ئەگەرچی زۆرترین كورسی هێناوە..ئەستەمە جارێكیتر سوودانی ببێتەوە سەرۆك وەزیران

:: PM:12:22:13/11/2025 ‌
دوای سەركەوتنی هاوپەیمانێتییەكەی سوودانی، كێبەركێی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دەست پێ دەكات. راگەیاندنی ئەمەریكیش ئاماژە بەوە دەكەن، هێزەكانی تر رێگریی لێ دەكەن جارێكی تر ببێتەوە سەرۆك وەزیران.

ئەگەرچی وا دەردەكەوێت ئەمەریكا پشتگیریی سوودانی بكات، خۆیشی لە گۆڕەپانەكە بووەتە هێزی یەكەمی عێراق و زۆرترین كورسیی مسۆگەر كردووە، بەڵام پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و بوونەوە بە سەرۆك وەزیران بۆ سوودانی، ئەستەم دەبێت.

سوودانی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان باسی لەوە كرد، دەرگای هاوپەیمانیی ئەوان بۆ هێزەكانی تر كراوە دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی 170 كورسی بۆ بوونەوە بەسەرۆك وەزیران پێویستە، رێگەكەی ئاسان نابێت.

وەك لە راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمزدا هاتووە، سوودانی ئەوەی بۆ ئەمەریكییەكان یەكلا كردووە، ئەو سەرۆك وەزیرانەیە دەتوانێت رێگریی بكات لە هەژموونی ئێران لە عێراق، بەڵام سەرۆك وەزیران رووبەڕووی ژمارەیەك ركابەری دەبێتەوە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن، ناهێڵن بۆ دووەم خول سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراق بكات. بەر لە هەموویان مالیكی دەتوانێت هاوپەیمانی پێكبهێنێت و سەنگی كورسییەكانی سوودانی دابڕمێنێت.

وەك رۆژنامەی شەرق ئەوسەت باسی كردووە، چاوەڕوان دەكرێت دوو بەرە مالیكی و  و سوودانی بێنە ئارا و كێبەركێی بەدەستهێنانی هاوپەیمانی و كورسی لە دەوری خۆیان بكەن.

سوودانی تا ئێستە 50 كورسیی هەیە و لایەنەكانی تریش نزیك لەو ژمارەیەیان هەیە، بۆیە ئاسان نابێت سوودانی بتوانێت وەك هێزی یەكەم حكوومەت پێكبهێنێت. چونكە 170 كورسیی بۆ پێكهێنانی حكوومەت و بوون بەسەرۆك وەزیران پێویستە.

چاودێران پێیان وایە مالیكی سەركەوتوو دەبێت لەگەڵ بەدر و سادیقوون و ئەوانیتر هاوپەیمانی پێك بهێنێت، بۆ ئەمەش كورد بەتایبەت پارتی بەمەرج بەشدارییان لەگەڵ بكات، بۆیە خەونی سوودانی كۆتایی پێ دەهێنن.

چاودێرانی عێراقی پێیان وایە سوودانی بەهۆی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە، توانی بەپارە و دەسەڵاتی حكوومەت ئەو ژمارە زۆرە كورسییە بهێنێت، مالیكی و ئەوانیتر رێگە نادەن جارێكی تر ئەو هەڵەیە دووبارە بێتەوە و نەیاری گەورە بۆ خۆیان دروست ناكەنەوە.



وشە - سۆران عەزیز