مارك ساڤایا بۆ كۆتاهێنان بە گرووپەكانی حەشد سێ بژاردە دەخاتە بەردەم شیعەكان

:: PM:01:34:24/11/2025 ‌
لایەنە شیعەكانی عێراق چاوەڕێی هاتنی مارك ساڤایا دەكەن و چاودێران پێیان وایە: سێ بژاردە دەخاتە بەردەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق گەیشتوونەتە قۆناغێكی هەستیار، مەرجی ئەمەریكاش بۆ شیعەكان هەڵوەشانەوەی گرووپەكانی حەشدی شەعبییە و ئێرانیش فشاری مانەوەی دەكات.

چاوەڕێ دەكرێت لەم رۆژانەدا مارك ساڤایا نوێنەری سەرۆك ترەمپ بگاتە بەغدا و وەك لایەنە شیعییەكان رایان گەیاندووە، ئەمەریكا سێ بژاردەیان بۆ گرووپە چەكدارەكان و سەرۆك وەزیرانی نوێ دەخاتە بەردەم.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی ڕۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)، سێ پێشنیاز بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حەشد لەسەر مێزن، "توانەوەی حەشدی شەعبی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت و ڕادەستكردنی چەكە قورسەكان." هاوكات  "كەمكردنەوەی ژمارەی چەكدارەكان بۆ ئەوەی قورساییان لەسەر بودجە كەم ببێتەوە و فەرماندەی گشتی بتوانێ كۆنترۆڵیان بكات". هەروەها مانەوەی پێكهاتەكە وەك خۆی، بەڵام بڕینی پێوەندییان بە هێزە سیاسییەكانەوە و خستنەژێر ڕكێفی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان".

 بەپێی قسەی سەركردەكانی شیعیە، ئەمەریكا سوورە لەسەر ئەوەی چیتر هیچ هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی حكوومەت نەمێنێت، ئەمەشی بەڕوونی وەك مەرج بۆ هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی داهاتووی عێراق دەخاتە بەردەم لایەنەكان.

ئێران هەوڵی مانەوەی ئەو گرووپانە دەدات و پێی وایە تاكە هێزن لە ناوچەكە بەسەلامەتی لە ماوەی رابردوو ماونەتەوە، بەر هێرش و پەلاماری ئیسرائیل و ئەمەریكا نەكەوتوون.

بەرپرسانی ئێران هەموو ئومێدێكیان لە عێراق بەلایەنە شیعییەكان بەر لەوانیش بە گرووپە چەكدارەكانە، بۆیە هەرچییان لە دەست بێت بۆ مانەوەی ئەو گرووپانە دەیكەن.

نووری مالیكی ئاشكرای دەكات كە گرووپە چەكدارەكان، ئامادەن چەكە قورسەكانیان ڕادەست بكەن و تێكەڵ بە دەوڵەت بن.




وشە - سۆران عەزیز