ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خولی شەشەم، بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێك دەنگ كۆمەڵێك پیلانی پووچەڵ كردەوە، لە هەمان كاتدا پێشتر باسی ساختەكاری دەكرا یان باسی نەبوونی دەنگی تەواو لەناو سەنتەری شاری هەولێر بۆ پارتی دەكرا، سەرجەم هاوكێشەكانی پێچەوانە كردووە.
سەنگەر زیاد مامۆستای زانستە سیاسییەكان، بۆ "وشە" دەڵێت، لە هەموو هەڵبژادرنێك كاتێك ئەنجامەكان بڵاو دەكرانەوە، تۆمەتی ئەوە دەدرایە پاڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە كۆمسیۆن نوێنەرەكانی ئەندامی پارتین.
زیاتر گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنە هیچ نوێنەرێكی لە كۆمسیۆن و ئەنجوومەنی كۆمسیاران نەبوو، لە هەمان كاتدا بوو بە حزبی یەكەمی عێراق و دەنگەكانی گەیشتە سەرووی ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگ.
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ، پێویستە لە باسكردنی ئەنجامەكان سەرجەم لایەنەكان ئەو راستییە بزانن، كە پارتی زۆرینەی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەمە راستییە و كەس ئێستە ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، لە هەمان كاتدا پیلانگێڕی نەیارانی لەناو برد كە پێشتر هانی خەڵكیان دەدا بە دژایەتیی پارتی و تۆمەتباركردنی، چونكە ئێستە وەڵامی هاووڵاتییانی كوردستان روونە بۆ نەیارانی كوردستان كە ئەو حزبە بە نوێنەری راستەقینەی خۆیان دەزانن.
هەرچی نوێنەرێكی پێكهاتەكانە دەڵێت، ئێمە مافەكانی خۆمان لەناو پارتی دەبینینەوە، بۆیە هەمیشە لەو حزبە نزیكین و پاڵپشتیی ئێمە بوون لە ناوچەكانی خۆمان.
یونس بۆیا سیاسەتمەداری پێكهاتەی مەسیحی، بۆ "وشە" رای گەیاند، پاڵپشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر دڵخۆشی كردووین، لە هەمان كاتدا دڵخۆشبوونی ئێمە زیاتر ئەوەیە ئێستە حزبێك پاڵپشتیمان دەكات بەهێزترین حزبی كوردستان و عێراقە.
دەشڵێت، پیلانگێڕی دژی پێكهاتەكان و پارتیش هەبوو، بەڵام سەرجەمی پووچەڵ بووەوە، چونكە هەر ئەوە نا، پارتی كارتی پاساوی كۆمسیۆن و سیستمی هەڵبژاردن و ئەنجوومەنی دادوەری و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دەنگی مردووەكانیشی لە دەستی نەیارانی سووتاند، بەڵكو پێگەی بەهێزی خۆیشی بەرانبەر نەیارانی كوردستان پێشان دا.
ئاماژە بەوەش دەكات، لایەنە نەیارەكانی كوردستان جارێ لە شۆكدان و خۆشیان نازانن چی دەڵێن و ئەمجارە چ پاساوێك بدۆزنەوە، دوو رۆژە دۆش داماون هەر وا بیری لێ دەكەنەوە كە چۆن بتوانن لای شوێنكەوتووانیان سیحری دەنگی ملیۆنی بەتاڵ بكەنەوە.
هەرچی رێبین سەلامی چاودێری سیاسییە دەڵێت، سەرجەم ئەو پلانانەی دژی پارتی بوون، بەیەك هەڵبژاردن هەمووی پووچەڵ بووەوە، ئێستە كەس ناتوانێت بڵێت كۆمسیۆن پاك نییە تۆمار پاك نییە و فرەبازنەیی نییە، گۆڕەپان و یاریگە و ناوبژیوانیش بە دڵی ئەوان بوو، تەنیا ئەنجام بە دڵی ئەوان نییە.
بۆ "وشە" ئاماژە بەوەش دەكات، حزبی یەك ملیۆنی ئێستە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵكی كوردستان دەكات، بە دەنگ و كورسی زۆرینەن، هەرچەندە سیستمەكە ستەم لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە دەبێت كورسیی زیاتر بێت، بەڵام ئێستەیش زۆرینەی كورسیی پارتی بەدەستی هێناوە، ركابەری و زیاتر كورسیی هاوپەیمانییە نەك یەك حزب.
دەشڵێت، متمانەی هاووڵاتییان بە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت و رەهەند و ئامانج لە خۆ دەگرێت، ئاسانترینیان ئەوەیە چیتر كەس بەناوی خەڵكی كوردستان قسە نەكات، ئەوەی قسەی یەكەم و كۆتایی دەكات پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە زۆرینەی خەڵكی كوردستان متمانەی بەو حزبە هەیە.
هەرچی ئەندامێكی رێكخراوەكانی تایبەت بە چاودێریی هەڵبژاردنە رای دەگەیەنێت، ئەو هەڵبژاردنە تێبینی تێدا هەبوو، بەڵام دەتوانین بڵێین پاكترین و بێ كێشەترین هەڵبژاردنی عێراق بووە دوای ساڵی 2023.
هێمن كاكەیی بۆ "وشە" رای گەیاند، كۆمسیۆن كارەكانی بە باشی ئەنجام داوە، ئەنجامەكانیش تۆمار كران، بەرپرسیارێتیی مێژوویی پارتیش بەرزتر دەكاتەوە، بۆیە ڕەوایە ئەگەر ڕای گشتیی ئەو چاوەڕوانییەی لە پارتی وەك هێزێكی مێژوویی و هەڵگری ئاڵای دۆزی كوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەشی گوت، لە هەرێمی كوردستان هیچ سندووقێك قردێلەی سووری لێ نەدرا، بۆیە جێگەی دڵخۆشییە هەڵبژاردن بەو پاك و بێگەردییە بەڕێوە چوو، خەڵكیش كێی هەڵبژارد، ئەوە كەس ناتوانێت رەتی بكاتەوە، حزبەكانیش هیچیان تێبینیی ئەوەیان نەبووە كە شیاوی باس بێت.
بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، ئەو گرەوەی پێشتر لەسەر دەنگی ناوشار دەكرا، ئەوەشمان بردەوە.
زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" رای گەیاند، ڕێژەی دەنگی پارتی لە سەنتەری شاری هەولێر بەجیاوازی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد.
دەشڵێت، ئەو رێژەیەی پێشتر حزبەكانی تر دەیانگوت لەناو سەنتەری شار پارتی زۆرینە نییە، ئێستە ئەوەشیان لە دەست نەما و پارتی ئێستە زۆرینەیە.