش هەیە لە ترسی كردنەئامانجیان خۆیان بگونجێنن.
سێیەم سیناریۆ بریتییە لە پەككەوتنێكی درێژخایەن و پێكهاتنی حكوومەتێكی كاربەڕێكەر بە سەركردایەتیی سوودانی كە بۆ دوای ساڵی 2026 بەردەوام بێت، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانی ناوخۆیی شیعە و دوودڵیی سوننە و كورد لە پاڵپشتیكردنی حكوومەتێك كە بەرژەوەندیی ئەوان رەچاو ناكات، ئەو سیناریۆیەش رەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی دۆخەكە و ناسەقامگیریی ناوخۆیی و لاوازبوونی پێگەی عێراق لە ناوچەكە و دنیا.
سەبارەت بەو كەسانەی ئەگەر هەیە رۆڵیان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هەبێت، لەوانە محەمەد شیاع سوودانی و قاسم ئەعرەجی و ئەسعەد عیدانی و عەدنان زورفی، لە كۆتایی راپۆرتەكە ئاماژەی كرد، پێكهاتنی حكوومەتی داهاتوو راستەوخۆ بەندە بە هاوسەنگیی ناوخۆیی لە نێوان میلیشیاكان و هێزە سیاسییەكان و كاریگەریی هێزەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمەریكا و ئێران و توركیا و وڵاتانی كەنداو، لە حاڵەتی لاوازبوونی زیاتری ئێران یان گەیشتن لەگەڵ ئەمەریكا بە لێكگەیشتنی ئەتۆمی، ئەوانە ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە چەند مانگی داهاتوو دیار دەكەن.
بۆ هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق كێبەركێیەكی توند لە نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان هەیە، هاوكات كێبەركێیەكی ژێر بەژێری لە نێوان ئەمەریكا و ئێرانیش هەیە، هەریەكەیان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق گوشار دەكات، شارەزایان ئاماژە بۆ گۆڕانكاری بە ئاراستەی زیادبوونی هەژموونی ئەمەریكا لەسەر حسێبی ئێران دەكەن.
زافر عانی پەرلەمانتاری پێشووی سوننە پێی وایە لە رووی كاریگەریی دەرەكییەوە پێكهاتنی حكوومەتی داهاتووی عێراق جیاواز دەبێت و دەڵێت، ئیسماعیل قائانی قاسم سلێمانی نییە و سلێمانییەكی تر لە عێراق دروست نابێت، حكوومەتەكانی پێشووی عێراق لەژێر كاریگەرییەكی گەورەی ئێران و رۆڵێكی كەمتری ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی دروست بوون، لەگەڵ ئامادەبوونی نەجەف، واتە مەرجەعیەتی عەلی سیستانی لە ساتە هەستیارەكاندا.
روونی كردەوە، بەڵام ئەوجارە ئەمەریكا رۆڵێكی گەورەتر و رۆڵێكی دیاری نەجەف لە پێكهێنانی حكوومەتەكە دەبێت، بەرانبەر بە رۆڵێكی لاوازی ئێران، چونكە ئێرانی ئەمڕۆ وەك ئەوەی بەر لە شەڕی غەزە نییە، ئێستە لە دوای شەڕی 13ی حوزەیران خۆی وەك ئاشتیخواز پێشان دەدات، بۆیە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ نابێت، ئەوەش كارێكی باشە بۆ شیعە و سوننە و كوردیش.
عانی دووپاتی كردەوە، هاوكات رۆڵی عەرەبی و توركی هی ئەوانیش زۆر كەم دەبێت، ئەمەریكا رێگەی هاندان بۆ نەهێشتنی میلیشیاكان دەگرێتە بەر، پێشم وایە زۆرێك لە عاقڵەكان وەڵامیان بۆ ئەو رێگەیە دەبێت، هاوكات هیوام وایە بە رێگەی دووەم نەگەین كە لەسەر پێداگری بنیات نراوە، واتە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریكا، قسەكەشم بۆ تەواوی هێزە سیاسییەكانە.