زیانی لافاوەكەی چەمچەماڵ و تەكیە و شۆڕش، بێ ئەندازە گەورەن، بەپێی ئامارەكان زیاتر لە دوو هەزار ماڵ زیانیان پێگەیشتووە، هاوكات نزیكەی 500 ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە، ئاو و ئاوەڕۆ خراپ بوون و شەقامەكان رۆچوون، چەندان بەڕێوەبەرایەتی و باخچە و قوتابخانە و شوێنی حكوومیش ژێرئاو كەوتوون، حكوومەتی هەرێم لەسەر خەتە بەزووترین كات هەمووی رێكبخاتەوە.
بەپێ راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان gcc زیانەكان گەورەن و بەشی زۆری چەمچەماڵ و سنوورەكەی زیانیان بەركەوتووە، هەزار و607 خانوو زیانیان بەركەوتووە، 500 ئۆتۆمبێل خراپ بوون، 116 دوكان و ماركێت زیانیان بەركەوتووە، هەروەرها 456 پڕۆژەش زیانیان بەركەوتووە.
بەشێك لە فەرمانگەكانی حكوومەت زیانی زۆریان بەركەوتووە، لە چەمچەماڵ كۆی 25 باخچە پێنجیان بەتەواوی تێكچووە، چەندان بەڕێوەبەرایەتی زیانی زۆریان بەركەوتووە.
شارەزایان زیانەكانی سنوورەكە بە گەورە وێنا دەكەن و پێیان وایە، لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق بە رژدی بێتە سەرخەت و هاوكاریی بكات، ئەگەرچی سوودانی لە رۆژی یەكەمی لافاوەكە بڕیاری هاوكاری دا، بەڵام تا ئێستە هیچ دیار نییە.
لە كوردستانەوە چەندان كەمپین بۆ هاوكاریی سنووری چەمچەماڵ راگەیەنراون، رێكخراوە خێرخوازی و مرۆییەكان هاوكاریی بەردەوامی خەڵكی ناوچەكە دەكەن.
لە كۆی 500 خێزانی زیانلێكەوتووی لافاو، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكارییە مرۆییەكانی گەیاندووەتە 416 خێزان، لە گەیاندنی ئەو كۆمەكانە بەردەوام دەبێت تا هاوكارییەكانی دەگەیەنێتە هەموو خێزانە زیانلێكەوتووەكان.
ڕێبوار محێدین بەرپرسی ئۆفیسی كەركووكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ "وشە" گوتی، كۆمەك و هاوكارییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ زیانلێكەوتووانی لافاو بەمشێوەیە بووە:
زیاتر لە سێ هەزار و 700 بەشەخواردنی گەرم بۆ ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە. پاككردنەوەی گەڕەكەكان بە شۆفڵ. پاككردنەوەی ناو ماڵەكانی چەمچەماڵ و شۆڕش لە ڕێگەی هەشت تیم بە بەكارهێنانی 20 تانكەری 16 هەزار لیتریی ئاو.
ڕێبوار محێدین گوتیشی، 64 تۆن هاوكاریی مرۆییشمان گەیاندووەتەوە ئەو خێزانانەی بەهۆی لافاوەكە ناو ماڵیان شێواوە.
هاوكات چەندان بازرگانی دیار، بڕێكی زۆر پارەیان تەرخان كرد تا بگەیەنرێتە چەمچەماڵ و كارەساتەكە كۆتایی بێت.
سەرمایەدار غەفوور خۆشناو- خۆشناو گرووپ، 100 ملیۆن دینار. سەرمایەدار خالید خۆشناو - هێمن گرووپ، بە 100 ملیۆن دینار. سەرمایەدار شێخ فاخیر شێخ تەیب- گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان، 100 ملیۆن دینار. سەرمایەدار سەعد فایەق كۆڵەك 100 ملیۆن دینار. سەرمایەدار شوان زراری 50 ملیۆن دینار.
حكوومەتی هەرێم لە ئاستێكی باڵادا خەریكی خەمڵاندنی زیانەكانە و بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەم هەفتەیە قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و تەواوی كێشەكانی سنوورەكە چارەسەر دەكات و هەموو ئەوەی خراپ بووە، چاكیان دەكاتەوە.
هەروەرها وەزیری پەروەردە ئاشكرای كرد، بە فەرمانی سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی تیمە ئەندازیارییەكانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی گەیشتوونەتە چەمچەماڵ بۆ دەرخستەی زیانەكان. بڕیاردراوە پارەی پێویست بخریتە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و ئەم هەفتەیە پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی سەرجەم ئەو قوتابخانانە دەست پێ دەكات