چیرۆكی پشت رزگاركردنی دەیان منداڵ و قوتابی لە قوتابخانەكانی چەمچەماڵ زۆرن، حاجی كەمال یەكێك لەو پاڵەوانانەیە كە لە كامێرای چاودێرییەوە بینیویەتی دیوارێك لە قوتابخانەیەكی تەكیە نزیكە لە رووخان و نزیكەی 30 منداڵ لەوێدا وەستاون، بۆیە بووە بە فریادڕەسی رزگاركردنی ژیانیان.
ڕۆژی نۆی ئەم مانگە، بەهۆی بارانی بەخووڕ، لافاو سنووری چەمچەماڵ و تەكیەی گرتەوە و دیواری چەندان قوتابخانە ڕووخان، ئاو چووە ناو ماڵەكان و زیانی زۆری مادی لێ كەوتەوە، هەر ئەوەیش نا؛ بەڵكو بەهۆی ئەو لافاوە دوو كەس خنكان و چەندان كەسی تریش رەوانەی نەخۆشخانە كران.
چەمچەماڵ و سنوورەكە، هێشتا ژیان تێیدا ئاسایی نەبووەتەوە، هەموو هەوڵێك لەلایەن حكوومەت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی كوردستان فاوەندەیشن ئەوەیە، بە زووی خەڵك بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و دەستی هاوكاریان گرتوون.
ئەمڕۆ چیرۆكێكی تر ئاشكرا بوو، حاجی كەمال فەتاح پیاوێكی كوردانەیە و لە ڕۆژی لافاوەكەدا زیاتر لە 30 منداڵی رزگار كردووە. لەكاتی سەردانی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە بۆ تەكیە، چەند مامۆستایەك بە وەزیریان گوت، حاجی كەمال رۆڵی هەبوو زوو بینی دیوارێك لە رووخان نزیكە و 30 منداڵی رزگار كرد. وەزیر گوتی، ئێستە دەچم سەردانی دەكەم.
"وشە" قسەی لەگەڵ كەمال فەتاح كرد و پێی گوت، ئێستە تۆ پاڵەوانی رزگاركردنی ئەو منداڵانەی. لە وەڵامدا گوتی، خوای گەورە هەموو لایەكمان بپارێزێ.
كەمال فەتاح پیاوێكی كوردانەی بە هەڵوێستە لە ناوچەكەداو گوتی، بەداخەوە، لافاوەكە زیانی زۆری دا، خوا قەرەبووی ئەوە بۆ هاووڵاتییان بكاتەوە كە زیانی زۆریان كردووە.
باسی ئەو ڕۆژەی كرد و گوتی، ئاوەكە زۆر بەهێز لە دیواری قوتابخانەكەی دەدا، هەستی ئەوەم لا دروست بوو ئەو دیوارە دەڕووخێت، بۆیە بە خێرایی گەیشتم و كاتێك بینیم نزیكەی 30 منداڵ لە پاڵ دیوارەكەدان و رزگارم كردن.