لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری حكوومەتی هەرێم، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزی كەناڵەكانی راگەیاندن بە بەرێژەی 50% دا، دەبێت قەرزەكەیان لە ماوەی مانگێكدا بدەنەوە، ئەگەرنا سزا دەدرێن.
راگەیاندنەكانی كوردستان تا ئێستە بڕی دوو ملیار دیناری حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەرزار بوون، بەشێكیان قەرزەكەیان زۆرە و حكوومەت وەك دەستگیرۆییەك لە نیوەی قەرزەكە خۆش بوو، بەڵام مەرجی ئەوەی دەمێنێتەوە لە ماوەی مانگێكدا بدرێتەوە.
شێروان عەوڵا بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجمەمەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری، رەزامەندیی دا بە لێخۆشبوونی ئەو قەرزە زۆرەی ماوەیەكە كەوتووەتە سەر كەناڵەكانی راگەیاندن.
گوتی، كۆی قەرزی حكوومەتی هەرێم لای كەناڵەكانی راگەیاندن گەیشتووەتە دوو میلیار دینار، ئەو قەرزەش پارەی مۆڵەتی ساڵانەیە لەگەڵ پارەی مانگە دەستكردەكان.
باسی لەوە كرد، بۆ كەناڵی مانگە دەستكردەكان 10 ملیۆنە، سەرانسەرییەكان شەش ملیۆن و لۆكاڵییەكان لەسەر ئاستی شارێك چوار ملیۆنە، كەناڵ هەیە سێ ساڵە، هەشیانە شەش ساڵە پارەی نەداوە.
لە كۆی 302 كەناڵی راگەیاندن، 226 كەناڵیان قەرزارن: لە كۆی 126 كەناڵی بینراو واتە تەلەڤزیۆن 94 كەناڵیان قەرزارن، "لە كۆی 176 كەناڵی بیستراو (رادیۆ)، 132 كەناڵ قەرزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.
وەزارەتی رۆشنبیری لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: "لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و هاوكاریكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن، داواكارییەكمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد بۆ لێخۆشبوون لە قەرزەكان و خۆشبەختانە حكوومەت رەزامەندیی دەربڕی."
بەگوێرەی نووسراوی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە ژمارە (1524)ـی لەسەرە، وەڵامی داواكارییەكی وەزارەتی رۆشنبیری دراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "رەزامەندیی درا لەسەر لێخۆشبوون بە 50% لەو قەرزانەی كەوتووەتە ئەستۆی میدیاكان، بەڵام بەمەرجی ئەوەی ئەو پارەیەی لایان دەمێنێتەوە، لە ماوەی مانگێكدا بیدەنەوە.