هەوڵەكان بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆكرانیا كە ئێستە نزیك دەبێتەوە لە چوارەمین ساڵی، هەموویان شكستیان هێناوە. ئێستە ڕاپۆرت كراوە كە ئیدارەی ترەمپ پێوەندیی بە ڕووسیاوە كردووە بۆ داڕشتنی پلانێكی نوێ بۆ كۆتاهێنان بە ململانێكە، بەڵام ئەمە پێویستی بەوە هەیە كە كیێڤ دەستبەرداری خاك بێت و قەبارەی سوپاكەی كەم بكاتەوە، ئەمە مەرجگەلێكە كە ئۆكرانیا لە مێژە ڕای گەیاندووە قبووڵكراو نین.
بەو شێوەیەی ئێستە ئۆكرانیا لێی دراوە، بەڵام بەردەوامە لە ڕاگرتنی ڕووسیا لە پێشڕەوییەكی پچڕپچڕ. ڤلادیمێر پوتین ئابووری ڕووسیای گونجاندووە لەگەڵ جەنگەكە و سوورە لەسەر بڕیارەكەی بۆ بێلایەنكردنی ئۆكرانیا و مسۆگەركردنی لە بازنەی ڕووسیادا.
چی پێویستە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت؟
ناڕوونە كە ڕێككەوتنە نوێیەكە بەرەو كوێ دەڕوات. لێرەدا ئەوەی حەوت پسپۆڕ لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئەوروپا و ڕووسیا پێیان وایە كە پێویستە چی بكرێت. فراوانیی پێداویستییەكانیان كە لە پابەندبوونی زیاتر بە دیپلۆماسییەتەوە دەست پێ دەكات، تا پشتیوانی زیاتری چەك بۆ ئۆكرانیا و پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەی ناتۆ، پەنجەرەیەكە بۆ كارە سەختەكەی بەردەممان.
ئاگربەست یەكەم هەنگاوە
ئیڤان كراستێڤ سەرۆكی سەنتەری ستراتیجییە لیبراڵییەكان، سۆفیا، بولگاریا
جەنگەكان كۆتایی دێن كاتێك لایەنێك دەیباتەوە یان هەردوو لایەن هیوا بە بردنەوە لە دەست دەدەن. ئێمە نەگەیشتووینەتە هیچ كام لەو ساتانە لە ئۆكرانیا. ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگدا خاوەنی پێگەیەكی ستراتیجییە، بەڵام زۆر دوورە لە بردنەوە، ئابوورییەكەی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە لاواز بووە، بەڵام زۆر دوورە لە داڕمان. هەموو ئەوەی كە بەشێوەیەكی واقیعی دەتوانین هیوای بۆ بخوازین لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئاگربەستێكە، نەك ڕێككەوتنێكی ئاشتیی گشتگیر.
پوتین تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر ئاگربەستێك دەدات ئەگەر خزمەت بە ئامانجەكانی جەنگەكەی بكات: بۆ ناسەقامگیركردنی دەسەڵاتی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی لە ئۆكرانیا، دروستكردنی ئاژاوەی ناوخۆیی و قووڵكردنەوەی دابەشبوونەكان لەناو هاوپەیمانی ڕۆژئاوادا. ئۆكرانیا ماندووە و داوای وەستاندنی شەڕ دەكات، بەڵام تەنیا ڕەزامەندی لەسەر ئاگربەستێك دەدات ئەگەر پێوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا بەهێز بكات و كاردانەوەی ناوخۆیی دروست نەكات.
ئاگربەستێك لە ساڵی ٢٠٢٦دا لەوانەیە بێتە دی ئەگەر مۆسكۆ پێی وابێت كە كۆتاهێنان بە دوژمنایەتییەكان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانی ترەمپ بۆ لای خۆی، ئەگەر كیێڤ پێی وابێت كە وەستانەكە كات و پشتیوانی ڕۆژئاوای پێ دەدات بۆ دووبارە چەكداركردن و یەكخستنەوە. بۆ هەردوو لایەن، ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە زیاتر مانۆڕێكی تاكتیكی دەبێت نەك هەنگاوێك بەرەو ئاشتییەكی درێژخایەن. هێشتا كاتێك ئاگربەستێك جێبەجێ كرا، لەوانەیە لەوە بەردەوامتر بێت كە هەردوو لایەن چاوەڕێی دەكەن. بۆیە كۆتایی جەنگەكە لەوانەیە وەك دەرئەنجامێكی نەویستراو بێتە دی.
پرۆسەیەكی دانوستاندنی ڕاستەقینە
ساموێل چاراپ سەرۆكی دیار لە سیاسەتی ڕووسیا و ئۆراسیا و زانای سیاسی باڵا لە كۆمپانیای ڕاند.
ترەمپ بە ڕاستی سەرنجی نێودەوڵەتی خستووەتە سەر كۆتاهێنان بە جەنگی ڕووسیا- ئۆكرانیا و هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ كردنەوەی كەناڵەكانی پێوەندی لە بەرزترین ئاستدا، بەڵام پارچەیەكی سەرەكی مەتەڵەكە هێشتا ونە: پرۆسەی دانوستاندنی ڕاستەقینە.
ئەو دیپلۆماسییەتەی تا ئێستە بینراوە پچڕپچڕ، بێ پێكهاتە و زۆر ئاشكرا بووە. بەڵام ئەو پرۆسە دانوستاندنانەی كە بە سەركەوتوویی ململانێ چەكدارییەكانی ڕابردوویان بە هەمان چڕی چارەسەر كردووە، بەردەوام پێكهاتەمەند و تا ئاستێكی زۆر نهێنی بوون. ئەم جۆرە گفتوگۆیانە كە نوێنەرانی دەسەڵاتداری لایەنە شەڕكەرەكان و پشتیوانە دەرەكییە سەرەكییەكانیان و هەروەها ناوبژیوانی بە ئەزموون لەخۆ دەگرێت، پێویستن بۆ دەستنیشانكردنی سازانەكان، تێگەیشتن لە بواری سازشكردن و بەشێوەیەكی سەرەكی، تاقیكردنەوەی ئەو پێشنیازەی كە لایەنەكەی تر ئامادەیە پابەند بێت بە ئاشتییەوە. دانوستاندنە ڕاستەقینەكان تەنیا ڕێگەن بۆ دوژمنە تووڕەكان، بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕە كەمەی متمانەدان بە نیازەكانی یەكتر كە پێویستە بۆ ئەوەی دەرفەتێك بە ئاشتی بدەن.
لە ماوەی كورتدا دانوستاندنەكان دەبێت ئامانجیان شكاندنی بنبەستی ئێستە بێت لەسەر پێڕەوكردن. زیڵنسكی، ترەمپ و سەركردەكانی ئەوروپا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دوژمنایەتییەكان دەكەن بۆ ئەوەی ڕێگە بە گفتوگۆكان بدرێت لە بارودۆخێكی ئاشتییانەدا بەردەوام بن. پوتین پێی وایە بەردەوامیدان بە شەڕەكە دەسەڵاتی پێویستی پێ دەدات، بۆیە پێداگریی لەسەر چارەسەرێكی سیاسی پێشوەختە دەكات. گەمارۆدان لەسەر كۆمپانیا نەوتییەكانی ڕووسیا یان تەنانەت دابینكردنی مووشەكی دوورهاوێژ وەك تۆماهۆك بۆ ئۆكرانیا، ئەگەری كەمە ڕازی بكات دەستبەرداری ئەو پێگەیە بێت.
دانوستانكاران دەبێت ئامانجیان كردنەوەی ئاگربەستێك بێت بەدوای ڕێككەوتنێكی چوارچێوەییدا: بەڵگەنامەیەكی كورت كە بنەما و پارامەترەكانی چارەسەرێكی دانوستاندنی داهاتوو دیاری دەكات. ئەمە متمانە و تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر توخمە سەرەكییەكانی ڕێككەوتنێكی ئاشتی تەواو لە كۆتاییدا بەهێز دەكات، ئەوەندە بەسە بۆ قایلكردنی پوتین بۆ كۆتاهێنان بە شەڕەكە.
چارەسەرێكی كۆتایی چەندان مانگ ئەگەر نەڵێین چەندان ساڵ، لە دانوستاندنی پێكهاتەمەند دەخایەنێت بۆ ئەوەی كۆتایی پێ بێت. بەڵام بە ڕێككەوتنێكی چوارچێوەیی و ئاگربەستێكی هاوكات، ئەو گفتوگۆیانە بەبێ مردن و وێرانكاری كە ئێستە لە گۆڕەپانەكانی جەنگی دۆنباسەوە تا شارە گەورەكانی ئۆكرانیا درێژ دەبێتەوە، بەردەوام دەبن.
گەرەنتییە تەناهییەكان بۆ ئۆكرانیا
پاڤلۆ كلیمكین وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا لە حوزەیرانی ٢٠١٤ تا ئابی ٢٠١٩:
پلانێك بۆ كۆتاهێنان بە دەستدرێژییەكانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ناتوانێت پڕۆژەی گرووپێكی سنوورداری سیاسەتمەداران و دیپلۆماتكاران بێت. ئەم جەنگە لەسەر "ئاسایشی" ڕووسیا یان داواكارییەكانی خاك نییە، لەسەر ناسنامە و سەروەریی ئۆكرانیایە. ئامانجی ڕووسیا ئەوەیە كە یەكەمیان ڕەت بكاتەوە بە بانگەشەكردنی ئەوەی كە ئۆكرانیا بەڕاستی بەشێكە لە ڕووسیا، دووەمیش سنووردار بكات بە دانانی سنوورداركردن لەسەر سوپای ئۆكرانیا و ئاراستەكەی.
ڕاستییەكەی لەو كاتەی ململانێكە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێ كرد، كاتێك ڕووسیا كریمیای لكاند و دەستی بە پشتیوانیكردنی جوداخوازان لە دۆنباس كرد، ئۆكرانیا بە ئاشكرا ئەندامێتی لە هەر بلۆكێكی سەربازیدا قەدەغە كرد. بەڵام ئەمە هیچ مانایەكی بۆ ڕووسیا نەبوو. بۆ ڕووسیا، ئۆكرانیا تەنیا دەتوانێت وەك بەشێك لە دەسەڵاتی ڕووسیا و ئەفسانەی ڕووسیا بوونی هەبێت.
ڕێگەدان بە ڕووسیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی، نەك تەنیا وادەكات رۆژئاوا لاواز دەربكەوێت، بەڵكو بە زەحمەت متمانەپێكراو دەبێت بۆ خۆی و دنیا. متمانەپێكراوی ئەو لەسەر بوێری و كاریگەریی گەرەنتییە تەناهییەكانی رۆژئاوا بۆ ئۆكرانیا وەستاوە. هەر شتێك لەوە كەمتر بێت ئاشتییەكی بەردەوام و درێژخایەن بەرهەم ناهێنێت، نە بۆ ئەوروپا و نە بۆ ڕووسیا.
گەرەنتیكردنی ئاسایشی ئۆكرانیا، هەروەها گەرەنتییەكی تەناهی دەبێت بۆ ڕووسیا، چونكە ئۆكرانیایەك كە تێكەڵ بە رۆژئاوا بووبێت، هەڕەشە بۆ سەر هیچ كەسێك دروست ناكات، جگە لەوانەیە بۆ ئەفسانەكانی ڕووسیا بیكات.
ڕووسیا پێویستی بە دیدگە و ئەفسانەیەكی نوێ هەیە، بەڵام ئەوە بۆ ڕووسەكانە كە دایبڕێژن. هەموو نەتەوەیەك مافی هەیە ناسنامە و سەروەریی خۆی دیاری بكات و ئەگەر پێویست بێت، وەك لە ئۆكرانیای ئەمڕۆدا، بۆی بجەنگێت. ئاشتی لە ئۆكرانیا بەبێ بڕیاری سەخت لەلایەن هەموو لایەنە بەشدارەكانەوە مومكین نییە، بەڵام ئەمە هێزی دەوێت.
چەك، نەك تەنیا گەمارۆ
ئەنجێلا ستێنت ئەندامی باڵا لە پەیمانگەی پڕۆژەی ئەمەریكی:
سەرەڕای هەوڵە دووبارەكانی ئیدارەی ترەمپ بۆ هێنانی پوتین بۆ سەر مێزی دانوستاندن، هیچ شتێك لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا نەگۆڕاوە، جگە لە هێرشە دڕندانە و زیاترەكانی ڕووسیا بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەكان و ژێرخانی وزەی ئۆكرانیا. پوتین نە بە دەستخۆشییەكانی ترەمپ و نە بە هەڕەشە شاراوەكانی كاری تێناكرێت.
كەواتە ویلایەتە یەكگرتووەكان چۆن دەتوانێت وابكات پوتین حیساباتی خۆی بگۆڕێت؟ گەمارۆكانی ئەمدواییە لەسەر ڕۆسنێفت و لوكۆیل دەستپێكێكی باشن. یەكێتیی ئەوروپاش گەمارۆی زیاتری خستووەتە سەر ڕۆسنێفت و گازپرۆم نەفت. هەرچەندە لەوانەیە هێشتا زیاتر پێویست بێت، بەڵام پێكەوە ئەو پەیامە دەگەیەنن كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی رژدن، لە كاتێكدا ئابووری ڕووسیا ڕووبەڕووی پاشەكشەیەكی نزیك دەبێتەوە و كەمیی بەنزین بڵاو دەبێتەوە.
بەڵام گەمارۆكان بەس نین. ئۆكرانیا پێویستە بتوانێت چەكی زیاتر بكڕێت بۆ ئەوەی قەناعەت بە پوتین بكات كە لە گۆڕەپانی جەنگدا نایباتەوە. یەكێتیی ئەوروپا دەبێت گومانە ماوەكانی ئەندامەكانی لەسەر بەكارهێنانی سەرمایە سڕكراوەكانی ڕووسیا بۆ دابینكردنی قەرزێكی ١٤٠ ملیار یۆرۆیی بۆ ئۆكرانیا بۆ كڕینی ئەو چەكانە چارەسەر بكات. بە هەمانشێوە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبێت ڕێگە بە ئۆكرانیا بدات مووشەكەكانی تۆماهۆك بكڕێت.
ئاگربەستێك بەدرێژایی هێڵی ئێستەی بەریەككەوتن، تەنیا سەرەتای ڕێگەیەكی درێژ و پڕ لە ئاستەنگ دەبێت بۆ كۆتاهێنان بە جەنگەكە. ئۆكرانیا پێویستی بە گەرەنتیی تەناهی متمانەپێكراو دەبێت بۆ ڕێگریكردن لە ڕووسیا لە دووبارە داگیركردنەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا. تەنانەت ئەگەر ئەوروپییەكان توانیشیان هێزێكی سەقامگیركەر دابین بكەن، بەبێ پشتیوانیی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئەو هێزە سنووردار دەبێت لەوەی كە دەتوانێت بیكات.
یەكەم هەنگاو بۆ كۆتاهێنان بە شەڕەكە ئاگربەستێكە. بەڵام بەبێ پشتیوانی بەهێزی رۆژئاوا بۆ ڕێگریكردن لە پوتین لە دەستپێكردنەوەی جەنگەكە، سووربوونی ئەو لەسەر ملكەچكردنی ئۆكرانیا هەر دەمێنێتەوە.
كەمپینی زۆرترین فشار
ئەلینا پۆلیاكۆڤا سەرۆكی سەنتەری شیكاری سیاسەتی ئەوروپا لە واشنتن
لە ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢، مووشەكێكی ڕووسی بەر پاركێك لە ناوەڕاستی كیێڤ كەوت، كە كونی گەورەی لە ناوەڕاستی یاریگەیەكدا بەجێهێشت. لێدانی مووشەكەكانی ڕووسیا لەو كاتەدا زۆر بوون، نزیكەی هەشت مانگ بوو بەسەر "جەنگە گەورەكەدا" تێپەڕیبوو، وەك ئۆكرانییەكان بە داگیركاری ڕووسیا دەڵێن. بەڵام ئەو هێرشە بۆ سەر پاركی تاراس شێڤچێنكۆ، هەستم بەوە دەكرد كە زۆر كەسییە بۆ من؛ وەك منداڵێك كە لە كیێڤ گەورە بووم، چەندان ڕۆژم لەو یاریگەیەدا بەسەر برد. هەرچەند لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا، كونەكە پڕ كرایەوە و منداڵان گەڕانەوە.
ئەم خۆڕاگرییە سەرنجڕاكێشە شێوەی بە خەباتی ئۆكرانیا بۆ مانەوە داوە بۆ نزیكەی چوار ساڵ، سەرەڕای هەموو پێشبینییە سەرەتاییەكان بۆ شكستی حەتمی ئۆكرانیا. بەڵام هەروەها ئۆكرانیای كردووەتە قوربانی سەركەوتنی خۆی، هەستی بە پەلەبوونی لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدان كەم كردووەتەوە. لەم ناوەندەدا سوپا و ئابووری ڕووسیا لەگەڵ جەنگەكەدا گونجێنراون. كۆتاهێنان بە جەنگەكە ئێستە، نەك دوو ساڵ لەمەوبەر، كاتێك سوپای ڕووسیا شڵەژاو بوو و ئابوورییەكەی زۆر زیاتر لاواز بوو بەرانبەر بە فشار، زۆر سەختترە.
كۆتاهێنان بە جەنگەكە ئەمڕۆ پێویستی بە كەمپینێكی زۆرترین فشار لەسەر ڕووسیا دەبێت بۆ ناچاركردنی پوتین بۆ سەر مێزی دانوستاندن، لەگەڵ پلانێكی بەرگری و ڕێگریكردنی كاریگەر كە لەلایەن ئەوروپییەكانەوە سەرپەرشتی بكرێت. ئەمە دابینكردنی مووشەكی دوورهاوێژ بۆ لێدانی كەرتی وزەی ڕووسیا، جێبەجێكردنی گەمارۆكان لەسەر لوكۆیل و ڕۆسنێفت، بێهیواكردنی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە پشتیوانی سوپای ڕووسیا دەكەن. بەڵام ئەوروپا دەبێت دەست بە دەستبەسەرداگرتنی "كەشتیگەلی سێبەر"ی ڕووسیا بكات كە نەوتی ڕووسیا هەناردە دەكەن، دەست بخاتە سەر پارە سڕكراوەكانی ڕووسیا بۆ یارمەتیدانی ئۆكرانیا و خەرجییەكانی بەرگریی خۆی زیاد بكات.
ئۆكرانیا بێگومان دەبێت سازش بكات، بە ئەگەری زۆرەوە سازشی خاك. بەڵام بەدەستهێنانی هەر ڕێككەوتنێكی ئاگربەست لە ڕووسیاوە پێوەست دەبێت بەوەی كە هاوپەیمانەكانی ئۆكرانیا چەندە ئامادەن فشاری بخەنە سەر، لە هەموو ئاراستەكانەوە.
كۆتاهێنان بە فراوانخوازی رۆژئاوا
سێرگی كاراگانۆڤ بەڕێوەبەری فاكەڵتی ئابووری جیهانی و كاروباری نێودەوڵەتی لە قوتابخانەی باڵای ئابووری مۆسكۆ و ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆك بۆریس یێڵتسین و ڤلادیمێر پوتین:
ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەكان، كاتێك ئەمەریكییەكان بە پشتیوانی زۆر لە ئەوروپییەكان، بڕیاریان دا ناتۆ فراوان بكەن. من لەو كاتەدا هەوڵم دا هاوكارانم لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا كە ئەوكات هێشتا دۆست بوون، ئاگادار بكەمەوە كە ئەمە دەبێتە هۆی جەنگ. بەداخەوە ڕووسیا كە ئەوكات لاواز بوو و هێشتا متمانەی بە هاوبەشە رۆژئاواییەكان بوو، لە ساڵی ١٩٩٧ ڕەزامەندیی دا لەسەر واژووكردنی یاسای دامەزرێنەری ناتۆ- ڕووسیا، كە زەوینەی بۆ فراوانكردنی زیاتری هاوپەیمانییەكە خۆش كرد. دوژمنایەتی و ڕووسیافۆبیا دەستیان بە بەرزبوونەوەی نوێ كرد لە ئەوروپا و تەنانەت ویلایەتە یەكگرتووەكان.
ئەمڕۆ هێزە سەربازییەكانی ڕووسیا لە پێشڕەویدان و بەشێوەیەكی تاكتیكی دەیبەنەوە، بەڵام خەڵك بەردەوامن لە مردن. دەتوانین ئاگربەستێك بەدەست بهێنین، شەڕەكە لە شوێنێك بەدرێژایی بەرەی ئێستە یان بە ئەگەری زیاتر و زیاتر بەرەو رۆژئاوا ڕابگرین، بەڵام جەنگەكە بە ڕاستی كۆتایی نایەت تا كێشە سەرەكییەكە كە فراوانخوازیی توندوتیژی هاوپەیمانی سەربازی- سیاسی رۆژئاوایە چارەسەر نەكرێت، ئۆكرانیا بە تەواوی بێچەك و بێلایەن نەكرێت.
ئەگەر نا جەنگەكە زوو یان درەنگ دەست پێ دەكاتەوە. ئەوكات لەوانەیە شێوەیەكی ئەتۆمی وەربگرێت. دەتوانین جەنگەكە لە ئەوروپا "ببەینەوە" ئەگەر بزانین هیچ ڕێگەیەكی تر نییە، بەڵام ئەوە شكستێكی ئەخلاقیش دەبێت. بۆیە نوێژ دەكەم كە بتوانین هەندێك هۆش بۆ ناو چینی باڵای ئەوروپا بگەڕێنینەوە.
خۆ ئامادەكردن بۆ جەنگێكی ساردی نوێ
ستیڤن سێستانۆڤیچ ئەندامی باڵا بۆ لێكۆڵینەوەكانی ڕووسیا و ئۆراسیا لە ئەنجوومەنی پێوەندییە دەرەكییەكان:
جەنگی تەواو قەبارە، ئەزموونێكی زۆر گران و تێكدەرە بۆ زۆربەی كۆمەڵگەكان، هەردوو ڕووسیا و ئۆكرانیا نیشانەی ماندووبوون دەردەخەن. قەیسەری كرێملین پێویست ناكات (هێشتا) نیگەران بێت لە ناڕەزایەتییەكانی سەر شەقام یان كێبەركێی بازنەی ناوەوەی. بەڵام سەرەڕای هەموو شانازییە ڕەوانبێژییەكانی پوتین، هەواڵی خراپی ئابووری ئاماژە بە لاوازییەك دەكات كە ناتوانێت بە سادەیی پشتگوێی بخات. قۆستنەوەی ئەمە بە پەلە، بە چەكی باشتر، ئامانجگرتنی توندوتیژتر، گەمارۆی باشتر جێبەجێكراو، تەنیا ڕێگەیە كە كیێڤ و هاوپەیمانەكانی دەتوانن لاوازیی پوتین بكەنە خاڵێكی وەرچەرخان.
