مالیكی دەتوانێت بگەڕێتەوە دەسەڵات؟

:: PM:06:24:22/11/2025 ‌

پیش هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق و دوای ئەوەش ناوی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەك یەكێك لە كاندیدە بەهێزەكانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دێت، ئەو لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لە لایەن ئێرانیشەوە چانسی زۆری هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی هەردوو ماڵی كورد و سوننە و لە دەرەوەش لە لایەن وڵاتانی كەنداو و توركیا و ئەمەریكاش تێبینیی زۆری لەسەرە.

هاوكات لەگەڵ سەردانیكردنی مالیكی ئەمڕۆ شەموو بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە هەولێر، حزبی دەعوەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێكدا نووری مالیكی ئەمینداری گشتیی حزبەكەی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی نوێ كاندید كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەزموون و توانای بەڕێوەبردنی ئەو قۆناغە هەستیارەی هەیە، كە پێویست بە دەسەڵاتێكی پێگەیشتوو و هاوسەنگی سیاسی دەكات.

لای خۆیەوە باقر ساعیدی پەرلەمانتار دەڵێت، دۆخی عێراق و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە پێویست بە بوونی دیدێكی روون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ماف و بەركەوتەكان و ئامادەبوون بۆ ئیدارەدانی حكوومەتی داهاتوو بەو شێوەیە دەكەن كە ئاسایش و ئارامی بێتە پاراستن و بە رژدی چارەسەری تەنگژەی ئابووری بكرێت.

روونی كردەوە، كاندیدكردنی حزبی دەعوە بۆ مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راستەوخۆ لە لایەن 75 بۆ 80%ی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی دەكرێت، ئەوەش بەهۆی توانای بۆ بەڕێوەبردنی كێشە تەناهی و ئابوورییەكان و چارەسەركردنی دۆسییە گرنگەكان، ئاشكرای كرد كە هێزە كوردی و سوننەكان پاڵپشتی لە مالیكی دەكەن و ڤیتۆ لەسەر كاندیدبوونی نییە، بۆیە پێمان وایە ئێستە كاندیدكردنی مالیكی بژارە و خواستی بەشی زۆری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و پێشبینی دەكەین ببێتە سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق.

لای خۆیەوە د. محەمەد نەعناع توێژەری سیاسی پێی وایە كە مالیكی هەندێك خاڵی بەهێز و هەندێكی تری لاوازی هەن لە هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لەوانە توانای لێكنزیككردنەوەی ناو ماڵی شیعەی هەیە، جیا لە توانای بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا، كارتی گوشاری لەسەر لایەنە سوننەكان هەیە و توانای نزیككردنەوەی هێزە كوردییەكانیشی هەیە لە رێگەی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

ئاماژەی كرد، بەڵام هاوكات ئەو لایەنی لاوازیشی هەیە، وەك پشتنەبەستنی بە پڕۆژەیەكی دیاریكراو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تەنیا پشت بە بۆچوونەكانی خۆی دەبەستێت، بۆیە وەك هەر بەرپرسێكی تری عێراقی بۆچوونی رۆژانەی هەیە، ئەو بۆ مانەوەی لە دەسەڵات چاو لە گەندەڵی دەبەستێت و ئاسانكاری لەپێناو دروستكردنی گەلەكۆمە و لۆبیكردن لە دژی نەیارەكانی دەكات، تەنانەت ئەگەر پێویست بكات خودی خۆی ئەو كارە دەكات، واتە هێرشكردنە سەر نەیارەكانی، ئەو وەك پاشخانی ئاینی و ئاكاری كەسی، كەسێكی تایفی نییە، بەڵام سوود لە گەرمكردنی تایفیەت دەبینێت و توانای هەڵگیرسان و رووژانی هەیە.   

نەعناع دووپاتی كردەوە، هاوكات ناوی مالیكی وەك وابەند لەگەڵ كەوتنی سێیەكی خاكی عێراق بە دەستی داعش لە سەردەمی ئەو دەمێنێتەوە، ئەوەش رەخنەكان لە دژی زیاتر دەكەن و وا دەكەن بە بەردەوام رەخنەباران بكرێت، لە رووی تەكنیكەوەش لە بوارەكانی وزە و چەك و هیتریش لاوازە، جیا لەوەی لەو بابەتانە پشت بە راوێژكاری متمانەپێكراو نابەستێت. 

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆبوونەوەیەك خۆی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان راگەیاند و ئێستە خەریكی دیاریكردنی كاندیدی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەپێی زانیارییەكان لیژنەیەكی تایبەت خەریكی وەرگرتنی سیڤی و چاوپێكەوتنە لەگەڵ كاندیدان و ناوی 15 كاندیدیان لایەن، سەرچاوەكان باسی سێ ناو دەكەن كە كێبەركێكە لە نێوان ئەوانەیە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.

بەپێی سەرچاوەكان چانسی هەریەك لەوانە بە پاڵپشتیكردن و دەسەڵاتیان لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەڵوێستی كورد و سوننە و مەرجی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا، كە هەژموونیان بەسەر عێراق هەیە بەندە، جیا لە سوودانی و شەتری، نووری مالیكی وەك كاندیدێكی بەهێز ناوی دێت لە ئەگەری شكستهێنانی سوودانی و شەتری، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتییەكەی لە 2014، كورد و سوننە بە هاتنەوەی رازی نین و ئەمەریكا و كەنداویش گومانیان لەسەر هەیە، بۆیە تاكە چانسی ئەو خستنەڕووی ناویەتی لە دوا ساتەكان لە حاڵەتی شكستهێنانی كاندیدەكانی تر، ئەگەرچی  بە گەڕانەوەی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەت پێشبینی دەكرێت زۆر توند و فەرمانڕەوایەتییەكی ناوەندی هەبێت، كێشە لەگەڵ كورد و سوننە و سەدرییەكان دروست بكات و پێوەندییەكانی دەرەوەش جگە لە تاران لەگەڵ وڵاتانی تر سارد بكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل