له یه‌مه‌ندا دۆخێكی نوێ سه‌ری هه‌ڵداوه كه ده‌توانێت هاوسه‌نگیی ده‌سه‌ڵات و هێز له نێوان لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی سعوودیه و لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئێران به لایه‌كدا بشكێنێته‌وه. ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشووری یه‌مه‌ن رای گه‌یاند، توانیویه‌تی كۆنترۆڵی ته‌واوی پارێزگاكانی باشووری یه‌مه‌ن له‌وانه‌ش به‌نده‌ری عه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه بگرێت.
ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشووری یه‌مه‌ن STC به فه‌رمی رای گه‌یاندووه، ئێسته هه‌شت پارێزگای یه‌مه‌نی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاتر په‌ره پێ بدات.
عه‌مرۆ به‌یز له به‌رپرسانی باڵای ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه رای گه‌یاند، خۆیان تۆكمه و به‌هێز كردووه و ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئه‌وا رووبه‌ڕووی حووسییه‌كان ده‌بنه‌وه.
حووسییه‌كان سه‌نعای پایته‌خت و ناوچه‌كانی باكوری رۆژئاوایان به‌ده‌سته‌وه‌یه و له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن. ئه‌وان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فه‌رمیی یه‌مه‌ن له شه‌ڕ و ململانێدا بوون و له هه‌مان كاتدا له رابردوو ناكۆكی و شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی باشووریش هه‌بووه، هه‌رچه‌نده چه‌ند ساڵێكه شه‌ڕ له نێوانیاندا وه‌ستابوو.
یه‌مه‌ن له ساڵی 2014ه‌وه بووه‌ته گۆڕه‌پانی جه‌نگی ناوخۆیی. سعوودیه پاڵپشتی له حكوومه‌تی فه‌رمیی وڵاته‌كه كردووه و له ساڵی 2015ه‌وه رێبه‌رایه‌تیی هاوپه‌یمانێكی سه‌ربازی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حووسییه‌كان كردووه، له به‌رانبه‌ردا ئێرانیش راهێنانی سه‌ربازیی به حووسییه‌كان كردووه و چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازیی بۆ دابین كردوون.
رۆیته‌رز بڵاوی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشووری یه‌مه‌ن، هه‌ریه‌ك له ره‌شاد عه‌لیمی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی یه‌مه‌ن و سالم ساڵح بن به‌ریك سه‌رۆك وه‌زیرانی یه‌مه‌ن، عه‌ده‌نیان جێهێشتووه و به‌ره‌و ریاز رایان كردووه.
ئه‌لعه‌لیمی له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه، هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی كاتی ده‌بێته هۆی لاوازكردنی شه‌رعییه‌تی حكوومه‌تی یه‌مه‌ن، به‌م كاره‌ی رێككه‌وتنی پێشووی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی پێشێل كردووه.
له به‌رانبه‌ردا عه‌مرۆ به‌یز له به‌رپرسانی باڵای ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشووری یه‌مه‌ن، پێداگریی كردووه كه حكوومه‌ته‌كه‌یان فه‌رمانی ده‌ركردنی هیچ به‌رپرسێكی ده‌وڵه‌تی نه‌داوه و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له كاره‌كانیان به‌رده‌وامن.
ئه‌و روونی كرده‌وه، هێزه‌كانیان له‌و پێشڕه‌وییانه‌ی كردوویانه، له‌گه‌ڵ كه‌مترین به‌رگریی به‌ره‌وڕوو بوون و ئه‌و هێزانه‌ش كه له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، به بێ ته‌قه پاشه‌كشه‌یان كردووه به‌تایبه‌تی له ناوچه‌كانی حه‌زه‌رمه‌وت، موهره، دوورگه‌ی پریم و گه‌رووی بابولمه‌نده‌ب.
پێویسته بگوترێ یه‌مه‌ن، ده‌ڕوانێته سه‌ر گه‌رووی بابولمه‌نده‌ب و گه‌رووه‌كه به یه‌كێك له رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی بازرگانیی نێوان ئه‌وروپا و ئاسیا هه‌ژمار ده‌كرێت. هێرشی حووسییه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌و كه‌شتییانه‌ی له ده‌ریای سووره‌وه له جووڵه‌دا بوون، بوونه هۆی شێواندن و په‌كخستنی بازرگانی جیهانی له ناوچه‌كه.
یه‌مه‌ن تا ساڵی ١٩٩٠ به‌سه‌ر دوو وڵاتی یه‌مه‌نی باشوور و یه‌مه‌نی باكور دابه‌ش بووبوو. تا ئه‌وكات باشووری یه‌مه‌ن به تاكه ده‌وڵه‌تی كۆمۆنیستی له ناو وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ژمار ده‌كرا، به‌ڵام دوای رووخانی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت، له‌گه‌ڵ باكوره‌كه‌ی یه‌كیان گرته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م دوو به‌شه یه‌كیان گرته‌وه، ناكۆكییه سیاسی، عه‌شیره‌تیی، ئاینی و مه‌زه‌وی به‌رده‌وام بوون، بۆیه‌ش ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشوور دامه‌زراوه و ده‌یه‌وێت دووباره خۆی جیا بكاته‌وه و لانی كه‌م ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری پێ بدرێت.
به‌رپرسێكی ئیماراتی به رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه، هه‌ڵوێستی ئیمارات له‌گه‌ڵ سعوودیه به‌رانبه‌ر به ره‌وتی گۆڕانكارییه‌كانی یه‌مه‌ن، له ژێر سێبه‌ری راسپارده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو و بڕیارنامه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان هاوهه‌ڵوێستن، هه‌رچه‌نده هێشتا ریاز له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی یه‌مه‌ن هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بووه.
له كاتێكدا جه‌نگی ناوخۆیی یه‌مه‌ن به‌تایبه‌تی له ساڵی 2022ه‌وه، به جۆرێك بنبه‌ست گه‌یشتووه به رای چاودێرانی سیاسی، گۆڕانی هاوسه‌نگیی هێز له باشووری وڵاته‌كه، له‌وانه‌یه رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی نێوان حووسییه‌كان و حكوومه‌تی یه‌مه‌ن تووشی كێشه بكاته‌وه و دووباره توندوتیژییه‌كان سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه.