پلانێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران دەخرێتە سەر مێزی ترەمپ

:: AM:11:02:21/12/2025 ‌
''ئێن بی سی نیوز'' لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردوە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەم مانگە سەردانی ئەمەریکا دەکات و یەکێک لە ئامانجەکانی لەو سەردانە ئەوەیە پلان و پڕۆژەیەکی نوێ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێشکەشی ترەمپ بکات.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە 29ی ئەم مانگەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە. بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن ئەگەری زۆرە نەتەنیاهۆ هەوڵ بدات ترەمپ بۆ هێرشێکی تر رازی بکات چونکە پێی وایە ئێران پەرەی بە مووشەکە بالیستیکییەکانی داوە کە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل هەژمار دەکرێن.

بە بۆچوونی بنیامین نەتەنیاهۆ پەرەپێدانی مووشەکیی ئێران تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل بەڵکوو راستەوخۆ هەڕەشە لە بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمەریکا لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
بژاردەکانی پێشوو

بەر لە هێرشی مانگی حوزەیرانیش بنیامین نەتەنیاهۆ چوار بژاردەی هێرشی سەربازی خستبووە سەر مێزی ترەمپ و دواجار سەرۆکی ئەمەریکا بژاردەی سێیەمی پەسند کرد کە بریتی بوو لە ئۆپڕاسیۆنی هاوبەش.

وەک دەزانرێت ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانی 2025 هێرشەکەی دەست پێ کرد و هەر لە یەکەم گورزدا دەیان فەرماندەی باڵای سوپا و زانای ئەتۆمیی کوشت و پاشان زیانێکی زۆری بە ناوەندەکانی بەرگری و سەربازی و ئەتۆمی گەیاند.

لە 22ی هەمان مانگ ئەمەریکا هێرشەکەی بۆ تەواو کرد کە بریتی بوو لە لێدانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بە بۆمبی تایبەتی و فڕۆکەی B2 و لە ماوەی چەند سەعاتێکدا هەر سێ وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانی وێران کرد.

لەو کاتەوە ئێران نەیتوانیوە دەستی بەو سێ بنکە ئەتۆمییە بگات و چالاکییە ئەتۆمییەکانی تووشی کێشە بوون و لانی کەم بۆ چەند ساڵێک دوا خراون بەڵام ئێران لە کەرتی مووشەکیدا خێراتر لە جاران دەستی بە بەرهەمهێنانی مووشەک کردووە و خۆی بۆ جەنگێکی تر ئامادە دەکات.

لەو چوار بژاردەیەی ئیسرائیل بەر لە هێرشەکە خستبوویە سەر مێزی ترەمپ یەکەمیان  بریتی بوو لە هێرشی یەکلایەنەی ئیسرائیل بە بێ دەستوەردانی ئەمەریکا، دووەم بریتی بوو لە هێرشی ئیسرائیل لە چوارچێوەی پاڵپشتیی سنوورداری ئەمەریکا، سێیەم بژاردە ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریکا و بژاردەی چوارەمیش ئەوە بوو ئەمەریکا بە تەنیایی هێرش بکاتە سەر ئێران.

کۆبوونەوەی نوێی دۆناڵد ترەمپ و نەتەنیاهۆ لە مارالاگۆی فلۆریدایە و سەرچاوە ئیسرائیلییەکان گوتوویانە نەتەنیاهۆ پلانێکی هاوشێوە پێشکەشی ترەمپ دەکات کە چەند بژاردەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەخۆ دەگرێت.
ناکۆکیی ترەمپ و نەتەنیاهۆ

''ئێن بی سی نیوز'' نووسیویەتی ئەو پرسە لە کاتێکدا باس دەکرێ کە لە هەمان کاتدا پرسی غەزەش گەرمە و جۆرێک ناکۆکی لە نێوان ترەمپ و نەتەنیاهۆ لەبارەی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەزە لەئارادایە و ئەگەر ئەو ناکۆکییانە درێژە بکێشن ئەوا لەوانەیە ترەمپ بە پلانەکانی نەتەنیاهۆ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران رازی نەبێت.

دەگوترێ ئەگەر ئێران پێشی پێ پێ نەگیرێت ئەوا تواناکانی لە بەرهەمهێنانی مووشەک بۆ سێ هەزار دانە لە ساڵدا بەرز دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا ئەوەی جێی نیگەرانیی ئیسرائیلە ئەوەیە ئێران لە یەک کاتدا بتوانێت ژمارەی زیاتری هێرشی مووشەکی بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل بەکار بهێنێت.

بەگوێرەی ''یۆرۆنیوز'' عەلی واعز بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی نێودەوڵەتیی قەیران مانگی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز گوتبووی کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە ئێران شەو و رۆژ کار دەکەن و ئەگەر جەنگێکی تر دەست پێ بکات هیوا دەخوازن لە جیاتی ئەوەی لە ماوەی 12 رۆژ 500 مووشەک بگرنە ئیسرائیل ژمارەکە بۆ دوو هەزار مووشەک بەرز بکەنەوە و بەهۆیەوە سەر لە سیستمی بەرگریی ئیسرائیل بشێوێنن.

لە لایەکی ترەوە دێنی سێترینۆڤیچ لێکۆڵەری باڵای پلانی ئێران و بەرەی شیعە لە دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە وتارێکدا کە لە یەکێک لە رۆژنامەکانی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی داوە هێرشی 12 رۆژە نەبووەتە سەرکەوتنێکی راستەقینە بۆ ئیسرائیل چونکە ئێران پێی وایە شکستی نەخواردووە و تەنانەت باوەڕیان بەوە هەیە کە شەڕێکی تر دەست پێ دەکاتەوە و تەنیا ئەوە ماوە کاتەکەی دیاری بکرێت و هەر بۆیەش ئێران زۆر بە خێرایی دەستی بە بەرهەمهێنانی مووشەک کردووە.


وشە - سلێمان تاشان