دەیلی ئێکسپرێس: توندوتیژییەکانی لالەزار هۆکاری زیادبوونی 100%ی کۆچبەرانی کوردە بەرەو بەریتانیا

:: PM:10:07:10/11/2025 ‌
دوای سێ مانگ لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ٢٢ی ئاب و بۆردمانی ڕاستەوخۆی گەڕەکی سەرچنار لە شاری سلێمانی، بە دیاریکراوی چیرۆکی لالەزار، سنوورەکانی کوردستانی بڕی. لە کاتێکدا خەڵک لێرە هێشتا هەست بە ئازاری ئەو ڕۆژە دەکەن، ڕۆژنامەکانی بەریتانیا پرسیارێکی جیاواز دەخەنە ڕوو بەوەی: کاتێک یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیایە، مانای چییە؟

لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییەی دەیلی ئێکسپرێس /ڕۆژنامەیەکی گەورەی بەریتانیا/ پێکدادانی لالەزار بە بەرزبوونەوەی کۆچی کورد بۆ ئەوروپا و پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی نێو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ئازادییە سیاسییەکانی ناوچەکەمان دەبەستێتەوە.

ئەوەی ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس بڵاویکردەوە، دیمانەیە لەگەڵ پەناخوازێکی کورد  کە دوای توندوتیژییەکانی مانگی ئاب لە سلێمانی هەڵاتووە. ئەو بە ڕۆژنامەکەی وتووە کە ژیان بووەتە شتێکی بەرگەنەگیراو:

"تەنیا بەهۆی باسکردنی ناوی ڕکابەرێکی سیاسی، دەکرێ بخرێیتە زیندانەوە”
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە پێکدادانەکاندا هێزەکانی کۆماندۆی سەر بە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و گرووپی دژەتیرۆری سلێمانی و چەند گرووپێکی چەکداری تر بەشدار بوون. ڕۆژنامەکە لە زاری شایەتحاڵان و کەسوکاری گیراوەکانەوە ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە 30 کەس کوژراون و سەتانی تریش گیراون، کە ئەم ژمارەیە زۆر لەوە زیاترە کە بە فەرمی ڕاگەیەنرابوو.

پێوەندییە بەریتانییەکە
ئەوەی سەرنجی خوێنەرانی ڕۆژنامەکەی ڕاکێشاوە، تیشکخستنە سەر ئەوەیە کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، هاووڵاتییەکی بەریتانی-کوردە. هەروەها ئامۆزاکانی لاهوور و پۆڵاد تاڵەبانی، کە لەو ڕووداوەدا دەستبەسەر کران، ئەوانیش هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانین.

"دەیلی ئێکسپرێس" بە ڕوونی پرسیاری ئەوەی کردووە کە بۆچی حكوومەتی بەریتانیا لە ئاست ئەم ڕووداوانەدا بێدەنگە. ئەو پەنابەرە بە ڕۆژنامەکەی گوتووە، بافڵ هاووڵاتییەکی بەریتانییە، چۆن دەکرێت ئەم شتانە ڕوو بدەن و حكوومەتی بەریتانیا هیچ نەڵێت؟. ئەمە پرسیارێکی ناوخۆیی کوردی کردووەتە بابەتی بەرپرسیارێتیی بەریتانیا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.

کۆچ و کاردانەوەکانی
"دەیلی ئێکسپرێس" ڕووداوەکانی سلێمانی بە زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانی کوردەوە دەبەستێتەوە کە هەوڵی پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز دەدەن. ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بە داتای فەرمی بڵاوی کردووەتەوە، دوای ڕووداوی لالەزار، ژمارەی کۆچبەران لە عێراقەوە زیاتر لە 100% زیادی کردووە. کەسوکاری گیراوەکانیش بە ڕۆژنامەکەیان گوتووە، "کوشتن و ئەشکەنجەدانی لایەنگرانی لایەنی بەرانبەر، بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران بەرەو بەریتانیا."

دەنگە نێودەوڵەتییەکان
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق "یونامی" نیگەرانیی خۆی لە "گیانلەدەستدان و برینداربوون لە پێکدادانەکاندا" دەربڕیوە و داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن. هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا (FCDO) دووپاتی کردووەتەوە کە لەندەن پشتگیری لە دوو هاووڵاتی بەریتانی (مەبەست لێی لاهوور شێخ جەنگیی و پۆڵادی برایەتی) دەکات کە لە هەرێمی کوردستان گیراوە و لە پێوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان.

وێنەی سلێمانی لە میدیای جیهانیدا

ڕاپۆرتەکە ئەوە دەردەخات کە جیهان چۆن سەیری ئەم ڕووداوە دەکات. لە ڕوانگەی میدیای بەریتانییەوە، ڕووداوی لالەزار تەنیا پێکدادانێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو وەک قەیرانێکی حوكمڕانی و لەدەستدانی متمانە لە هەرێمێکدا وێنا دەکرێت کە پێشتر بە سەقامگیرییەکەی ناسرابوو.

ڕاپۆرتەکەی "دەیلی ئێکسپرێس" ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هەر ڕووداوێک لێرە ڕوو دەدات، دەنگدانەوەی لە دەرەوەی سنوورەکان دەبێت و چیتر چیرۆکەکە تەنیا هی خۆمان نییە.


وشە - پۆڵا مەحموود