ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی یۆنان و ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن، بەهۆی زیادبوونی هەژموونی سەربازیی تورکیا، گفتوگۆ هەیە بۆ دروستکردنی "هێزێکی پەرچەکرداری خێرا" لە نێوان یۆنان، ئیسرائیل و قوبرس بەمەبەستی پاراستنی ژێرخانی ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
ئەمڕۆ هەینی 19ی کانوونی یەکەم، ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتە یۆنانییەکان بڵاوی کردەوە، ئەسینا بەهۆی بەهێزبوونی سوپای تورکیا لە ساڵانی ڕابردوو و دروستبوونی مەترسی لەسەر سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دەستی کردووە بە تاوتوێکردنی دەستپێشخەریی تەناهیی نوێ کە بەپێی پێوەرە هەرێمییەکان بە "ناوازە" دادەنرێن.
پێکهاتە و ژمارەی هێزەکە
بەپێی پلانەکە، هێزەکە لەسەر ئاستی "لیوا" دروست دەکرێت و نزیکەی دوو هەزار و 500 جەنگاوەر لەخۆ دەگرێت، دابەشکارییەکەش بەم شێوەیە دەبێت:
هەزار سەرباز لە یۆنان.
هەزار سەرباز لە ئیسرائیل.
500 سەرباز لە قوبرس.
ئەم هێزە بنکەی سەربازی و کەرەستەی دەریایی و ئاسمانی لە دوورگەکانی ڕۆدس یان کارپاسۆس و قوبرس و ئیسرائیل دەخرێتە بەردەست. هەروەها دوو فیرقەی ئاسمانی (یەکێکیان یۆنانی و ئەوی تر ئیسرائیلی) بۆ پشتیوانیی ئەم هێزە تەرخان دەکرێن.
ئامانج: پاراستنی بۆریی گاز و ژێرخان
لە ڕووی دەریاییەوە، ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزە پاراستنی ژێرخانە ستراتیجییەکانە، وەک بۆرییەکانی گاز، کێبڵی پێوەندییەکان و کارەبا لە ژێر دەریا.
پێشبینی دەکرێت یۆنان کەشتییەکی جەنگی (فریگات) و ژێردەریاییەک دابین بکات، ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە کەشتییەکی جەنگیی پێشکەوتوو (کۆرڤێت) و ژێردەریاییەک بخاتە گەڕ. ئامانج لێی دروستکردنی بەربەستێکی ڕێگرییە لە بەردەم سیاسەتەکانی ئەنقەرە.
هەڵوێستی ئیسرائیل و ستراتیجییە نوێیەکە
شای گال، شرۆڤەکاری ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە داوە، ئەم هەنگاوە تەنیا دژایەتیکردنی دەوڵەتێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی "بۆشاییی ستراتیجی"یە.
ئەو دەڵێت: "لە ڕۆدسەوە تا قوبرس و ئیسرائیل، بۆری و کێبڵەکان لەژێر دەریادا کەوتوون، شەڕی ڕاستەقینە گواستراوەتەوە بۆ قوڵاییی دەریا، نەک نەخشەی سەر ڕووی ئاوەکە کە تورکیا پێی دەڵێت 'نیشتمانی شین'".
ئیسرائیل ئەم هاوپەیمانییە بە "قووڵاییی ستراتیجی" دەزانێت، بەتایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، کە پێشتر فڕۆکەخانەکانی قوبرس وەک شوێنی نیشتنەوەی ناچاریی بۆ فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بەکارهێنراون.
دیداری سێقۆڵی و مووشەکی ئیسرائیلی بۆ یۆنان
هەر لە چوارچێوەی ئەم هاوئاهەنگییەدا، هەفتەی ڕابردوو تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لەگەڵ هاوتا یۆنانی و قوبرسییەکەی کۆ بووەوە. هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پلانی هەیە میوانداریی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە بکات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، سوپای یۆنان سەرقاڵی جێگیرکردنی سیستمی مووشەکیی ئیسرائیلی (Spike NLOS)ە لە دوورگەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ئیجە و ناوچەی ڕووباری ئیڤرۆس، کە بڕیارە تا هاوینی داهاتوو بەتەواوی ئامادە بێت بۆ کارکردن.