لەگەڵ ئەوەی قەدەغەكراوە.. یەكێتی حەشر بە هێنانی شیش بە قاچاخ دەكات

:: PM:03:07:14/12/2025 ‌
سەرباری ئەوەی كە حكوومەتی عێراقی هاوردەكردنی شیشی لە دەرەوە قەدەغە كردووە، بەڵام سەرانی یەكێتی بەردەوامن لە هێنانی شیش بە قاچاخ. 

پێویستە ئەو وردەكارییە بزانیت
ماوەی مانگێكە حكوومەتی عێراق هاوردەكردنی شیشـی لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە، بەمەبەستی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمی شیش و كارگەكانی ناوخۆ، ئەم قەدەغەكردنە نرخی شیشی لە 640 دۆلارەوە بۆ 750 دۆلار بەرز كردووەتەوە، هەروەها ئاسنی لە 225 دۆلارەوە بۆ 270 دۆلار بەرز كردووەتەوە.

یەكێتی چیی كرد؟
ئیدارەی گشتیی یەكێتی لە دوای قەدەغەكردنی هاوردەكردنی شیش، زیاتر لە جاران لە ئێرانەوە هاوردە دەكەن بە ڕێژەی نایاسایی، بەجۆرێك 70%ی ئەو شیشـە بۆ پڕۆژەكانی خۆیان دابین دەكەن بە هۆی كەمیی نرخەكەی كە 150 دۆلار جیاوازی هەیە بۆ هەر تۆنێك.

دیسان لە شەوان
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" شەوانە سەعات 12 بۆ چواری بەیانی، شیش بە چادر  دادەپۆشن و بۆ ئەوەی وێنەی نەگیرێت، ڕۆژانە 15 بەرهەڵگر داخل دەكرێن لە ڕێگەی مەرزی پەروێزخانـەوە دێنە سنووری پارێزگای سلێمانی.

 چەند بازرگانێك داوایان لە ئیدارەی گشتیی یەكێتی كردووە ئەو بازرگانانە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق پڕۆژەیان وەرگرتووە، یەكێك لەوانە ناوی "ئ. ئ" لە شاری بەغدا پڕۆژەی هەیە و داوای كردووە شیش لە ئێران هاوردە بكات و ڕۆژانە پێنج بارهەڵگر داخل دەكات، پێشتر لە قەپانەكانی دەرەوەی مەرزی پەروێزخان كێش دەكران، هیچ پسوولە و بەڵگەیەك نییە، تەنیا لە ڕێگەی واتسئاپ بە نامە هاوئاهەنگی "تەنسیق" ئەنجام دەدەن.



وشە - وشه‌