توێژەرێكی میسری: سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ میسر لە كاتێكی زۆر گرنگ دێت

:: PM:11:05:21/12/2025 ‌

دوێنێ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە قاهیرە و ئەمڕۆ یەكشەم لە كۆشكی كۆماری لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر كۆبووەوە، سەرۆكی میسر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەكە پێشان دا، لە كۆبوونەوەیەكدا دووپات لە گرنگیی بەهێزكردنی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەكان بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی كرایەوە، توێژەرێكی میسری باسی گرنگیی سەردانەكە دەكات.

د. مەحموود زاید مامۆستای مێژووی هاوچەرخ لە زانكۆی ئەزهەر و شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی سەردانەكە دەڵێت، سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و شاندی هاوەڵی بۆ میسر لە كاتێكی زۆر گرنگ دێت، لە دۆخێكی ناهەمواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی دۆخێكی گڕگرتوو و گەرم و پڕ لە ململانێ دێت، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان لە سایەی سەركردایەتیی ئێستەی بووەتە یاریزانێكی سەرەكی و بەشدار و كارا لە چارەسەركردنی كێشەكان و یەكلاكردنەوەیان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە، كە ئەوەش ئەو رەوتەیە میسر پێڕەوی كردووە، كە دەستوەردانی ناشەرعیی هەندێك هێزی ناوچەكەی لە كاروبار و چارەنووسی گەلانی وڵاتانی ناوچەكە رەت كردووەتەوە.

سەردانەكە چەندان رەهەندی سیاسی و تەناهی و ئابووری هاوبەشی گرنگی بۆ هەردوولا هەیە، لەوكاتەی پێویستە لەسەر میسر بە بەردەوام كار لەسەر چارەسەركردنی كێشە و ململانێكانی ناوچەكە بكات، وەك ناوەندێكی سەقامگیر و پەرەپێدان، كوردستانی عێراق هەمان بارگرانی لە ناوچەكە لەسەرە، سەرەڕای هێرشە تیرۆریستی و تاوانكارییەكان كە ماوە ماوە دامەزراوە گرنگەكانی دووچاری دەبنەوە، رەنگە فرەوانبوونی بازنەی پێوەندییە دەرەكییەكانی بە رووی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو و توركیا بەو ئاراستەیەدا بڕوات.

هەرێمی كوردستان رۆڵی گەورەی لە وەستانی ململانێی چەكداری لە نێوان توركیا و پەكەكە هەبوو، هەروەها هەرێم توانی بۆچوونی هێزە كوردییەكانی سووریا لێك نزیك بكاتەوە و بیانگەیەنێت بە دەقێكی هاوبەش لە گفتوگۆكان لەگەڵ دیمەشق لەبارەی داهاتووی سووریا پشتی پێ ببەستن، گومانی تیادا نییە هەریەك لە میسر و هەرێم پێویستیان بە گفتوگۆ و دیداری بەردەوام هەیە، بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی تەناهی و ئایدۆلۆجی، چونكە بوونی هەرێمێكی ئارام و سەقامگیر و گەشەسەندووە دۆخێكی ئەرێنی دەخاتە سەر ناوچەكە كار بۆ بەهێزكردنی بەغدا و زیادكردنی پاڵپشتیكردنی بەرەو سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵگەیی دەكات.  

لە رووی ئابوورییەوە هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكان هەلی باشی راكێشانی وەبەرهێنانیان هەیە كە هەردوولا پێویستیان پێیەتی، بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان چاویان لە بەرهەمە كشتووكاڵییەكانی میسرە بەهۆی كوالێتی و متمانەی لە بازاڕەكانی رۆژئاوا، جیا لەوە هەرێم پێویستیی شارەزاییەكی زۆر هەیە كە كۆمپانیاكانی میسر لە بواری ئاوەدانكردنەوە هەیانە و حكوومەتی هەرێم  لە سەردەمی مەسروور بارزانی بۆ پەلەكردن و فرەوانكردنی ئاوەدانكردنەوە و گەشەسەندنی پێی ناسراوە پێویستیی پێیەتی، لە بەرانبەردا دەرگەی میسر بۆ سەرمایەی كوردستان و كارسازانی كراوەیە، بۆ وەبەرهێنانكردن لە میسر لە سایەی ئەو ئاسانكارییە گەورەی حكوومەتی میسر لە هەموو بوارەكانی رەخساندوویەتی.

پێویست دەكات ئەوە پێوەندییە مێژووییەی لە سەتەكانی پێشوو تا ئێستە هەردوو گەلی میسر و كورد كۆ دەكاتەوە، بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانیان سوودی لێ ببینرێت، لە مێژووی هاوچەرخ میسر رێز لە مافەكانی گەلی كورد و شارستانیەت و كولتوورە جیاوازەكەی لە گەلانی ناوچەكە دەگرێت، ئەوەش لە سەردەمی سەرۆك جەمال عەبدولناسر بەدیار كەوت، كاتێك وەك یەكەم سەركردەی عەرەب لە 1958 پێشوازیی لە مەلا مستەفا بارزانی سەركردەی كورد كرد و وەك یەكەم دەوڵەتی عەرەبیش كونسوڵگەی لە هەولێر كردەوە، لای خۆیەوە سەرۆك سیسی زیاتر لە جارێك بە دنیای راگەیاند كە پێویستە رێز لە مافە نیشتمانی و دەستوورییەكانی گەلی كورد بگیرێت و هیچ هێزێك لە دنیا نییە بتوانێت گەلی كورد لەناو ببات.  

لە كۆتادا زاید دووپاتی كردەوە كە پێم وایە ئەو پەیامەی هەرێمی كوردستان پێشكەشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای دەكات، وا پێویست دەكات هەمووان پاڵپشتی لێ بكەن، چونكە بوونێكی ئەرێنی خستووەتە سەر ناوچەكە، وەك هەڵوێستی مێژووییش قاهیرە دەرگەیەكی سروشتی و شەرعی دەمێنێتەوە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە كوردییە بە ناوچەكە و دنیا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل