لە ماوەی رابردوو ئیسرائیل ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاسالاری حزبولای لە باشووری بەیرووت كوشت، شارەزایان پێیان وایە ئەو كارەی ئیسرائیل سەرەتای ئۆپراسیۆنێكی فرەوانە بۆ لەناوبردنی توانای سەربازییەكانی حزبوڵا لە دوای بێئومێدبوونی لە توانای حكوومەتی لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبەكە، كە بڕیارە تا كۆتای ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بۆیە چەند بژارەیەك لەبەردەم ئیسرائیل بۆ مامەڵكردن لەگەڵ لبنان و حزبوڵا هەن.
دوای كوشتنی ئەبو عەلی تەباتەبائی، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی كوشتنەكەی كرد و داوای تۆڵەسەندنەوەی كرد، بەڵام كاتەكەی دیاری نەكرد، لای خۆیەوە موحسین رەزایی ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە ئێران داوای لە حزبوڵا كرد پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئارامگرتنی ستراتیجی بكات، واتە بە ئاشكرا داوای لە حزبەكە دەكات بۆ دەست پێكردنی شەڕێكی نوێ لە دژی ئیسرائیل.
شارەزایان پێیان وایە ئێران لەبەر چەند هۆكارێك حزبوڵا بۆ شەڕ هان دەدات، لەوانە دوورخستنەوەی هێرشێكی تری ئیسرائیل بۆ سەر خۆی، بۆ شاردنەوەی ئەو لاوازییەی تێی كەوتووە و كردنی لبنان وەك تەڵەیەك بۆ ئیسرائیل كە سەركەوتنێكی لە رێگەی حزبوڵا بەسەر بەدەست بێنن بۆ سڕینەوەی ئەو شكستانەی لە 2023ێوە بەر ئێران و بەرەی موقاوەمەت دەكەوێت، هاوكات بۆ دروستكردنەوەی پاڵپشتیی ناوخۆییە بۆ حزبوڵا كە شەڕ بەرانبەر بە هێزێكی داگیركەر دەكات و دووپارە حزبوڵا شەرعیەت بۆ چەكی دەستی حزبوڵا دەگەڕێتەوە، كە ئێستە لبنانییەكان بە هۆكارێك بۆ نەهامەتی و وێرانبوونی وڵاتەكەیانی دەزانن.
بەپێی سەرچاوەكان، ئیسرائیل بە نیازە لە ماوەی كەمی داهاتوو دەست بە ئەنجامدانی چەند هەڵمەتێك لە ناو خاكی لبنان لە دژی حزبوڵا بكات، مەبەست لێی لەناوبردنی پێگە سەربازییەكانی حزبوڵا و كوشتن و رفاندنی ژمارەیەك لە سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی حزبەكەیە، ئەوە هاوت لەگەڵ باسی زیادبوونی چالاكیی هەواڵگریی ئیسرائیل و سیخوڕەكانی لە ناو خاكی لبنان بۆ چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو پێگە سەربازی و ئەو ئامانجانەی حزبوڵا كە ئیسرائیل بە نیازە لە رۆژانی داهاتوو بیانكاتە ئامانج.
بەپێی سەرچاوەكان ئیسرائیل پلانێكی بەدەستە كە چوار بۆ شەش ئۆپراسیۆنی تایبەت لە باشووری بەیرووت و بیقاع و باشووری لبنان لە چەند رۆژی داهاتوو دەگرێتەوە، سەركەوتن و شكستهێنانی ئۆپراسیۆنەكانیش دەكاتە پاساوێك بۆ دەست پێكردنی هەڵمەتێكی فرەوانی زەوینی كە ماوەی چەند مانگێكە سوپای ئیسرائیل بە نیازە دەستی پێ بكات.
بەپێی سەرچاوەكان ئەو ئۆپراسیۆنانە رێخۆشكەرن بۆ هێرشێكی فرەوانی زەوینیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لبنان، پلانەكەی ئێستەی ئیسرائیل دابەزینی هێزە تایبەتەكان بە هەلیكۆپتەر و لە كەشتییەكان بۆ وێرانكردنی دامەزراوە سەربازییەكانی حزبوڵا دەگرێتەوە كە ناتوانرێت بە بۆردمانی ئاسمانی لەناو ببرێن، جیا لە كوشتنی سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی حزبەكە و راوێژكارە سەربازییە ئێرانییەكان.
ئێستە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی ئیسرائیل لە لبنان لە دژی حزبوڵا لە بازنەی ئەگەر نەماوە، كاتێك هەموو پەرەسەندن و ئاماژەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە رووبەڕووبوونەوە و شەڕ بەڕێگەوەیە، سەرەڕای دەمارگرتنەكانی ئیسرائیل، لەوانە كوشتنی ئەبو عەلی تەباتەبائی، تا ئێستە حزبوڵا خۆی لەو شەڕە دەپارێزێت، هاوكات چاوەڕوانی پلانی داهاتووی ئیسرائیل دەكات بۆ دیاریكردنی كات و سەعاتی رووبەڕووبوونەوەكە، بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییە لبنانییەكان، ئۆپراسیۆنە سەربازییە ئیسرائیلییەكە لە لبنان، كە ئاماژەكان بۆ روودانی بەر لە كۆتای ئەمساڵ لەزیادبوونە، لە ناوچەی بیقاعی رۆژئاوا دەبێت نەك لە باشووری لبنان، پرۆسەكە خێرا بۆ چەند رۆژێك دەبێت، لەگەڵ چڕكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر ئامانجەكان لە لبنان.
دیپلۆماتكارێكی لبنانی پێی وایە ئیسرائیل خۆی بۆ رووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ حزبوڵا ئامادە دەكات و چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكایە، كە رەنگە زۆر دوا نەكەوێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بۆ زیادەڕۆیینەكردن وەك ئەوەی غەزە مەرجەكانی لەسەر بنیامین نەتنیاهۆ بسەپێنێت، بۆیە هەموو سیناریۆكان كراوەن لە رووی كاتی دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كە رەنگە لە كۆتای مانگی داهاتوو بێت و ئەوجارە ئامانجەكان تەنیا هی خۆی نین، بەڵكو هی ئەمەریكاشن بە دەركردنی حزبوڵا لەهەر هاوكێشەیەك لە لبنان.