به تێپه‌ڕبوونی كات، به دڵنیاییه‌وه بیرۆكه‌ی "مرۆڤبوون" چه‌ندان واتای هه‌بووه، ئه‌مه به‌رده‌وام ده‌بێت له گرتنه‌خۆی چه‌ندان شت، هه‌رگیز ته‌نیا یه‌ك وه‌ڵام نه‌بووه و نییه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه ده‌بێت ئه‌مڕۆ له خۆی بگرێت، توانای ناسینه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه كه پرسیاره‌كه خۆی كێشه‌یه.
ئێمه‌ی مرۆڤ زۆر سه‌رنجی خۆمان ده‌ده‌ین، مه‌یلمان وایه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه مرۆڤبوون به جۆرێك له جۆره‌كان زۆر تایبه‌ت و گرنگه، بۆیه پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین، له جیاتی ئه‌وه‌ی بپرسین واتای چییه ببیته فیلێك، یان به‌رازێك، یان باڵنده‌یه‌ك. ئه‌م شكسته له فزوڵییه‌تی ئه‌م پرسیاره به‌شێكه له كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقی.
پرسیاری "مرۆڤبوون چییه؟" ته‌نیا خۆپه‌رستی نێرسیستانه نییه، به‌ڵكو گه‌مژه‌ییه‌كه شایانی سهرزهنشتكردنه. زیاتر له‌وه ده‌چێت بڵێی، "واتای سپیبوون چییه؟" ئاماژه‌یه بۆ ئیمتیازی ناشایسته كه بۆ زاڵبوون و ئیستغلالكردن به‌كار هێنراون، به‌ڵام ئێمه به‌زۆری ئه‌مه ناناسینه‌وه، چونكه خۆپه‌رستیمان زۆر ته‌واوه.
ئێمه هه‌ساره‌یه‌ك هاوبه‌ش ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ملیاران بوونه‌وه‌ری هه‌ستداری تردا، هه‌موویان ڕێگه‌ی ئاڵۆزی خۆیان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ببنه هه‌ر شتێك كه هه‌ن. هه‌موو گیانله‌به‌ره هاوڕێكانمان، وه‌ك ئه‌رستۆ زۆر له مێژه ئاماژه‌ی پێ كردووه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ژیاندا بمێنن و زیاتر له جۆری خۆیان به‌رهه‌م بهێنن. هه‌موویان هه‌ست ده‌كه‌ن. هه‌موویان ئاره‌زوو ده‌كه‌ن. زۆربه‌یان له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر ده‌جووڵێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت و پێویستیانه به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌رستۆ پێشنیاری كرد كه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین بۆ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی چۆن ئاژه‌ڵه‌كان، له‌وانه‌ش مرۆڤه‌كان، هه‌ست ده‌كه‌ن، ئاره‌زوو ده‌كه‌ن و ده‌جووڵێن.
ئێمه ئه‌رستۆ وه‌ك فه‌یله‌سووفێك ده‌ناسین، به‌ڵام ئه‌و زانایه‌كی گه‌وره‌ی بایۆلۆجیش بوو كه خوێندنی له‌سه‌ر ماسی و گیانله‌به‌رانی تری گه‌وره و بچووك كردووه. ئه‌و هانی خوێندكاره‌كانی دا پشت له خوێندنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه نه‌كه‌ن كه وادیاره سه‌رنجڕاكێش نین، چونكه شتێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر له هه‌موویان هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌و ڕاستییه‌ی كه هه‌موویان هه‌وڵ بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان ده‌ده‌ن. ئه‌م هه‌سته سه‌رسوڕهێنه‌ره كه ده‌بێت ڕێنوێنیمان بكات بۆ نیگه‌رانییه‌كی ئه‌خلاقی ته‌واوتر، به‌شێكی قووڵی مرۆڤایه‌تیمانه، به‌ڵام سه‌رسوڕمانی له كه‌مبوونه‌وه‌دایه، ئێمه‌ی مرۆڤ ئێسته به‌شێوه‌یه‌ك زاڵین به‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا كه به ده‌گمه‌ن هه‌ست ده‌كه‌ین پێویستمان به‌وه بێت، له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌كانی تردا به مه‌رجی دوولایه‌نه بژین.
ئاژه‌ڵه ماڵییه‌كان شوێنیكی تایبه‌تریان هه‌یه، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش زۆرجار به خراپی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت (بیر له كارگه‌كانی به‌خێوكردنی سه‌گه بچكۆله‌كان، یان پشیله كێوییه جێهێڵراوه‌كان بكه‌ره‌وه). به‌خێوكردنی به‌رازی كارگه، مریشك و ئاژه‌ڵه‌كانی تر، ئه‌مانه شێوه‌یه‌كی نوێی دڕنده‌یی ترسناكن. له‌باره‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی كه له "سروشت"دان، ده‌توانین ببینین كه تاوانه‌كانی مرۆڤ كاریگه‌رییه‌كی وێرانكه‌ریان له‌سه‌ر هه‌یه: زیان پێگه‌یاندیان به هۆی به كارهێنانیان له توێژینه‌وه‌ی تاقیگه‌یی، زیان پێگه‌یاندنه فرهوانهكان كه تایبه‌تن به به‌ندكردنی مه‌یموون و فیله‌كان له باخچه‌ی ئاژه‌ڵان، كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی نه‌هه‌نگه‌كان به‌هۆی ڕاوكردنهوه، به‌ندكردنی نه‌هه‌نگی بكوژ و دۆلفینه‌كان له پاركه ده‌ریاییه‌كان، ڕاوكردنی نایاسایی فیل و كه‌ركه‌ده‌نه‌كان بۆ سوودگه‌یاندن به بازاڕی ڕه‌شی نێوده‌وڵه‌تی، بازرگانیكردنی نایاسایی فیله ئه‌فریقییه‌كان بۆ باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی ئه‌مه‌ریكی، وێرانبوونی شوێنی نیشته‌جێبوونی زۆر له شیرده‌ره گه‌وره‌كان كه به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه دروست ده‌بێت. ئێسته مه‌زه‌نده ده‌كرێت كه چالاكیی مرۆڤایه‌تی به‌شداری كردووه له له‌ناوچوونی زیاتر له ٨٠ جۆری شیرده‌ر.
كێشه‌ی نوێ به‌رده‌وام سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. دنیا پێویستی به شۆڕشێكی ئه‌خلاقی هه‌یه، بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌ئاگاهێنانه‌وه كه به‌ڕاستی ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م شۆڕشه به‌هۆی ئه‌و خۆسهیركردنهی كه به‌زۆری له پرسیاری "مرۆڤبوون چییه؟"دا هه‌یه، ڕێگریی لێ ده‌كرێت.
با هه‌ستی سه‌رسوڕمانمان زیندوو بكه‌ینه‌وه و فراوانی بكه‌ین به پرسیاركردن له جیاتی ئه‌وه: "واتای نهههنگبوون چییه؟" پاشان با بڕۆین و نه‌هه‌نگه‌كان به باشترین شێوه‌ی ببینین، توێژینه‌وه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی زانایان وه‌ك هاڵ وایتهێد و لوك ڕێندێڵ بخوێنینه‌وه. با پرسیار له‌سه‌ر فیله‌كان بكه‌ین (جۆره خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆم)، ئه‌گه‌ر نه‌توانین بچینه گه‌شتی بینینی سروشتی گیانداران، با سه‌یری فیلمی فیله‌كان بكه‌ین كه به ساده‌یی ژیانی خۆیان ده‌ژین، خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌زه‌یی، خه‌م و كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێستی ئاڵۆزی تر پێشان ده‌ده‌ن كه ئێمه‌ی مرۆڤ مه‌یلمان وایه باوه‌ڕمان به‌وه بێت ئه‌و تیابهتمهندییانه ته‌نیا هی خۆمانه.
با كاری فه‌لسه‌فی و یاسایی زۆر زیاتر بكه‌ین له‌سه‌ر ڕێبازه تیۆرییه‌كان بۆ پاراستنی ئاژه‌ڵه‌كانی تر و په‌ره‌پێدانی دوولایه‌نه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵیان. ئێمه زانیاریی زانستی زۆرمان كۆ كردووه‌ته‌وه له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ژیانی ئاژه‌ڵان. ئێسته با له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه به‌كاری بهێنین. ویڵ كیملیكا و سو‌و دۆناڵدسن پێشتر كاری نایابیان له‌سه‌ر دوولایه‌نه‌یی و كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه ماڵییه‌كاندا كردووه، به‌ڵام كاری زیاتر ماوه بیكه‌ین.
له دنیای فه‌لسه‌فه‌ی كاریگه‌ر به سیاسه‌ت، گرنگترین ڕێبازی گشتی بۆ مافه‌كانی ئاژه‌ڵان تا ئێسته هی جێرمی بێنتامی به‌ریتانی بووه، كه به بوێری و لێهاتوویی له‌لایه‌ن فه‌یله‌سووف پیته‌ر سینگه‌ره‌وه په‌ره‌ی پێ دراوه. ئه‌م ڕێبازه به‌رده‌وامه له هه‌بوونی گرنگییه‌كی زۆر، چونكه سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر ئازاره‌كانی ئاژه‌ڵان. ئه‌گه‌ر به ساده‌یی واز له ئازاردانی بێ هۆكاری ئاژه‌ڵه‌كان بهێنین، ئه‌وه هه‌نگاوێكی گه‌وره ده‌بێت بۆ پێشه‌وه.
ئێسته ده‌زانین كه ئاژه‌ڵه‌كان پێویستیان به چه‌ندان شت هه‌یه، هه‌میشه نابنه هۆی ئازار كاتێك بوونیان نییه: ده‌رفه‌تی پێوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر له جۆری خۆیان له كۆمه‌ڵه ئاساییه‌كاندا، ده‌رفه‌تی گۆرانیگوتن یان ئاوازدانان به‌شێوه تایبه‌تییه‌كانیان، ده‌رفه‌تی زاوزێكردن، ده‌رفه‌تی جووڵانی ئازادانه به‌ناو بۆشایی بێ به‌ربه‌ستدا، ده‌رفه‌تی به‌دواداچوونی فزوڵییانه و دۆزینه‌وه‌ی نوێ. به بڕوای من بۆیه پێویستمان به ڕێبازێكیش هه‌یه كه سه‌رنج بخاته سه‌ر فره‌یی توانای جیاواز، یان ئازادییه‌كان كه هه‌ر جۆرێك پێویستی پێیه‌تی بۆ ژیانێكی گه‌شه‌سه‌ندوو.
من ئێسته خه‌ریكم كتێبێك ده‌نووسم كه كاری پێشووی خۆم له‌سه‌ر "ڕێبازی تواناكان" به‌كار ده‌هێنم، بۆ په‌ره‌پێدانی چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌خلاقی نوێ بۆ ڕێنوێنیكردنی یاسا و سیاسه‌ت له‌م بواره‌دا، به‌ڵام هی من ته‌نیا یه‌ك ڕێبازه، ده‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه كه مۆدێلی خۆیان په‌ره پێ ده‌ده‌ن، ڕكابه‌ری بكرێت. پارێزه‌ران كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئاژه‌ڵان كار ده‌كه‌ن له ژێر یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، پێویستیان به ڕێبازی تیۆری دروست هه‌یه، فه‌یله‌سووفان ده‌بێت یارمه‌تیده‌ریان بن له كاره‌كانیاندا و كاری زۆر ماوه بیكه‌ین.
كه‌واته با واز له‌و خۆپه‌رستییه نێرسیستییه بهێنین كه ته‌نیا له پرسیاری خۆماندا چه‌قی به‌ستووه. با هه‌وڵ بده‌ین بۆ سه‌رده‌مێك كه تێیدا مرۆڤبوون به واتای نیگه‌رانبوون بێت بۆ جۆره‌كانی تر كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌م دنیایه‌دا بژین.
نووسینی: مارتا سی. نوسباوم
خاتوو نوسباوم فه‌یله‌سووفه.