هەموو ئەمانە بە پەلەن، چونكە فشارەكان لەسەر ئۆكرانیاش زیاد دەكەن. دیمەنی ئابووری ئەو لەوەش بێهیواترە لە هی ڕووسیا، ڕووبەڕووی دوژمنێك دەبێتەوە كە پلانی هەیە هەموو زستان لە شارەكانی بدات، تا تاریكی و سەرما و نەهامەتی یەكێتیی نەتەوەكە لەت لەت دەكات. شەش مانگی تر بانگەشەكانی سەركەوتنی پوتین لەوانەیە هێندەی ئەمڕۆ ساختە دەرنەكەون.
بۆ پاراستنی ئاشتی كاتێك شەڕەكە لە كۆتاییدا دەوەستێت، پشتیوانانی ئۆكرانیا تا ئێستە زۆر بەرتەسك سەرنجیان خستووەتە سەر "گەرەنتییە تەناهییەكان"، وەك ئەوەی فۆرمۆلەیەكی زارەكی پیرۆز بتوانێت پاراستنێكی متمانەپێكراو لە دژی هەڕەشەكانی ڕووسیا لە داهاتوودا دابین بكات. ئەوەی ئاشتی لە كاتی جەنگی سارددا پاراست، پەیمانی پەیماننامەی ناتۆ نەبوو كە هێرشكردنە سەر یەكێك، هێرشكردنە سەر هەمووانە. هێڵی نێوان دوو نیوەكەی ئەوروپا بۆ دەیان ساڵ مایەوە، چونكە هاوكاری لە نێوان هاوپەیمانە رۆژئاواییەكاندا بەهێز مایەوە كە بە تۆڕێك لە پێوەندی و دامەزراوە سیاسی، ئابووری، سەربازی، كۆمەڵایەتی، تەنانەت كولتوورییەكان بەردەوام بوو.
ئەم پێوەندییانە جەنگی ساردیان بە ئاشتی هێشتەوە. ئەوان یارمەتیی كۆمەڵگە رۆژئاواییەكانیان دا سەركەوتوو بن، لە كاتێكدا مانگە دەستكردەكانی سۆڤییەت بە هێواشی شكستیان دەهێنا. بۆ پاراستنی ئۆكرانیا لە دەیەكانی داهاتوودا، هەندێك وەشانی هەمان ئەو تۆڕە هاوكارییە دەبێت لەو ساتەوەی ئاگربەستێك ڕادەگەیەنرێت، جێگیر بێت. دروستكردنی نەك تەنیا قسەكردن لەسەری، ئەركی ڕاستەقینەی سەركردەكانی رۆژئاوایە. هیچ بەڵگەنامەیەكی تاك، هیچ دەنگدانێكی پەرلەمانی، هیچ لیستی شەرەفێكی هاوپەیمانی، هیچ جێگیركردنێكی هێزەكانی ئاشتیپارێز، ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە. مەرجەكانی ئاگربەست نابێت ڕێگریی لەو پێوەندییانە بكات. ئەگەر ئەوان گەشە بكەن، ئۆكرانیا سەركەوتوو دەبێت و ئاشتییەكە بەردەوام دەبێت.
سێرژ شمێمان لە ساڵی ١٩٨٠ پێوەندیی بە ڕۆژنامەی تایمزەوە كرد و وەك سەرۆكی نووسینگە لە مۆسكۆ، بۆن و ئۆرشەلیم و لە نەتەوە یەكگرتووەكان كاری كردووە. ئەو سەرنووسەری لاپەڕەی وتارەكان بووە لە ڕۆژنامەی ئینتەرناشناڵ هێرالد تریبیون لە پاریس لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣.
نیویۆرك تایمز
وشە