ئاماری فەرمیی زیانەکانی لافاو: لە سلێمانی و گەرمیان قوربانی و زیانی مادیی زۆری لێکەوتەوە

:: PM:08:29:10/12/2025 ‌
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە هەندێک ناوچە لافاو دروست بوو، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کە زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان تا ئەمڕۆ سێشەم، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، چوار کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەبارەی زیانەکانەوە خراونەتە ڕوو، لیژنەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە سلێمانی و گەرمیان پێکهێنراوە و لە ڕێگەی ناوەنديی هاوئاهەنگیی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوەکانەوە، هاوکاری دابەش دەکرێت.

سلێمانی و چەمچەماڵ زۆرترین زیانيان بەرکەوتووە
لە پارێزگای سلێمانی، ڕۆژی سێشەم بڕی دابارین گەیشتە 122.7 ملم، بەڵام لە شارۆكەی چەمچەماڵ و شارەدێی تەکیە بارانەکە زۆر بەلێزمە بووە و لە ماوەی چوار سەعاتدا 80 ملم باریوە، کۆی گشتیی باران لە چەمچەماڵ 127.1 ملم و لە تەکیە 173.5 ملم بووە.

زیانەکانی ئەم سنوورە بەم شێوەیەن:
دوو کەس گیانیان لەدەست داوە، دوو کەسی تر بریندارن و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
500 ماڵ لە چەمچەماڵ و دەیان ماڵ لە سلێمانی و بازیان زیانیان بەرکەوتووە.
زیاتر لە 100 دوکان، پێنج فەرمانگەی حكوومی و کتێبخانەی چەمچەماڵ ئاویان تێچووە.
ڕێگە سەرەکییەکانی (سلێمانی- چەمچەماڵ) و (کەرکووک – چەمچەماڵ) داخراون.
لە شارەدێی شوان 400 حەوزی ماسی و پڕۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتوون.

گەرمیان "شادەماری ژیان" پچڕا
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ڕۆژی سێشەم 76.6 ملم باران باریوە، لافاو زیانی زۆری بە کەلار و ڕزگاری گەیاندووە، زیانەکان بەمشێوەیەن:
منداڵێک لە کەلار کەوتە ناو لافاو و خنکا.
بەشێکی پڕۆژەی ئاودێریی سەلام لە "هەوارە سوورە" کە بە شادەماری ژیانی گەرمیان دادەنرێت، بەتەواوی ئاو بردوویەتی.
پردی پێكەوەبەستنی هەردوو شارۆكەی کفری و ڕزگاری لە شارەدێی سەرقەڵا ڕووخاوە.
دەیان ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی حەوزی ماسی، خانووی پلاستیکی و مەڕەشەی ئاودان لەناو چوون.

کەرکووک پردێکی ستراتیجیی داڕما
لە کەرکووک بڕی 39.4 ملم باران باریوە و زیانەکان بەمشێوەیەن:
منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ لە گوندی فرقانی خنکا.
پردێکی ستراتیجی لە شارۆكەی داقوق داڕما و هاتووچۆی کەرکووک – بەغدا پچڕا.
لە گوندی بەیانلوو پردێک ڕووخاوە و ڕێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە.

هەولێر پڕۆژەکانی ئاوی ڕاگیران
لە هەولێر تێکڕا 25.6 ملم باران باریوە و زیانەکان کەمتر بوون کە بەمشێوەیەن:
شەش ماڵ لە گوندی قەریتاغ ئاویان تێچووە.
بەهۆی لێڵیی ئاو، پڕۆژەکانی سەر زێی گەورە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 سەعات ڕاگیراون.
شەش پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بە هەورەبرووسکە بریندار بوون.

پارێزگا و ئیدارەکانی تر
هەڵەبجە: ڕۆژی سێشەم 92.5 ملم بارانی لێ باریوە، ماڵێک زیانی بەرکەوتووە و ئاستی ئاوی سیروان زیاد بووە.

سۆران: بەفرێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکان باریوە، لە سیدەکان و چۆمان بەهۆی داڕمانی شاخ و بارانەوە، زیان بە سێ خانوو گەیشتووە.

ڕاپەڕین: ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرز بووەتەوە و سێ ماڵ لە حاجیاوا زیانیان بەرکەوتووە، دەروازەی کێلێ بەهۆی بەفرەوە داخرا.

زاخۆ: ئاستی ئاوی خابوور لە 95 سم بۆ 205 سم بەرز بووەتەوە.

جێی باسە، بەهۆی دۆخەکەوە لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کرایە پشوو.


وشە - پۆڵا مەحموود