ئەمڕۆ 14 ساڵە، دانیێل میتران دۆستی نزیكی گەلی كورد و سەرۆك بارزانی و خەمخۆری پرسە سیاسییەكانی كوردستان، كۆچی دوایی كردووە.
میتران هاوسەری فرانسوا میتران كە لە نێوان ساڵانی 1981–1995، سەرۆكی فڕەنسا بوو، لە ساڵی 1924 لە ڤێردونی ڕۆژهەڵاتیی فڕەنسا لە دایك بووە و لە ساڵی 2011 كۆچی دوایی كردووە.
لە ساڵی 1991دا دوای ئاوارەبوونی سەتان هەزار كورد بۆ سەر سنوورەكان بەهۆی هێرشەكانی ڕژێمی بەعسەوە، دانیێل میتران لە پاریسەوە خۆی گەیاندە سنووری نێوان باشوور و باكوری كوردستان، لەوێ چاوی بە سەرۆك بارزانی و ئاوارە كوردەكان كەوت و لە نزیكەوە دۆخی سەختی هاووڵاتییانی كوردی بینی.
جیا لەوەی ساڵانە ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی میتران دەكرێتەوە، لە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد كە تایبەتە بە ساڵانی 1991 تا 2002، سەرۆك بارزانی رووداوەكانی مێژووی گێڕاوەتەوە، لە بەشی حەوتەمدا باس لە دیپلۆماسی و پێوەندییە دەرەكییەكانی دوای راپەڕین دەكات.
سەرۆك بارزانی لە باسی سەردانی فڕەنسادا دەڵێ، هەرچەندە سەرۆكی فڕەنسا ئامادە نەبوو پێشوازیی لە شاندی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بكات، بەڵام هەواڵی بۆ ناردین كە ئامادەیە پێشوازی لە من و مام جەلال بكات، لە رۆژی 19ی ئابی 1992، سەرۆك میتران پێشوازییەكی گەرم و خۆمانە لە من و مام جەلال كرد، لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕولان دوما وەزیری كاروباری فڕەنسا و بێرنارد كۆشنەر ئامادە بوون، میتران لە قسەكاندا گوتی، من باش دەزانم ستەمێكی گەورە لە گەلی كوردستان كراوە، ئێستە مافی خۆیەتی بە مافەكانی شاد بێت، دەرفەتێكی زێڕینتان بۆ هاتووەتە پێش و ئێستە دەتوانن چەندە توانای جێبەجێكردنتان هەیە بیپارێزن، چونكە ئاگاداری ئاڵۆزی و پارچەپارچەكردنی كوردستانن، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاری و یارمەتیدانتان.
سەرۆك نووسیویەتی، میتران پرسی ئەمەریكییەكانتان پرسی بەردەوام دەبن لەسەر پاراستنتان یان نا، ئێمەش لە وەڵامدا گوتمان بەڵێ، بەڵێنیان داوە، دواتر ئێمەیش بە دوور و درێژی باسمان لە بارودۆخی كوردستان و ئامانجی سەردانەكەمان بۆ ئەمەریكا و ئەگەری بەستنی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و پەسندكردنی فیدراڵی كرد.
"دواتر سەرۆك میتران رووی لە من و مام جەلال كرد و پێی گوتین، چۆن توانیتان پارتی و یەكێتی بگەیەننە رێككەوتن، سەرەڕای ئەو كێشە و گیروگرفتانەی كە هەبوون، من لە وەڵامدا گوتم جەنابی سەرۆك، بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لە كەسەكان و حزبەكان گرنگترە، دواتر گوتی زۆر خۆشحاڵت كردم بە وەڵامەكەت". سەرۆك بارزانی وای نووسیوە.
هەروەها دەڵێ، سەرۆك میتران لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، گەلی كوردستان گەلێكی قەرەمانە و شایانی هەموو پشتگیرییەكە، بزانن هێزەكەتان لە یەكگرتنی ناوخۆییتاندایە و كوردستان دەتوانێ متمانە بە فڕەنسا بكات، راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان دەكەین تا دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی سیاسی، پێویستە پاراستن و پشتگیری خەڵكی كوردستان بەردەوام بێت.
ساڵی رابردوو، سەرۆك بارزانی لە كاتی بەشداری لە رێوڕەسمی یادی 100 ساڵەی لەدایكبوونی دانیێل میتران لە هەولێر، لە گوتارێكدا ڕای گەیاند "ئەو خاتوونە، مافێكی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵكی كوردستان هەیە".
میتران پێوەندییەكی تایبەت و زۆری لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كورد هەبوو. ئەو بە بەردەوامی پشتگیریی خۆی بۆ داخوازییەكانی گەلی كورد دووپات دەكردەوە.
میتران لە ساڵی 2009 سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە پەرلەمان گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم، لە كوردستان هەست دەكەم كە لە وڵاتی خۆمم، ئێمە یەك خێزانین. هەمەڕەنگیییەكەی پەرلەمان نیشانەی دەوڵەمەندییە و جێگەی شانازی و سەر بڵندییە بۆ پەرلەمانەكەتان.
لە خۆشەویستیی گەلی كورد بۆ ئەو خاتوونە، ئێستە شەقامێكی سەرەكی بەناو ئەو دۆستەوە نراوە و خەڵكی كوردستان باش دەیناسن كە چ پێوەندییەكی تۆكمە و مێژووی لەگەڵ كوردستان هەبووە.