شیعەی لبنان ترسیان لێ نیشتووە و چەند داوایەك ئاراستەی خامنەیی دەكەن

:: PM:05:20:08/12/2025 ‌

لە ماوەی رابردوو و هاوكات لەگەڵ گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا و دیاریكردنی دوایین وادە كە كۆتای ئەمساڵە و سەرپشككردنی لبنان لە نێوان داماڵینی چەكی حزبەكە لە لایەن سوپای لبنان یان لە لایەن ئیسرائیلەوە، چەند سەرچاوەیەك باسی ئەوەیان كرد كە شیعەی لبنان داوایان لە ئێران كردووە رەزامەندی لەسەر داماڵینی چەكە قورسەكانی حزبوڵا بدات، بەڵام ئێران رازی نەبووە. 

رۆژنامەی "نیدائول وەتەن"ی لبنانی لە چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی گواستەوە كە نەبی بەری سەرۆكی پەرلەمانی لبنان و سەركردەی حزبی ئەمەلی شیعە، پەیامێكی بۆ بەرپرسانی باڵای ئێران رەوانە كردووە و سێ داواكاری هەبووە، هۆكاری ئەوەش نیگەرانی زۆری بەری و حزبەكەیەتی لەوەی بەسەر لبنان دێت ئەگەر حزبوڵا چەكی رادەست نەكات.

مەبەستی پەیامەكەی بەری بۆ بەدەستهێنانی فەتوایەكی خامنەییە بۆ رێگەپێدان بە رادەستكردنی حزبوڵا بۆ مووشەكە وردپێكان و درۆنەكانی بۆ حكوومەتی لبنان بەرانبەر بە رێككەوتنێك بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ لە لبنان، بەپێی سەرچاوەكە ئێران تەنیا وەڵامی یەك داواكاری بەری داوەتەوە، ئەویش قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانە، هەرچی بابەتی فەتواكە و دوورخستنەوەی لبنانە لە شەڕ بێ وەڵام بووە، ئەوەش لە ناوەندە شیعەكان وا خوێندنەوەی بۆ كراوە كە سەرەڕای ئەو باج و زیانە گەورەی دراوە، هێشتا ئێران لبنان وەك كارتێك لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل دادەنێت و دەستبەرداری نابێت.

بەپێی سەرچاوەكان داواكارییەكانی بەری بریتین لە، دوورخستنەوەی لبنان لەهەر رووبەڕووبوونەوە و شەڕێكی تری ئێران و ئیسرائیل و بەكارنەهێنانی خاكەكەی وەك كارتێكی گوشار لە گفتوگۆی تاران و واشنتن. دووەم، دەركردنی فەتوایەكی خامنەیی رێگە بە حزبوڵا بدات بۆ رادەستكردنی مووشەك و درۆنەكانی، بەرانبەر بەوەی بەری گەرەنتیی گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ وەستانی شەڕ لە رێگەی ئەمەریكاوە بكات، سێیەم تەرخانكردنی پاڵپشتییەكی بەپەلەی دارایی بۆ هەزاران شیعەی لبنانی كە خانوو و كار و سەرچاوەی كار و داهاتیان لە شەڕی دوایی لەدەست داوە.

مانگی رابردوو پەرلەمانتار عەلی حەسەن خەلیل یاریدەدەری سیاسیی نەبی بەری سەرۆكی پەرلەمانی لبنان و سەرۆكی بزاوی ئەمەلی شیعە سەردانی ئێرانی كرد، ئەگەرچی ئەو بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەك لە تاران رۆیشت، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان پەیامێكی لە بەری بۆ ژمارەیەك سەركردەی ئێران گواستووەتەوە، بەپێی سەرچاوەكان ناوەڕۆكی نامەكە داوایەك بووە بۆ تاوتوێكردنی ئەگەری گەیشتن بە چارەسەرییەك بۆ بابەتی داماڵینی چەكی حزبوڵا و گەیشتن بە رێككەوتنێك لە نێوان تاران و واشنتن لەوبارەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسی لە هەڵگیرسانی شەڕێكی چاوەڕوانكراو لەگەڵ ئیسرائیل، كە رەنگە بۆ دەیان ساڵ هەڕەشە لە داهاتووی شیعە لە لبنان بكات و نوێنەرایەتیی سیاسییان لەناو ببات، ئەوەش لە سایەی ئەو گوشارە گەورە نێودەوڵەتییەی لەسەر لبنان هەیە.

بەپێی سەرچاوەكان خەلیل پەیامێكی بەری گەیاندووەتە ئێران بۆ چارەسەركردنی بابەتی چەكی حزبوڵا، چونكە ئەو چەكە ئێرانییە و حزبوڵاش گوێڕایەڵی ئێران دەكات و رۆڵی لە هەڵوێستی لە هاوكاریكردنی حكوومەتی لبنان هەیە بۆ وەڵامدانەوەیەكی ئەرێنی لەبارەی داماڵینێكی بەشێك لە چەكەكانی، بەو شێوەی گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر لبنان كەم ببێتەوە و تارمایی شەڕ و هێرشی ئیسرائیل دوور بخرێتەوە، لێكگەیشتن لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا دروست ببێت بۆ رێگرتن لە هێرشی ئیسرائیل كە لبنان لەناو دەبات و دەیكات بە دۆزەخ.

بەم دواییە یووسف رەجی وەزیری دەرەوەی لبنان دووپاتی كردەوە كە جیا لە داواكارییە نێودەوڵەتییەكان، داماڵینی چەكی حزبوڵا و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانە سەربازییەكەی داواكارییەكی لبنانیشە، تا ئێستە مەترسیی هێرشێكی فرەوانی سەربازیی ئیسرائیلی لە باشووری لبنان هەیە و شەڕ نەوەستاوە، هەرچی حزبوڵایە قەناعەت بەوە ناكات كە لە بەرژەوەندیی لبنان و خۆیەتی كە چەك رادەست بكات.

دووپاتی كردەوە، رووداوەكان دەریانخست كە حزبوڵا ناتوانێت پاڵپشتی لە غەزە و ئازادكردنی قودس و بەرگری لە لبنان بكات، بەپێچەوانەوە ئەو دووچاری دۆڕاندنێكی گەورە هاتووە، بۆیە هیچ چارەسەرێكی تر جگە لە دیپلۆماسیەت و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت نییە، تەنیا ئەوكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رژدی مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، دیارە كە حزبوڵا ناتوانێت بێ بڕیاری ئێران چەكی رادەست بكات و تەنیا خەریكی كوشتنی كات و پارێزگاریكردنە لە بوونی لە ناوخۆ بۆ گەڕاندنەوەی هێز و دەسەڵاتی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل