چوونی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمەریكا و كردنەوەی بنكەی سەربازیی ئەمەریكی لە سووریا و دەرهێنانی لەناو لیستی تیرۆر، ئەو دەنگۆیانەی هێناوەتە ئارا كە ئەمەریكا لەبری هەسەدە، لەمەودوا كار لەگەڵ هەشەتە دەكات. سەرۆكی دامەزراوەی 'الشرق' لە واشنتن بەبەڵگەوە ئاشكرای كرد كە هەرگیز ئەمەریكا بۆ حكوومەتی "شەرع" دەستبەرداری هەسەدە نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رۆژی هەینی بە فەرمی رای گەیاند، ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریای لە لیستی تیرۆری تایبەتی خۆی سڕیوەتەوە. ئەم هەنگاوە چەند رۆژێك پێش سەردانەكەی شەرع بۆ واشنتن دێت، كە ئاماژەیە بۆ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمەریكا بەرانبەر سووریا.
ئەحمەد شەرع كە پێشتر پێوەندیی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەدا هەبوو، لەلایەن ئەمەریكاوە وەك "تیرۆریستی دیاریكراوی جیهانی" پۆلێن كرابوو و پێشتریش خەڵاتێكی گەورە بۆ گرتنی راگەیاندبوو.
بڕیارە شەرع رۆژی دووشەمی داهاتوو لە كۆشكی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆ ببێتەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل كە هاوپەیمانێكی ستراتیجیی ئەمەریكایە، سەرەتا بە توندی دژی ئەم نزیكبوونەوەیە بوو و لە دوای كەوتنی ئەسەدەوە، بە چڕی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر چەندان پێگەی سەربازی لە سووریا كرد.
ماڵپەڕی نیوزویك لە زاری بەرپرسێكی ئەمەریكاوە بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا بنكەی سەربازی لە نزیك دیمەشق دەكاتەوە بۆ چاودێریكردنی رێككەوتنی نێوان سووریا و ئیسرائیل.
رۆیتەرزیش دوێنێ بڵاوی كردەوە كە سێ بنكەی سەربازیی ئەمەریكی لە سووریا لە دەرەوەی بارۆس دەكرێتەوە. دواتر وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی هەتەشە رەتی كردەوە كە شتی وا بوونی هەبێت.
ئەمەریكا دەیەوێت بە راستەوخۆ بەهاوئاهەنگی هەسەدە و سوپای ئازادی سووریا "تەنەف" كۆنترۆڵی ئیدارەی هەتەشە بكات، بۆ جەنگ دژی داعش و گرووپە تیرۆریستەكانی تر. ئەمە قسەی سەمیع حامیدە كە چاودێرێكی سیاسی و سەربازیی دۆخی سووریایە.
بەبڕوای سەمیع ئەمەریكا بەو هەنگاوەی دەیەوێت رێگە لە توركیا بگرێت، هیچ بنكەیەكی سەربازی لە قووڵایی سووریا بكاتەوە.
توركیا گەرەكیەتی بنكەی سەربازیی ستراتیجی لە سووریا بەتایبەت ناوچەی دێرەزوور بكاتەوە، میدیاكانی سەربە ئاكەپە بڵاویان كردەوە، گوایە ئەمەریكا رێگەی بەڵام بەهۆی فشاری ئیسرائیلەوە، هەوڵەكە شكستی هێنا و تەنیا وەك خواستێكی توركیا ماوەتەوە.
ئیسرائیل پێی وایە ئەم هەوڵەی توركیا دەبێتە خزمەتكردنی گرووپە تیرۆریستەكانی ناو سووریا و رێگە خۆشكردن بۆ گواستنەوەی چەك بۆ حزبوڵا لەلایەن ئێرانەوە. بۆیە ئیسرائیل دواتریش ئەمەریكا رێگە نادەن توركیا ئەو پیلانە جێبەجێ بكات.
بەپێی توێژینەوە و رای شارەزایان، دامەزراندنی ئەو سێ بنكەیەی ئەمەریكا لە سووریا، بۆ ئەوەیە تەناهیی ئیسرائیل بپارێزێت.
چاودێری سیاسی و سەرۆكی دامەزراوەی 'الشرق' لە واشنتن، سەمیر ئەلتەقی دەڵێت: ئەمەریكا دەیەوێت هەسەدە رووبەڕی جیۆگرافیا و جووڵەكانی بۆ تەواوی سووریا فراوان بكات، چونكە ئەمەریكا و ئیسرائیل هەردوولا رێكن لەسەر ئەوەی هەسەدە جێگەی متمانەیە، لە بەرانبەردا ئەستەمە چەكدارە هەتەشە و گرووپەكانی تر متمانەیان پێ بكرێت.
بە بڕوای سەمیع ئەلتەقی، ئەمە وایكردووە ئەستەمە ئەمەریكا دەستبەرداری هەسەدە ببێت، رۆژانەش دەبینین هەسەدە هێزی نوێ پێشان دەدات و راهێنان بە نەوەیەكی تری سەرباز دەكات و ئامادەكاریی گەورە دەكات، ئەو جووڵانە هیچ لەوە ناچن ئەو هێزە كۆتایی پێ بێت.
خاڵێكی تر كە وادەكات ئەمەریكا بایەخ بە ئێستەی شەرع و حكوومەتەكەی بدات، دەیەوێ بەفەرمی بوونی لە سووریا لە رێگەی حكوومەتی جۆلانی رەوایەتی وەربگرێت، بەمەش رێگە دەگرێت لە رووسیا، توركیا و ئێران، ناهێڵێت دەستوەردان بكەن.
خاڵێكی تر كە چاودێران ئێستە ئاماژەی بەردەوامی پێ دەدەن، ئەوەیە كە ئەمەریكا لەسەر خواستی ئیسرائیل، بۆ گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێڕەوی 'داود' لە رووی تەناهییەوە دابین بكات، ئەو ڕێرەوە ناوچەی درووز و ئیسرائیل بە بارۆس كە ئێستە ئەمەیكا دەیەوێت بیكاتە بنكەی سەربازی دەبەستێتەوە. ئەمەش قووڵایی ئیسرائیل زێدە دەكات و دێتە سەر سنووری عێراق.
ئەم هەنگاوانەی ئەمەریكا بەتەواوی توركیا نیگەران و نائومێد كردووە، بەڵام توانای وەستانی نییە و ئیسرائیل پڕۆژەكەی بەتەواوی و بەپاڵپشتی ئەمەریكا دەست پێ كردووە و بەزوویی دەچێتە پێش، كوردیش لەم پڕۆژەیە سوودمەندی پلەیەك دەبێت.