كه‌م شت هه‌ن هێنده‌ی هه‌ستكردن به له‌رزینی زه‌وی له ژێر پێیه‌كانت دڵه‌ڕاوكێ دروست بكه‌ن، هه‌ر كه‌سێك كه بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێزی ئه‌زموون كردبێت ئه‌مه ده‌یزانێت. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه ئێمه تێیدا ده‌ژین. شێوازێكی ڕێكخستنی ژیانی ئابووری نیولیبراڵیزم كه له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا سه‌ری هه‌ڵدا، به خێرایی لاواز ده‌بێت.
بیرۆكهگهلێكی وه‌ك به‌رزكردنه‌وه‌ی باجه گومرگییه‌كان كه جارێك به هه‌رته‌قه داده‌نران، لایه‌نگریان په‌یدا كردووه و باوه‌ڕداران به ڕژێمی كۆن و تا ئاستێك هه‌موو كه‌سێكی تریش، تووشی سه‌رلێشێواوی بوون. به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆین؟ ئایا ئێمه ملكه‌چی ویستی كه‌سێكی شێتین؟ بۆ یه‌كه‌مجار له یاده‌وه‌ریی زۆربه‌ی خه‌ڵكدا داهاتووی ئابووریمان به هۆكارێكی نوێ نادیار ده‌رده‌كه‌وێت، ڕابردووی نزیك ناتوانێ پێمان بڵێت چی دێت.
هه‌واڵه خۆشه‌كه ئه‌وه‌یه كه پێشتر به‌م هه‌لومه‌رجه تێپه‌ڕیوین. پرۆتێكشنیزم و خاوه‌ندارێتی ده‌وڵه‌ت، به ئه‌سته‌م داهێنانی سه‌ده‌ی ٢١ن. ئه‌زموونی ئهمدواییهمان بیرمان ده‌هێنێته‌وه كه سه‌رمایه‌داری به واتای جێگیری نایه‌ت. چۆن ده‌كرێت وا بێت، له كاتێكدا سه‌رمایه‌داری شۆڕشگێڕترین ڕژێمی ئابوورییه كه تا ئێسته دروست كراوه؟ سه‌رمایه‌داری پارێزگارخواز (كۆنسێرڤاتیڤ) نییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا نادۆگماتیسته، ئاراسته‌ی گۆڕانكارییه‌كه‌ی پێشبینی نه‌كراوه.
سه‌رمایه‌داری به درێژایی مێژووی خۆی وه‌رچه‌رخانی ڕیشه‌یی به خۆیه‌وه دیوه. له ساڵانی ١٨٦٠كاندا، ڕژێمێكی سه‌رمایه‌داری كه له‌لایه‌ن چینی خانه‌دانانی خاوه‌ن زه‌وی حوكم ده‌كرا، به پشتبه‌ستن به چینی بازرگانی ده‌وڵه‌مه‌ند و كاری كۆیلایه‌تی، ڕێگه‌ی دا به دروستبوونی سه‌رده‌مێك كه پیشه‌سازی كرێكاری به كرێ وه‌رده‌گرت (كاری كرێگرته) و ڕژێمه سیاسییه لیبراڵه‌كان به‌هێز بوون.
له ساڵانی ١٩٣٠كاندا، ڕژێمی ئابووری كینزی شوێنی ده‌وڵه‌تی نایه‌كسانی ساڵانی ١٩٢٠كانی گرته‌وه، كه خۆشگوزه‌رانی و بڕینی باج و باوه‌ڕ به‌وه‌ی كه پێی ده‌گوترا "لێی گه‌ڕێ" (laissez faire) تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی بوو. له ماوه‌ی ساڵانی ١٩٧٠كاندا، كینزیانیزم كه دووپاتی له‌سه‌ر سیاسه‌ته ئابوورییه دژه-خولگه‌ییه‌كان، كه‌رتی ده‌وڵه‌تی به‌هێز و ڕێژه‌ی ئاڵوگۆڕی به‌ڕێوه‌براو ده‌كرده‌وه، به هه‌مانشێوه گه‌یشته بنبه‌ست و شوێنی گیرایه‌وه به‌وه‌ی كه بیریاران وه‌ك گاری گێرستڵ ناویان ناوه ڕژێمی نیولیبرال، ئه‌وه تا ئه‌مدواییانه زاڵ بوو.
سه‌رمایه‌داری زنجیره‌یه‌ك گۆڕانكاری ڕژێمییانهیه. بیركردنه‌وه له‌وه‌ی كه چی یه‌كیان ده‌خات، یارمه‌تیمان ده‌دات باشتر به‌سه‌ر له‌رینه‌وه‌كانی ئێسته‌دا تێپه‌ڕین و به‌رهه‌مدارتر بیر له داهاتوو بكه‌ینه‌وه. هه‌موو ئه‌م گواستنه‌وانه و ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش، به ناتوانایی ڕژێمی كۆن تایبه‌تمه‌ند بوون، له ڕووی قه‌یرانی ئابووری و یاخیبوونهكانهوه، بۆ دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆی. هه‌موویان سه‌رلێشێواوی و باوه‌ڕی دهستهبژێڕێكی باڵایان تێدابوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌ستكاریكردنێكی بچووك له ڕژێمی كۆندا ڕێگه به به‌رده‌وامبوونی ده‌دات. هه‌موویان ڕووبه‌ڕووی دنیایه‌ك بوونه‌وه كه ڕژێمی ئابووری پێشوو وه‌ك ڕژێمی سروشتی شته‌كان هه‌ستی پێ ده‌كرا، كۆیلایه‌تی له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا، (لێگه‌ڕان) له ساڵانی ١٩٢٠كاندا، ده‌ستێوه‌ردانی كینزی له ساڵانی ١٩٦٠كاندا و به بنه‌ماگرتنی بازاڕ له ساڵانی ٢٠٠٠كاندا.
كه‌واته ته‌نانه‌ت یه‌كجاریش ڕژێمی كۆن زیندوو نه‌كراوه‌ته‌وه. له‌بری ئه‌وه، سه‌رمایه‌داری به ته‌واوی له ئاراسته‌ی نوێ‌دا به‌ره‌وپێشه‌وه چوو، بۆیه باشتر وایه ئه‌مه له‌باره‌ی ئه‌مڕۆشه‌وه وه‌ك راستی قبووڵ بكه‌ین.
ئه‌و ساته مێژووییانه كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویست هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، دڵه‌ڕاوكێش دروست ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها مه‌ترسیداریشن. له كێشمه‌كێشی نه‌وه‌كان بۆ داهاتوو، دڕنده‌كان سه‌ر ده‌ردێنن. وه‌ك فه‌یله‌سووفی ئیتاڵی ئه‌نتۆنیۆ گرامشی له كاتی سه‌رده‌مێكی تری پشێویدا تێبینی كردووه، "كۆن مردووه، به‌ڵام نوێ هێشتا له دایك نه‌بووه: له ماوه‌ی نێواندا، دیارده نه‌خۆشییه هه‌ره جۆراوجۆره‌كان ڕوو ده‌ده‌ن."
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌زموونی ده‌كه‌ین، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی زۆر له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ڕژێمی نیولیبراڵه كه ژیانی ئێمه‌ی له نیوه سه‌ده‌ی ڕابردوودا له قاو داوه. ده‌ستكاریكردنه‌وه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ ئابووری ناوخۆیی و بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی به ڕیشه‌یی ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه ڕژێمی نیولیبراڵ كه بۆ ماوه‌ی چوار ده‌یه تێیدا ژیاوین، به ته‌واوی شه‌رمه‌زار ده‌كات.
بۆ ده‌یان ساڵ دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كان، ئابووریناسان و شرۆڤه‌كاران، هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بازرگانی باشه و باجه گومرگییه‌كان خراپن. ده‌وڵه‌ت چوارچێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی دابین ده‌كرد كه بازاڕه‌كان تێیدا كاریان ده‌كرد، به‌ڵام هیچ شوێنێك له بازاڕه‌كاندا بۆ به‌شداریكردنی سیاسی چالاك نه‌بوو. به‌رهه‌مهێنانی كارا به‌شێوه‌یه‌كی جیهانی یه‌كخرابوو و قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌سپاندنی زنجیره‌كانی دابینكردن له‌ناو ده‌وڵه‌تاندا، ناوچه‌یی بوو، ته‌نانه‌ت پاشگه‌زبوونه‌وه بوو. دامه‌زراوه سه‌ربه‌خۆكان كه له سیاسه‌ت دابڕێنرابوون، وه‌ك بانكی فیدراڵی، وه‌ك پایه‌كانی سه‌رمایه‌داری ئه‌مه‌ریكی سه‌یر ده‌كران. ساڵ له دوای ساڵ، سیاسه‌تمه‌داران، بانكداران و ئابووریناسان باوه‌ڕی ئاینی خۆیان به شایسته‌یی بازاڕه‌كان له شوێنێكی پیرۆز له به‌رزاییه‌كانی سویسرا دووپات ده‌كرده‌وه: كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له داڤۆس.
شۆڕشی نیولیبراڵ دووپاتی له‌سه‌ر لابردنی ڕێساكان، بازرگانی ئازادتر، سه‌ربه‌خۆیی بانكی ناوه‌ندی و زنجیره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی جیهانی ده‌كرده‌وه. گرنگی به سنووره‌كان نه‌ده‌دا. كه‌شتی كۆنته‌ینه‌ر، داهێنانێكی شۆڕشگێڕانه، خێرایی سووڕانه‌وه‌ی كاڵاكانی به‌شێوه‌یه‌ك زیاد كرد كه نه‌ده‌كرا به خه‌یاڵ وێنا بكرێت. وه‌به‌رهێنه‌ران توانیان سه‌رمایه به ده‌وری دنیادا بجووڵێنن به په‌نجه لێدانێك.
به‌رهه‌مهێنان له ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه‌وه گوازرایه‌وه بۆ ئاسیا. هه‌ندێك له بچووكترین ده‌وڵه‌تانی دنیا بوونه گرێی سه‌ره‌كی له‌و ئیمپراتۆرییه نیولیبراڵه‌ی سه‌رمایه‌دا، كه شایه‌تی بێباكییهكهی بوو به‌رانبه‌ر به خاك و خه‌ونی جیهانێكی هه‌میشه بێ كێشه‌تر له كارلێكه ئابوورییه جیهانییه‌كاندا وادیاربوو ده‌بێته ڕاستی. دڵنیابه ده‌وڵه‌ت زۆر گرنگ بوو بۆ ئه‌و ڕژێمه‌ش، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ڕۆڵێكی یاریده‌ده‌ر ده‌گێڕێت نه‌ك ناوه‌ندی، ته‌نیا ڕێگه به بازاڕه‌كان ده‌دات كاری نه‌بینراوی خۆیان بكه‌ن.
ئه‌مه هه‌رگیز تاهه‌تایی نه‌گۆڕ نییه. ئه‌و ڕژێمه به ڕواڵه‌ت جێگیرانه هه‌رگیز به‌رده‌وام نابن. مێژووی سه‌تان ساڵه‌ی سه‌رمایه‌داری پێشان ده‌دات كه ڕژێمه ئابوورییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گۆڕێن، هه‌رگیز ڕاسته‌هێڵی نین، به‌ڵكو هه‌میشه دوای ماوه‌یه‌كی درێژ له جێگیری ڕێژه‌یی به ساته‌كانی گۆڕانكاری خێرا پچڕێنراون، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ.
ئه‌م گۆڕانكارییه ڕژێمییانهی ڕابردوو چی هاوبه‌شییان هه‌بوو؟ له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وان ئه‌و كه‌سانه‌یان تووشی شۆك و سه‌رلێشێواوی ده‌كرد كه تێیاندا ده‌ژیان. كاتێك جه‌نه‌راڵی یه‌كێتی جۆن سی. فرێمۆنت كرێكاره كۆیلهكراوهكانی له میزۆری له ئه‌یلوولی ١٨٦١ ئازاد كرد، گۆڤاری به‌ریتانی The Economist، هه‌رچه‌نده به گشتی دژی كۆیلایه‌تی بوو، به دڵه‌ڕاوكێوه ڕای گه‌یاند كه ئه‌و "ڕێوشوێنه ترسناكه" ڕه‌نگه "وێرانی ته‌واو و چۆڵكردنی گشتگیر به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه بهپیتانهدا بهێنێت."
له كۆتایی ئه‌و ڕژێمانه‌دا، هاوچه‌رخه‌كان زۆرجار پێیان وابوو چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی بچووك دنیا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی پێشووی، كه ئه‌وان له گۆڕانكاری ڕژێمدا ناژین، به‌ڵكو له قه‌یرانێكی كاتیدان. له ساڵی ١٩٧٢ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕای گه‌یاند، "هیچ هۆكارێكی تایبه‌ت نییه بۆ گومانكردن له‌وه‌ی كه ئاراسته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی گه‌شه له سه‌ره‌تای تا ناوه‌ڕاستی ساڵانی ١٩٧٠كاندا، به‌رده‌وام ده‌بن وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساڵانی ١٩٦٠كاندا بوو." به‌ڵام به‌رده‌وام نه‌بوون.
له هه‌موو ئه‌و كاتانه‌دا شێوه‌ی ڕژێمی نوێی سه‌رهه‌ڵده‌ر، ته‌نیا له ڕوانگه‌ی ڕابردووه‌وه ده‌بینرا. كاتێك كۆیلایه‌تی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، سه‌رمایه‌ی پیشه‌سازی به‌رز بووه‌وه بۆ ئاستی پێشه‌نگ، ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان له قه‌باره و مه‌ودادا گه‌شه‌یان كرد و ده‌سه‌ڵاتی چینه باڵاكانی خاوه‌ن زه‌وی كه‌م كرایه‌وه. كه‌م كه‌س هه‌ستیان به‌وه ده‌كرد كه ئه‌م ڕژێمه سه‌رمایه‌دارییه پیشه‌سازییه نوێیه له كۆتاییدا چۆن ده‌بێت.
كاتێك یه‌كه‌م یاساكانی نیو دیل له ساڵی ١٩٣٣ په‌سند كران، قورس بوو پێشبینی ڕژێمی نیو دیلی به ته‌واوی پێكهاتوو بكرێت كه ده‌یه و نیوێك دواتر زۆر ڕوون بوو. كاتێك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ڕێساكانی هێڵی ئاسمانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و دنیا ڕێسای بازرگانی نوێی له ساڵانی ١٩٧٠كاندا په‌سند كرد، كه‌م كه‌س ده‌یانتوانی خه‌یاڵی ڕژێمی نیولیبراڵی گشتگیر بكه‌ن كه دواتر به شتێكی ئاسایی وه‌رمانگرت.
هیچ تیۆرییه‌كی "پیاوی گه‌وره"ی مێژوو ئه‌م گواستنه‌وانه ڕوون ناكاته‌وه. له‌بری ئه‌وه، ئه‌وان به‌هۆی قه‌یرانه قووڵه‌كانی ڕژێمی پێشوو شێوه‌یان وه‌رگرت. ڕژێمی ئابووری كینزی و خه‌رجكردنی زۆر له‌سه‌ر جه‌نگی ڤێتنام، سه‌ره‌تا هه‌ڵاوسانی به‌رز و پاشان بێكاری هێنا، هه‌ر له‌و كاته‌دا كه شێوه‌ی گۆڕاوی ئابووری دنیا ده‌ستی كرد به لاوازكردنی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌مه‌ریكی. دوای ساڵی ١٩٧٣، ڕێژه‌ی زیادبوونی به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌ی ئابووری خاو بووه‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی ١٩٥٠كان و ١٩٦٠كان. 40 ساڵ پێشتر له‌ده‌ستدانی كار، شكستی بانكه‌كان و هه‌ژاری و قووڵبووه‌وه‌ی قه‌یرانی گه‌وره، ملیۆنان ئه‌مه‌ریكی رازی كرد كه دژی ڕژێمی كۆن بوه‌ستنه‌وه. 70 ساڵ پێش ئه‌وه هۆكاره‌كه نه‌هامه‌تی شارنشینی سه‌رمایه‌داری بازرگانی، توندوتیژی گوندنشینی به تایبه‌ت كۆیلایه‌تی، جه‌نگه‌كان و قه‌یرانی ئابووری.
قه‌یرانه‌كان به ته‌نیا ئه‌و ڕژێمانه‌یان نه‌ده‌هێنایه خواره‌وه. گۆڕانكاری ڕژێمی ئابووری هه‌میشه هاوڕێ بووه به یاخیبوونی جه‌ماوه‌ری و ده‌سته‌بژێره باڵاكان كه گرنگییه‌كه‌یان زۆرجار ته‌نیا كاتێك ده‌ركه‌وت كه ڕژێمی نوێ جێگیر بوو.
سه‌رمایه‌داری ڕژێمی كۆنی سه‌ده‌ی ١٨ و ١٩ له سێ ئاراسته‌وه هێرشی كرایه سه‌ر. كرێكاره كۆیلهكراوهكان له ئه‌مه‌ریكادا دژی كۆیلایه‌تیی خۆیان وه‌ستانه‌وه له زنجیره‌یه‌ك ڕاپه‌ڕیندا، له شۆڕشی هایتی كه له ساڵانی ١٧٩٠كاندا ده‌ستی پێ كرد تا "مانگرتنی گشتی"، وه‌ك W.E.B. DuBois وه‌سفی كرد كه جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا بوو. له هه‌مان كاتدا پرۆلیتاریای پیشه‌سازیی نوێی مۆبیلیزهكراو كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ناوچه بچووكه‌كانی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا چڕ بووبوونه‌وه، به‌شدارییان له ناڕه‌زایه‌تیی وازهێنان له كار و یاخیبوونی كراوه‌دا ده‌كرد بێ كۆتایی. له ئاستی ده‌سته‌بژێره باڵاكاندا، ئه‌وانه‌ی سامانه‌كه‌یان له به‌رهه‌مهێنان و كشتوكاڵی مۆدێرنه‌وه ده‌هات ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی قووڵ چه‌سپاوی چینه باڵاكانی خاوه‌ن زه‌وی بوونه‌وه، داوای ده‌وڵه‌تێكیان ده‌كرد كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌واندا بێت، نه‌ك ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن زه‌وییه‌كانن. ئه‌م گرژییه له شۆڕشه‌كانی ئه‌وروپا له ساڵی ١٨٤٨، جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رهه‌ڵدانی هێزێكی سیاسی نوێ‌دا ڕه‌نگی دایه‌وه، پارتی كۆماری كه ئه‌وكات پارتی دژه-كۆیلایه‌تی، چینه باڵاكانی پیشه‌سازی شارنشین، كرێكارانی به‌رهه‌مهێنان، جووتیاران و پارێزگاریكردن بوو.
له ساڵانی ١٩٣٠كاندا، كاتێك قه‌یرانی گه‌وره زۆربه‌ی دنیای گرته‌وه، یاخیبووان له چه‌پ و ڕاست، ده‌سته‌بژێره باڵاكان و خه‌ڵكی ئاسایی، ڕژێمی ئێسته‌یان خسته ژێر پرسیاره‌وه. له هه‌موو شوێنێك بزووتنه‌وه فاشیسته‌كان له به‌رزبوونه‌وه‌دا بوون، ته‌نانه‌ت له‌و شوێنانه‌ش كه شكستیان هێنا، وه‌ك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، داوای ده‌وڵه‌تێكی چالاكتر، كۆتاهێنان به دیموكراسی لیبراڵ و له باوه‌شگرتنی فۆرمێكی ڕادیكاڵكراوی ناسیۆنالیزمی ئابوورییان ده‌كرد. له هه‌مان كاتدا بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان له چه‌په‌وه به هه‌مانشێوه به توندی دژی ڕژێمی كۆن وه‌ستانه‌وه، داوای خاوه‌ندارێتیی ده‌وڵه‌ت بۆ پیشه‌سازی، فراوانكردنی ده‌وڵه‌تانی خۆشگوزه‌رانی، ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكاكان و له هه‌ندێك حاڵه‌تدا كۆتاهێنان به سه‌رمایه‌دارییان ده‌كرد.
له ساڵانی ١٩٦٠كاندا، كاره‌كه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری و چه‌په‌كانه‌وه كرا. بزووتنه‌وه‌ی مافه مه‌ده‌نییه‌كان هه‌وڵیان دا به‌سه‌ر پله‌به‌ندییه ڕهگهزییهكاندا زاڵ بن كه ڕژێمی كینزی، وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێش خۆی له‌سه‌ری بنیات نرابوو. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاران دژی سهربازگهریكردنی قووڵی ڕژێمی كینزی و ئه‌وه‌ی كه وه‌ك بێزاری بێهێزكهری ژیانێكی داڕێژراو به لیبرالیزمی كۆمپانیاكان ده‌یانبینی، ده‌جه‌نگان. له هه‌مان كاتدا بزووتنه‌وه‌یه‌كی ژنانی یاخی دژی پیاوسالاری ناوه‌كی ڕژێمی كینزی وه‌ستانه‌وه. له سه‌ره‌تادا كه‌متر دیار بوو، به‌ڵام له كۆتاییدا زۆر كاریگه‌ر بوو، بزووتنه‌وه‌كانی ده‌سته‌بژێره باڵاكان له‌ناو خاوه‌نكاره‌كاندا، دژی ڕژێمی كینزی وه‌ستانه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی سیاسی مۆبیلیزه بوون، پارتی كۆمارییان گرته ده‌ست، زنجیره‌یه‌ك سه‌نته‌ری بیركردنه‌وه‌یان دروست كرد و هه‌وڵیان دا گێڕانه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ شارستانیی سه‌رمایه‌داری دروست بكه‌ن.
وا دیاره ئێمه دووباره له گواستنه‌وه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌داین. ڕژێمی نیولیبراڵ تووشی قه‌یران بووه. نایه‌كسانی به‌رز بووه‌ته‌وه. ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنان له زۆر له ئابوورییه پێشكه‌وتووه‌كاندا وه‌ستاوه. به‌شێكی زۆری ئابووری به‌رهه‌مهێنان له ناوه‌نده سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رمایه‌داری ئه‌تڵه‌سی وێران بووه و سنووره ژینگه‌ییه‌كانی شارستانییه‌ك كه له‌سه‌ر سووته‌مه‌نی فۆسیلی بنیات نراوه ڕوونه. له‌وه‌ته‌ی قه‌یرانی دارایی ٢٠٠٨ه‌وه، ئه‌م كێشه پێكهاته‌ییه قووڵانه خێراتر بوون.
