زیره‌كیی ده‌ستكرد وا له ئامێره‌كان ده‌كات داھێنهرتربن، به‌ڵام ئامێره‌كان هونه‌ر به‌رهه‌م ناهێنن. زۆر له هونه‌رمه‌ندان له زیره‌كیی ده‌ستكرد بێزارن. ڕه‌نگه به‌هۆی ئه‌و ترسانه‌وه بێت كه زیره‌كیی ده‌ستكرد، به كارامهییهكهیهوه كار و پیشه‌ی خه‌ڵك داگیر بكات. له‌وانه‌یه گومان له توانای ئامێره‌كان بكه‌ن بۆ داھێنان. یان ڕه‌نگه ئاره‌زووی ئه‌وه‌یان هه‌بێت زیره‌كیی ده‌ستكرد به‌كار بێنن، به‌ڵام توانای شیكردنه‌وه تێگه‌یشتنی زاراوه‌كانیان نه‌بێت.
ئه‌مه هه‌مووی ئه‌وه‌م بیر ده‌خاته‌وه كاتێك خه‌ڵك به هه‌مانشێوه گومانیان له ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی تر هه‌بوو، ئه‌ویش كامێرایه له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا. له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی فۆتۆگرافیی مۆدێرن، كامێرا‌كان هه‌م ئاسته‌نگ و هه‌م سوودیان هێنایه ئاراوه. له كاتێكدا هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان تهكنهلۆجیاكهیان له باوه‌ش گرت، هه‌ندێكی تر كامێراكانیان وه‌ك ئامێری نامۆ ده‌بینی كه پێویستی به شاره‌زایی هه‌بوو بۆ كارپێكردنیان. هه‌ندێك هه‌ستیان ده‌كرد ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر كاره‌كانیان.
به‌ڵام بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه ئاماده بوون كامێرا وه‌ك ئامرازێك له كاره‌كانیاندا به‌كار بێنن، توانسته جوانیناسهكانی فۆتۆگرافیا سه‌لماندیان كه مایه‌ی ئیلهامن. به دڵنیاییه‌وه كامێرا‌كان كه به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاوه بۆ به‌كارهێنه‌ری ئاسایی به‌رده‌ستتر بوون، ته‌كنیك و فۆرمێكی تریان بۆ هه‌وڵه هونه‌رییه‌كانی وه‌ك پۆرترێتكردن پێشكه‌ش كرد.
هونه‌ر گرنگه، چونكه وه‌ك مرۆڤ هه‌موومان توانای داھێنانمان هه‌یه. له‌گه‌ڵ كاتدا ئه‌و هونه‌ره‌ی دروستی ده‌كه‌ین په‌ره ده‌سێنێت و ته‌كنه‌لۆجیا ڕۆڵێكی گرنگ له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌گێڕێت. مێژوو پێشانی داوه كه فۆتۆگرافیا وه‌ك ئامراز و میدیایه‌كی نوێ، یارمه‌تیده‌ر بوو له شۆڕشكردن له شێوازی كاركردنی هونه‌رمه‌نده مۆدێرنه‌كاندا به فراوانكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه چی ده‌توانرێت به هونه‌ر دابنرێت. فۆتۆگرافی له كۆتاییدا ڕێگه‌ی خۆی بۆ ناو مۆزه‌خانه‌كان دۆزییه‌وه. ئه‌مڕۆ ده‌زانین كه كامێرا‌كان هونه‌ریان نه‌كوشت، به‌ڵكو ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كی تریان به خه‌ڵك به‌خشی بۆ ده‌ربڕینی بینراوی خۆیان. ئه‌م لێكچواندنه زۆر گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له توانای زیره‌كیی ده‌ستكرد بۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هونه‌ر له‌م سه‌ده‌یه‌دا.
له كاتێكدا فێربوونی ئامێر (machine learning) ده‌بێته به‌شێكی زیاتری ژیانی ڕۆژانه‌مان و له هه‌موو شتێك‌دا به‌كار دێت، له‌و مۆبایلانه‌ی نامه‌ی پێ ده‌نێرین تا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی لێی ده‌خوڕین، زۆر ئاساییه بپرسین داهاتووی هونه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وا باڵاده‌ست به زیره‌كیی ده‌ستكرددا چۆن ده‌بێت. ئه‌م پرسیاره كاتێك گرنگتر ده‌بێت كه ئامێره‌كان وه‌ك دروستكه‌ری هونه‌ر هه‌نگاو ده‌نێنه ناو بواری هونه‌رییه‌وه. له هاوینی ٢٠١٩دا سه‌نته‌ری باربیكان له له‌نده‌ن، پارچه هونه‌رییه‌كانی به‌رهه‌مهاتوو به زیره‌كیی ده‌ستكردی له پێشانگه‌یه‌كدا به ناوی "زیره‌كیی ده‌ستكرد: زیاتر له مرۆڤ" نمایش كرد. له تشرینی دووه‌می هه‌مان ساڵدا، زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌شدارییان له پێشانگه‌یه‌كدا كرد كه لێكۆڵینه‌وه‌ی له هونه‌ر و زانست ده‌كرد له مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانیی چین، كه تێیدا زۆر له كاره‌كان به به‌كارهێنانی ئه‌لگۆریتم دروست كرابوون.
من له ساڵی ٢٠١٢دا تاقیگه‌ی هونه‌ر و زیره‌كیی ده‌ستكردم له زانكۆی ڕهتگێرز دامه‌زراند. وه‌ك توێژه‌رێكی زیره‌كیی ده‌ستكرد، ئامانجی سه‌ره‌كیم پێشخستنی تهكنهلۆجیاكهیه. بۆ من ئه‌مه پێویستی به سه‌یركردنی داھێنه‌ریی مرۆڤ هه‌یه بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و ئه‌لگۆریتمانه‌ی كه نه‌ك ته‌نیا له ده‌ستكه‌وته‌كانمان له هونه‌ری بینراو، موزیك و ئه‌ده‌ب، به‌ڵكو كاریش له‌و بوارانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنن یان هاوبه‌شی به‌رهه‌مهێنانی ده‌كه‌ن. له كۆتاییدا ئه‌وه توانای ئێمه‌یه بۆ فراوانكردنی لێهاتووییه داھێنهرانهكانمان له ده‌ره‌وه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، بۆ ناو ده‌ربڕینی هونه‌ری كه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت وه‌ك مرۆڤ جیاوازمان ده‌كاته‌وه.
داھێنه‌ریی مرۆڤ بووه‌ته هۆی داهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئێسته ئامێره‌كان خۆیان ده‌توانن ببنه هێزی داھێنان. به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی ئێمه به په‌رۆشین بزانین زیره‌كیی ده‌ستكرد توانای چی هه‌یه و چۆن ده‌توانێت په‌ره بسێنێت. له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی ڕابردوو له تاقیگه‌كه‌دا، توێژه‌رانمان بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه زیره‌كیی ده‌ستكرد، توانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له هونه‌ردا. بۆ نموونه وه‌ك ئامرازێكی شیكاری، زیره‌كیی ئامێر ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت له جیاكردنه‌وه‌ی تابلۆ ڕه‌سه‌نه‌كان له ساخته‌كان به شیكردنه‌وه‌ی لێدانی فڵچه تاكه‌كه‌سییه‌كان.
زیره‌كیی ده‌ستكرد هه‌روه‌ها ده‌توانێ مانا به هونه‌ر ببه‌خشێت، به یارمه‌تیدان له دۆزینه‌وه‌ی كاریگه‌رییه ئه‌گه‌رییه هاوشێوه‌كان له نێوان كاره هونه‌رییه‌كانی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا. له یه‌كێك له تاقیكردنه‌وه‌كاندا، فێربوونی ئامێر توانی ئه‌و كارانه بناسێته‌وه كه ڕه‌وتی مێژووی هونه‌ریان گۆڕی و لایه‌نه نوێیه‌كانی چۆنیه‌تیی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و مێژووه‌ی ڕوون كرده‌وه. جگه له هه‌رسكردنی زانیاری، ئامێره‌كان هه‌روه‌ها توانیویانه وێنه‌ی نوێ دروست بكه‌ن كه بینه‌ران ناتوانن له‌و كارانه‌ی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی مرۆڤه‌وه دروست كراون، جیایان بكه‌نه‌وه. زیره‌كیی ده‌ستكرد ته‌نانه‌ت ده‌توانێ موزیك دابنێت كه ده‌توانیت له سپۆتیفای گوێی لێ بگریت.
هونه‌رمه‌ندان ماوه‌یه‌كی زۆره ته‌كنه‌لۆجیا نوێیه‌كانیان خستووه‌ته ناو كاره‌كانیانه‌وه. زیره‌كیی ده‌ستكردیش جیاواز نییه، به‌ڵام جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه. ئه‌مجاره ئامێره‌كه خۆی سه‌رچاوه‌ی داھێنانه، به توانای گه‌ڕان به‌ناو بڕێكی زۆر له داتای مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌توانێت وێنه‌ی ڕاسته‌قینه نوێ و سه‌یر به‌رهه‌م بهێنێت كه له ده‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵی ئێمه‌یه. ئه‌م توخمه‌ی سه‌رسوڕمانه ئه‌و هێزه‌یه كه ده‌توانێت میدیا هونه‌رییه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی نوێ پێش بخات، به‌وه‌ی كه ئامێره‌كان نه‌ك ته‌نیا وه‌ك ئامرازێك بۆ هونه‌رمه‌ندان كار ده‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك هاوبهشهكانیشیان، به‌ڵام ئایا ئامێرێكی زیره‌كی ده‌ستكرد ده‌توانێ به مافی خۆی ببێته هونه‌رمه‌ند؟ وه‌ڵامی من نه‌خێره.
هه‌رچه‌نده پێناسه‌ی هونه‌ر به‌رده‌وام له په‌ره‌سه‌ندندایه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا شێوازێكه له پێوه‌ندی له نێوان مرۆڤه‌كاندا. به‌بێ هونه‌رمه‌ندێكی مرۆڤ له پشت ئامێره‌كه‌وه، زیره‌كیی ده‌ستكرد ناتوانێ شتێكی زیاتر له یاریكردن به فۆرم بكات، جا ئه‌وه مانای ده‌ستكاریكردنی پێكسڵه‌كان بێت له‌سه‌ر شاشه‌یه‌ك یان نۆته‌كان له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی موزیك. ئه‌م چالاكییانه ده‌توانن سه‌رنجڕاكێش و له ڕووی ههستپێكردنهوه ورووژێنه‌ر بن، به‌ڵام به‌بێ كارلێكی نێوان هونه‌رمه‌ند و بینه‌ر ما‌نایان نییه.
له ساڵانی ڕابردوودا به‌ختم یاوه‌ر بووه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زیاتری هونه‌رمه‌ندان كار بكه‌م كه ئاره‌زووی پشكنینی زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌كه‌ن له كاره‌كانیاندا. خۆم بۆ ئه‌م كاره ته‌رخان كردووه به په‌ره‌پێدانی پلهیفۆرم (Playform)، پلاتفۆرمێك كه ڕێگه به هونه‌رمه‌ندان ده‌دات ئه‌زموون به زیره‌كیی ده‌ستكرد بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات له ئه‌لگۆریتم و زاراوه‌كانی پشت ته‌كنه‌لۆجیاكه تێبگه‌ن یان كاریان پێبكه‌ن.
كاتێك ئه‌م جۆره به‌ربه‌سته تهكنهلۆجییانه لاده‌برێن، هونه‌رمه‌ندان ده‌توانن شتی سه‌رسوڕهێنه‌ر ئه‌نجام بده‌ن. هه‌ندێكیان ته‌كنه‌لۆجیاكه به‌كار ده‌هێنن بۆ دروستكردنی وێنه بۆ كاره هونه‌رییه‌كان یان بۆ پڕۆژه‌كانی واقیعی ئه‌ندێشه‌یی (virtual reality) زۆر زیره‌كیی ده‌ستكرد به‌كار ده‌هێنن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئیلهام. هه‌ندێكی تر وێنه‌ی خۆیان ده‌ده‌نه كۆمپیوته‌ره‌كه و زیره‌كیی ئامێر وه‌ك وه‌رشه‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنن بۆ باشتر تێگه‌یشتن له ستایلی خۆیان.
تێبینیم كردووه كه ته‌كنه‌لۆجیا نوێیه‌كان زۆرجار سه‌ره‌تا به گومانه‌وه پێشوازییان لێ ده‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا له باوه‌ش بگیرێن. من هه‌مان ڕه‌وت ده‌بینم كه بۆ زیره‌كیی ده‌ستكردیش، وه‌ك كامێرا، زیره‌كیی ده‌ستكرد ئامرازێك پێشكه‌ش ده‌كات بۆ هونه‌رمه‌ندان و ناهونهرمهندانیش به هه‌مانشێوه بۆ ده‌ربڕینی خۆیان. ئه‌وه وام لێ ده‌كات دڵنیا بم كه ئامێره زیره‌كه‌كان ته‌نیا ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن، نه‌ك زیان به داھێنه‌ریی مرۆڤ بگه‌یه‌نن. داهاتووی هونه‌ر گه‌شاوه دیاره.
ئه‌حمه‌د جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری تاقیگه‌ی هونه‌ر و زیره‌كیی ده‌ستكرده له زانكۆی ڕهتگێرز و دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای زیره‌كیی ده‌ستكردی پلهیفۆرمه.
نووسینی: ئه‌حمه‌د جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری تاقیگه‌ی هونه‌ر و زیره‌كیی ده‌ستكرده له زانكۆی ڕهتگێرز.
ئه‌م وتاره به‌شێكه له "بیگ ئایدیا"، به‌شێكی تایبه‌تی زنجیره فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی تایمز به ناوی (The Stone)، كه تێیدا زیاتر له 12 هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر و بیرمه‌ند وه‌ڵامی پرسیاری "بۆچی هونه‌ر هێشتا گرنگه؟" ده‌ده‌نه‌وه.
و: ڕامیار مه‌حموود