ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگەی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق رانەگەیەندراوە، بەڵام لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگی كۆمسیۆن رای گەیاندووە هەر حزب و قەوارەیەك ژمارەی كورسییەكانی خۆی بەپێی یاسای سانتلیگۆ خەمڵاندووە، لەناو هەرسێ ماڵی سوننە و كورد و شیعە ملمڵانێی پۆست هەیە، بەتایبەتی پۆستە باڵاكان، بەڵام ململانێی شیعە بەهۆی گرنگیی سەرۆكایەتیی حكوومەت زۆر سەختە.
لە ئێستەوە جموجۆڵی هەموو هێزە سیاسییەكان دەستی پێ كراوە، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعە كە هەر لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان لە 24 سەعات لە دوای هەڵبژاردن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی بە كۆبوونەوە كردووە بۆ زانینی تامی زاری یەكتر و گەڵاڵەكردنی بۆچوون و پێوەرەكانیان لەبارەی قۆناغی داهاتوو، لەوانە پۆستی سەرۆك وەزیران، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەر هێزێكی سیاسی سەنگ و ژمارەی كورسییەكانی خۆی لە پەرلەمان زانی.
شارەزایان پێیان وایە ئەو ململانێیەی لەناو ماڵی شیعە هەیە كار لە ململانێكانی ناو هەردوو پێكهاتەی سوننە و كوردیش لەسەر پۆستەكانی بۆیان دیاریكراوە دەكات، چونكە ئەگەر لە نێوان خۆیان یەكلای نەكەنەوە، بابەتەكە دەچێتە پەرلەمان و لەوێ بۆچوونی شیعە رۆڵی لە یەكلاكردنەوەی دەبێت، بۆیە بابەتەكان هەر هەمووی تێكهەڵكێشن و براوە بەهێزترین دەبێت، ئێستە هەریەك لە محەمەد شیاع سوودانی، خاوەن 45 كورسی و نووری مالیكی خاوەن نزیكەی 30 كورسی لە ململانێیەكی سەختدان بۆ پێكهێنانی بارستەی گەورە لە ناو ماڵی شیعە و رازیكردنی لیستە براوەكانی سوننە و كورد بۆ دیاریكردنی سێ سەرۆكایەتییەكە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
شارەزایان دەڵێن، نەبوونی زۆرینە لە پەرلەمانی داهاتوو وا دەكات هێزە براوەكان، بەتایبەتی شیعەكان، بكەونە گفتوگۆیەكی سەخت و ئاڵۆز بۆ دروستكردنی گەورەترین بارستە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت و دواتر پێكهێنانی كابینەی نوێ، محەمەد تەمیمی توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو ئەنجامانەی هاتنە راگەیاندن، ناوەندەكانی هێز لە ناو هاوپەیمانە شیعی و سوننە و كرد بە شێوەیەكی جیاواز رێك دەخەنەوە، واتە بەراورد بە خولەكانی پێشوو.
رەمەزان بەدران شارەزای سیاسی روونی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورە لەسەر ئەوەی خۆی خاوەن بڕیاری سیاسی بێت لە ناو ماڵی شیعە لە عێراق، بۆیەش دەبێت كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێ بەتەواوەتی پایەند بێت بە بژارەكانی چوارچێوەكە، قۆناغی داهاتووش دوو ئاراستە وەردەگرێت، پارێزگاریكردن لە هاوپەیمانی شیعە لەگەڵ سنوودراكردنی رۆڵی سەرۆك وەزیرانی ئێستە، یان گۆڕینی بە كاندیدێكی تر لە چوارچێوەی شێوازی زۆرینەیەكی داخراو تیایدا چوارچێوە كۆنترۆڵی تەواوەتیی هەبێت.
لە ماوەی كەمی رابردوو، بەتایبەتی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان، هێزە شیعەكان دەستیان بە دیدار و كۆبوونەوەی چڕ لە نێوان خۆیان وەك چوارچێوە و لایەنە هاەپەیمانەكانیان كردووە، وەك هەوڵێك بۆ گەڵاڵەكردنی یەك هەڵوێست بەر لە چوونە ناو گفتوگۆی پێكهێنانی گەوەرترین بارستەی پەرلەمانی، سەركردەیەكی چوارچێوە دەڵێت، چوارچێوە بە نیازە پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی رابگەیەنێت كە كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەش دەكات، بەڵام هێشتا بەشداری پێكردنی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی یەكلا نەبووەتەوە.
ئاشكرای كرد كە میزاجێكی سیاسی لای هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوە، لەوانە لای نووری مالیكی هەیە، بەوەی سوودانی لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی نەبێتەوە سەرۆكی حكوومەت، ئێستە ئەو پێشنیازە لە ناو چوارچێوە هەیە، بەڵام تا ئێستە تەواوی سەركردەكانی چوارچێوەكە پاڵپشتی ناكەن.
لای خۆیەوە موختار مووسەوی سەركردە لە بزاوی بەدری هادی عامری دەڵێت، راستەوخۆ دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو راگەیاندنی پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی هەنگاو دەنێت، دووریش نییە ئەو كارە دوور لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی بكرێت، چونكە هێزەكانی چوارچێوە توانیویانە ئەوندە كورسی بەدەست بێنن كە بێ ئیعمار و تەنمییە ببنە گەورەترین بارستەی پەرلەمان.
بەپێی زانیارییەكان ئێستە دوو بەرە لە ناو هێزە شیعەكان دروست بووە، یەكەمیان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دووەم ئیعمار تەنمییەی سوودانی، هەرچی سوننە و كوردە ئاماژەیان كردووە كە لەگەڵ كۆدەنگیی شیعەن، واتە ئەو لایەنەی گەورەترین بارستە پێك دێنێت، جا سوودانی بێت یان چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوەش لە بەرانبەر بەدەستهێنانی ئەو شتانەی داوای دەكەن، بۆیە رەنگە ئەو بابەتە تا تەواوبوونی گفتوگۆكان چەند هەفتەیەك بخایەنێت.