له هه‌مان كاتدا ڕژێمی جیهانی كه پشتیوانیی له نیولیبراڵیزم ده‌كرد، به‌هۆی هه‌ڵكشانی خێرای چینه‌وه تێكشكاوه و ئه‌و پێوه‌ندییه گوایه ئاسنینه‌ی نێوان سه‌رمایه‌داری و دیموكراسی لیبراڵ، كه له چه‌مكی فرانسیس فوكویاما بۆ "كۆتایی مێژوو"دا زۆر دیار بوو، پرسیاری له‌سه‌ر دروست كراوه، ته‌نانه‌ت ڕووخێنراوه، به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڕژێمه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان له هه‌نگاریا، توركیا و ئێسته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان.
یاخیبوونی جه‌ماوه‌ری و ئلیته باڵاكان به هه‌مانشێوه زیانیان به بینای نیولیبراڵ گه‌یاندووه. هه‌ندێكیان مێژوویه‌كی درێژیان هه‌یه. له چه‌په‌وه، یاخیبوونه‌كانی چیاپاس له ساڵی ١٩٩٤، ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی له سیاتڵ له ساڵی ١٩٩٩ و جه‌نه‌وا له ساڵی ٢٠٠١، داگیركردنی وۆڵ ستریت له ساڵی ٢٠١١ و مانگرتنه‌كانی ٢٠٢٣ له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی خانه‌نشینی له فڕه‌نسا هه‌بوون. له ڕاسته‌وه، بینیمان پارتی چای له ساڵی ٢٠٠٩ سه‌ری هه‌ڵدا، بڵاوبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه پۆپۆلیسته ڕاستڕه‌وه‌كان، له كۆبوونه‌وه‌ی نیشتمانی له فڕه‌نسا، ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ ئه‌ڵمانیا و بزووتنه‌وه‌ی ماگا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كه به توندی دژی ڕژێمی نیولیبراڵ وه‌ستانه‌وه، هه‌رچه‌نده به هۆكاری ته‌واو جیاواز له‌وانه‌ی چه‌پ.
ئه‌مڕۆ دوژمنی نیولیبراڵیزم، سیاسییهتكردنی بازاڕه‌كان به خێرایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی نیولیبراڵیزم لابردنی سیاسه‌تی ئابووری بوو له سیاسه‌تی دیموكراسی. دووباره سیاسییهتكردنی بازاڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دیار له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا ڕوو ده‌دات كه ئیداره‌ی تره‌مپ باجه گومرگییه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه، ده‌ستوه‌ردان له بڕیاره‌كانی بازرگانیدا ده‌كات و پشكی خاوه‌ندارێتی له كۆمپانیاكاندا وه‌رده‌گرێت وه‌ك ئینتێل، به‌ڵام له شوێنه‌كانی تریشدا كاریگه‌ری هه‌یه.
چین هه‌رگیز پابه‌ندی ئه‌جێندای نیولیبراڵ نه‌بووه. ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر ئه‌و سیاسه‌تانه له باوه‌ش ده‌گرێت. ئه‌م ئاراسته گۆڕینه ده‌توانرێت له سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانی ئیداره‌ی بایدنیشدا ببینرێت، له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌هێزكردنی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌مه‌ریكی له ڕێگه‌ی یاسای CHIPS و زانستی ٢٠٢٢ و خه‌رجكردنی زۆر له‌سه‌ر ژێرخان. وازهێنان له ڕژێمی نیولیبراڵ وادیاره گوازراوه‌یه، وه‌ك چۆن سه‌رهه‌ڵدانه‌كه‌ی پێنج ده‌یه پێشتر وابوو.
ئه‌گه‌ر داڤۆس حه‌جكردنی هێمایی سه‌رده‌می نیولیبراڵ بووبێت، ڕه‌نگه كۆنفرانسی ساڵانه‌ی كاری سیاسی پارێزگارخوازان وه‌ك ناوه‌ندی ڕۆحی ڕژێمێكی نوێ سه‌رهه‌ڵبدات. له كاتی ناساندنی یه‌كێك له پلانه‌كانی باجه گومرگییه‌كانی، تره‌مپ بازرگانی ئازادی به "سیاسه‌تێكی راده‌ستبوونی ئابووری یه‌كلایه‌نه" ناو برد. ئاماژه‌ی به ویستی خۆی بۆ لكاندنی گرین‌لاند كرد وه‌ك "مامه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خانووبه‌ره."
ئه‌مه پێویست ناكات داهاتووی ئێمه بێت. له ساڵانی ١٩٣٠كاندا، كاتێك ڕژێمێكی ئابووری جیهانی پێشوو ڕووخا، دوو دیدگه‌ی كێبه‌ركێكار سه‌ریان هه‌ڵدا: فاشیزم و لیبرالیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌وه ده‌ستێوه‌ردانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دژه-فاشیستی به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی دنیا بوو، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كه بڕیاری دا كامیان سه‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مڕۆ ئێمه ڕووبه‌ڕووی ساتێكی به هه‌مانشێوه نادیار ده‌بینه‌وه. پێویسته ببینین كه له‌ناو ئه‌م نادیارییه‌دا ده‌رفه‌ت هه‌یه.
بۆ باشتر یان خراپتر، ئێمه ناگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و دنیایه‌ی كه تازه به‌جێمان هێشت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان بیانه‌وێت گومان له ئاراسته‌ی نالیبراڵی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، پێویسته واز له خۆچه‌سپاندن به ڕابردووی نزیكه‌وه بهێنن. وه‌ك ڕژێمه ئابوورییه‌كانی تری پێش خۆی، ئه‌ویش ڕۆیشت. زیندووكردنه‌وه مه‌حاڵه و ئامانج لێی كاره‌ساتباره له ڕووی سیاسییه‌وه.
له‌گه‌ڵ پارچه‌پارچه‌بوونی كۆده‌نگی نیولیبراڵ، ڕه‌نگه بتوانین له ده‌ره‌وه‌ی سنوورداركردنه‌كانی بیر بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شێوازی نوێی ڕێكخستنی ژیانی ئابووریمان بخه‌ینه به‌رچاو. له‌گه‌ڵ كۆتاهاتنی په‌رستنی زۆره‌ملێی بازاڕخوازی، ده‌توانین پرسیاری نوێ له خۆمان بكه‌ین: چۆن ده‌توانین ئابوورییه‌ك ڕێكبخه‌ین كه ڕێگه به هه‌موو ئه‌مه‌ریكییه‌كان بدات گه‌شه بكه‌ن؟ چۆن ده‌توانین دڵنیا بین كه سامانی سه‌رسوڕهێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان سوود به هه‌مووان ده‌گه‌یه‌نێت؟ چۆن ده‌توانین ئابوورییه‌كی به‌رده‌وامی ژینگه‌یی بۆ منداڵ و نه‌وه‌كانمان به‌جێ بهێڵین؟ ئه‌گه‌ر زیره‌كی ده‌ستكرد (A.I.) ببێته هۆی گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌رهه‌مهێنان، چۆن دڵنیا بین كه زیاتر هه‌ر كه‌مینه‌یه‌كی بچووكی ئۆلیگارشییه‌كان سوودمه‌ند ده‌بن؟
پێویسته ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی له پێشمانن بیخه‌ینه به‌رچاو و شێوه‌گیریان بكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له "ده‌ركه‌وته نه‌خۆشییه‌كان"ی گرامشی بپارێزین كه ئێسته له نزیكه‌وه سه‌یری ئێمه ده‌كه‌ن.
نووسینی: سڤێن بێكێرت
دكتۆر بێكێرت پرۆفیسۆر له زانكۆی هارڤارد، نووسه‌ری كتێبێكه به‌منزیكانه چاپ ده‌بێت له‌سه‌ر مێژووی سه‌رمایه‌داری.
نیویۆرك تایمز
و: ڕامیار مه‌حموود