مەسروور بارزانی: كەرتی پیشەسازی وەكو هەموو كەرتەكانی تر زیاتر پەرەی پێ دەدەین

:: PM:04:05:26/11/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی كارگەی (تەكنەلۆجیای زێڕین 2) لە هەولێر، رای گەیاند، لە هەموو گفتوگۆكانماندا لەگەڵ دۆستەكانمان، لەگەڵ كونسوڵخانەكان، لەگەڵ باڵیۆزەكان، لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە و داواشمان لێكردوون كە بیر لەوە بكەنەوە بەشێك لە كارەكانیان، لە دروستكردنی ئامێرەكانیان، بهێننە هەرێمی كوردستان.

دەقی گوتارەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا

زۆر زۆر بەخێر بێن و سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان دەكەم

ڕۆژتان باش

خۆشحاڵم كە لەگەڵتانم بۆ دانانی بەردی بناغەی بەشی دووەمی ئەم كۆمپانیایە، كە ZMC Group خاوەندارێتی دەكات و سوپاسی كاك عومەر دەكەم بۆ دروستكردنی ئەو ئامێرە تەكنەلۆژیانەی كە لێرە لەم كۆمپانیایەدا بە هاوكاری كۆمپانیای ترانشنی چینی، تەلەفۆنی ئینفنیكس و تابلێت بەرهەم دەهێنن.

بە ڕاستی ئەم جۆرە كارە پیشەسازییانەی كە لە هەرێمی كوردستان دەستیان پێكردووە، ئەمانە بەشێكن لەو هەوڵانەی حكوومەتی هەرێم بۆ فرەچەشنكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان. ئێمە لە هەموو ڕوویەكەوە هەوڵمان داوە ئابووری خۆمان فرەچەشن بكەین و گرنگی بە هەموو كەرتەكان بدەین. بێگومان كەرتی پیشەسازیش یەكێكە لەو كەرتانەی كە دەتوانێت زۆرترین هەلی كار بۆ خەڵكی كوردستان بەرهەم بهێنێت.

دەستخۆشی لە كاك عومەر دەكەم و لە هەموو وەبەرهێنەرانی تر كە لە كوردستان كار دەكەن و وەبەرهێنان دەكەن. هەم بۆ پێشخستنی ئابووریی كوردستان، هەم بۆ دروستكردنی هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجەكانمان و هەم خۆشیان بێگومان سوودمەند دەبن لە فراوانكردنی كارە بازرگانییەكانی خۆیان.

ئەوەی كە ئەمڕۆ بینیمان جێی دڵخۆشی بوو، چونكە زۆربەی ئەو هێزەی كە كارەكانیان دەكرد، ئەو بەڕێزانەی كە لەسەر ئەم ئامێرانە كاریان دەكرد، ئەوانە هەمووی هێزی ناوخۆیی بوون. هەمووی گەنجی بەتوانای ناوخۆی هەرێمی كوردستان بوون. لەوانەیە چەند پسپۆڕێكی بیانیشیان لەگەڵە؛ بەڵام هەمیشە پێویستیمان بە پسپۆڕی و زانستی دۆستەكانمان دەبێت لە دەرەوە، یارمەتی ئێمە بدەن، زانستی نوێ تێكەڵی هەرێمی كوردستان بكەن، تاكو ئێمەش زیاتر بتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەرگرین؛ بەڵام دروستكردنی ئەم هەموو هەلی كارە، ئەمە بێگومان بارێكی قورس لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەڵدەگرێت.

ئەوەی بیستم تا ئێستا زیاتر لە 100 هەلی كار دروستكراوە بۆ ئەو گەنجانەی لێرەدا كار دەكەن، بەڵام بە فراوانكردنی كارەكانیان، هەم بەرهەمەكانیان لە سنووری 45 هەزار ئامێر مانگانە زیاد دەكات بۆ زیاتر لە 100 هەزار، هەم هەلی كاریش لە 100 كەسەوە بەرەو زیاتر لە 400 كەس دەڕوات.

هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرانی تریش چاو لەم جۆرە كارانە بكەن و وەبەرهێنانی زیاتر لە كوردستان دروست بكەن بۆ ئەوەی بەیەكەوە وڵاتێكی خۆشتر و ئاوەدانتر بۆ هەموومان دروست بكەین.

جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز كونسوڵی گشتیی وڵاتی چین بكەم بۆ پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامیان لەو كۆمپانیا چینیانەی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن. سوپاس و دەستخۆشی لە دەستەی وەبەرهێنان دەكەم كە یارمەتیدەر و پشتیوانی ئەم جۆرە كارانەن و دەستخۆشیی لە وەزارەتی پیشەسازی دەكەم بۆ ئەو ئاسانكاریانەی دەیكەن كە ئێمە بتوانین كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی تر ببەین.

ئێمە لە هەموو گفتوگۆكانماندا لەگەڵ دۆستەكانمان، لەگەڵ كونسوڵخانەكان، لەگەڵ باڵیۆزەكان، لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە و داواشمان لێكردوون كە بیر لەوە بكەنەوە بەشێك لە كارەكانیان، لە دروستكردنی ئامێرەكانیان، بهێننە هەرێمی كوردستان. بەمە هەم خۆیان سوودمەند دەبن، لەوەی كە ئێمە هێزێكی كاریگەر و توانای گەنجمان هەیە، دەتوانن بەكاریان بخەن، هەم لە ڕووی ئابوورییەوەش دەتوانن سوودمەند بن، چونكە پێم وایە بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان لەوانەیە زۆر زۆر هەرزانتر بكەوێت.

ئەم جۆرە بەرهەمەی كە ئەمڕۆ بینیمان، بێگومان بە نرخێكی گونجاو دەكەوێتە بەردەستی هاووڵاتییان، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئەوەی بیستم هەناردەی شوێنەكانی تریش دەكرێن. هیوادارم بەردەوام بن لە پێشكەوتن و لە سەركەوتن.

ئێمە دەمانەوێت كەرتی پیشەسازی وەكو هەموو كەرتەكانی تر زیاتر پەرەی پێ بدەین و بۆ ئەمەش پێویستیمان بە ئەزموونی بیانی هەیە، پێویستیمان بەوە هەیە ئەوان تەكنەلۆژیای زیاتر پێشكەوتووی وڵاتەكانی خۆیان بهێننە هەرێمی كوردستان، هەم لە لایەك لە دەستپێكدا دەتوانن لە لێكدان و بەستنی ئامێرەكان یارمەتیمان بدەن و بەشێك لە كارەكانیان بگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئاییندەدا ئومێدمان وایە كە ئێمە بتوانین بەو كەرەستە خاوە سروشتییەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئێمە بتوانین زۆر لەو ئامێرە تەكنەلۆژیانەی كە پێویستن لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنین و كارگە لە سەرەتاوە تا كۆتایی هەمووی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بێت. 

بە ئومێدی ئەو ڕۆژە ئێمە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و هیوادارین هەمووتان سەركەوتوو بن و تەمەنای سەركەوتنیش بۆ هەموو وەبەرهێنەران دەكەم و دڵنیاشتان دەكەمەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی ئێوە. ئێوە هەر سەركەوتووبن، هەر تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم