مەرجەكانی سوننە بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت چین؟

:: PM:09:08:17/12/2025 ‌

بەهۆی ناكۆكیی نێوان هێزە سیاسییە براوەكان و گوشارەكانی ئەمەریكا و ئێران لەبارەی میلیشیاكان، كە توانیان كورسییەكی زۆر لە هەڵبژاردنی دوایی ببەنەوە، ئێستە پاشاگەردانییەك هەیە و ئاڵۆزی ناو هەرسێ ماڵی سوننە و شیعە و كوردی لەبارەی كاندیدانیان بۆ پۆستەكان و مەرجەكانیان بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گرتووەتەوە، شیعە خۆیان بە برا گەورە لە پێكهێنانی حكوومەت دەزانن، لەو ناوەدا سوننە خەریكی ئامادەكردنی نووسراوی مەرجەكانیانن. 

لە ماوەی دوایی سوننە توانیان خۆیان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی یەك بخەن كە تا ئێستە ئەنجوومەنەكە خاوەنی 75 كورسیی پەرلەمانییە، ئەوان بە هاوشێوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە خۆیان كۆ كردووەتەوە و تاوتوێی دابەشكردنی پۆست و گفتوگۆكانیان لەگەڵ شیعە و كورد دەكەن، خۆیان بە نوێنەری پێكهاتەی سوننە و پارێزگا سوننەكان و شەقامی سوننە دەزانن، بۆیە هەوڵ دەدەن داواكارییەكانیان بەرجەستەی خواست و ماف و داواكاریی شەقامی سوننە بێت.

ئەندامێكی حزبی سیادە باسی بڕگەكانی نووسراوی گفتوگۆی سوننە بۆ ئەو قۆناغە دەكات، لەوانە كاراكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار و چارەسەركردنی بابەتی حەشدی شەعبی لە پارێزگا سوننەكان و وەرگرتنی نزیكەی 10 پۆست لە دەستەكان، گۆڕانكاری لە پێنج پۆستی باڵای تەناهی لە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی حەشدی شەعبی، چارەسەركردنی بابەتی میلیشیاكان لەسەر ئاستێكی نیشتمانی، دوورخستنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لەو بابەتە و دانانی میكانیزمێكی نوێ بۆ جێبەجێكردن.

رەنگە ئەو داوكارییانەی سوننە نوێ نەبن و پێشتریش لە كاتی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتەكان هەر هەبووە و وەك مەرج خراوەتە روو، بەڵام جێبەحێ نەكراوە و تەنیا لەسەر كاغەز ماونەتەوە و بێ ئەوەی لەسەر ژیانی خەڵی پارێزگا سوننەكان رەنگ بدەنەوە، موخلەد حازم توێژەری سیاسی دەڵێت، بەفیڕۆچوونێكی زۆر لە مافی كۆمەڵگەی سوننە هەیە، كاتێك بۆ چەند خولێكە چینی سیاسی نەیتوانی بە رژدی گفتوگۆیان لەسەر بكات، ئەگەرچی وەك مەرج لە رێككەوتنی سیاسی هەبوون، بەڵام جێبەجێ نەكراون. 

روونی كردەوە، ئەو پارێزگایانەی لە كاتی هێرشەكانی داعش دووچاری وێرانكاری و راگواستن هاتنەوە، تا ئێستە بەدەست مانەوەی ئاوارە لە كەمپەكان دەماڵێنن، جیا لە مانەوەی خانووی رووخاو و زیانپێ كەوتوو و مافی كەسانێك كە تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە، بۆیە قۆناغی ئێستە پێویستی بە دیدێكی جیاواز هەیە لەسەر بنەمای نووسینی مافەكان و جێبەجێكردنیان، نەك تەنیا نووسینەوە و تۆماركردنیان، بەتایبەتی زۆرێك لە بڕیارەكان پێویستی بە یاسای پەرلەمان و دەنگدانی پەرلەمانە، ئەوە پێشتر دەستی دەستی پێ كراوە. 

لای خۆیەوە مزەفەر كەرخی ئەندامی هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرایی گوتی، پێویستە حزبە سیاسییەكانی ئەندام لە چوارچێوەی سیاسیی نیشتمانی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی سوننە و ناوچەكانیان بدەن لەسەر بنەمای هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆست و بەرپرسیارەتی لە ناو كایەكانی دەوڵەت بدەن، لەوانە وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەكان و دەستەكانی كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دۆسیە ئابووری و ئیدارییەكان هەیە.

روونی كردەوە، ئەو ئاراستەیە لە سۆنگەیەكی بەشبەشێنەی تەسك بنیات نەنراوە، بەڵكو پێویستییە و راستكردنەوەی كێشە و كەموكوڕییەكە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، گەرەنتییە بۆ هاوبەشییەكی كردەنی لە بڕیاردان، لەگەڵ رەچاوكردنی قەبارەی بەركەوتەی هەڵبژاردن و پێویستیی پارێزگاكانی ساڵانێكی دوورودرێژە بە دەست فەرامۆشی و لاوازیی خزمەتگوزارییەكان دەناڵێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل