ئامانجیان گۆڕاوە.. میلیشیا شیعەكان داوكارییان لە ئەمەریكا هەیە

:: PM:07:34:23/12/2025 ‌

لە ماوەی دوایی، بەتایبەتی لە دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، بەشێك لە میلیشیا شیعەكانی لایەنگری ئێران و نەیار بۆ ئەمەریكا، پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەكی دەستیان و رادەستكردنەوەی بۆ حكوومەتی عێراق راگەیاند، ئەوەش وەك تەكتیكێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە زۆرەی لەسەریان لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل خوێندنەوەی بۆ كرا، هاوكات وەك تەكتیكێكی ئێران و هێزە سیاسییەكانی شیعە بۆ پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتی شیعە لە عێراق، بەڵام زیاتر لەوە چیان دەوێت؟

دوای ژمارەیەك لە میلیشیاكان، دوێنێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتیی خۆی لە داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت راگەیاند، ئەوانە هەڵوێستی نوێن و پەیامن بەرانبەر بە گوشارەكانی ئەمەریكا، بەڵام مەبەستی راستەقینەی ئەوان چییە و ترسیان لە چی هەیە؟، چەند سەرچاوەیەك ئاماژە دەكەن كە ئێستە بەشێك لە میلیشیا شیعەكان لاریان لە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا نییە، بەڵام بە مەرج و لەسەر بنەمای رژدیی پێوەندییەكە لەسەر ئاستی ناوەند و درێژخایەن.

بەپێی سەرچاوەكان، زۆرینەی سەركردە میلیشیاكان لاریان لە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و نەهێشتنی حاڵەتی دوژمنداری نێوانیان نییە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت ئەو پرۆسەیە لەسەر بنەمایەكی روون بێت، هۆكاری ئەوەش ئەوەیە كە ئەوان ترسیان لەوە هەیە بەردەوامیی نەیاریان بۆ واشنتن، لە كۆتاییەكەی ببێتە هۆی ئاوەژووكردنی هاوكێشەی دەسەڵات لە عێراق لە دژی ئەوان، وەك لە سووریا، بۆیە نایانەوێ رسك بەوە بكەن كە ساڵانێكە بە دەستیان هێناوە، لە پارە و دەسەڵات لە ناو تەواوی كایەكانی دەوڵەت.

سەرچاوەكان باسی ئەوەش دەكەن كە بەشێك لە سەركردەی میلیشیاكان دەیانەوێ جۆرێك بە پراگماتیی سیاسی پێڕەو بكەن و هەوڵ دەدەن بۆ نەهێشتنی حاڵەتی دوژمنداری لەگەڵ ئەمەریكا و پێیان وایە دەتوانن ئەوە بكەن و لە بەرانبەردا ئەمەریكا ناوی ئەوان لە لیستی سزاكان و تیرۆر دەربكات.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە لەو مەرجانەی میلیشیاكان بەرانبەر بە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا هەیانە، لابردنی ناوی ئەوان لە لیستی تیرۆر، ئەوە یەكەم مەرجی ئەوانە، چونكە زیانی زۆری لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری لەوان داوە، جیا لەوە پابەندبوون بە نەكردنەئامانجیان و دانەنانی هێڵی سوور لەسەر بەشداریكردنیان لە حكوومەتی نوێی عێراق، لەپاڵ دانانی نەخشەیەك بۆ كشانەوەی كۆتایی لە عێراق، لێرەدا كێشەی سەرەكی وابەستەیی ئەو میلیشیایانەیە بە سیستمی ویلایەتی فەقێكانی ئێران، كە ئاساییكردنەوەی پێوەندیی ئەوان لەگەڵ ئەمەریكا بە تەواوەتی رەت دەكاتەوە، تەنیا لە خاڵەتی رێككەوتنی واشنتن و تاران نەبێت لەسەر ئاشتی و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان. 

لە چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەك میلیشیای شیعە پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەتی عێراق راگەیاند، شەوی رابردووش چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەی ژمارە 255ی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی شێخ هومام حەموودی لە بەغدا ساز كرد، بەپێی بەیاننامەی چوارچێوەكە، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆی قووڵ لەبارەی چەند پرسێك كرا، لەوانە پەلەكردن لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.

جیا لەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی لە هەڵوێستی نەگۆڕی پاڵپشت بۆ هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت كردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی تەواوی نیشتمانی و لە رێگەی میكانیزمێكی روونی یاسایی و بەو شێوەی سەروەری دەوڵەت بەهێز بكات و ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت و خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بكات.

لە ماوەی دوایی عەبدولرەحمان جەزائیری سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بریكارێكی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف، باسی دۆسیەی حەشدی شەعبیم كرد، ئەوان وەڵامیان دایەوە بەوەی نابێت بەر لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هیچ بڕیارێك لەبارەی چارەنووسی حەشدی شەعبییەوە بدرێت، هەرچی ئەو میلیشیایانەن كە رەتی دەكەنەوە چەك رادەست بكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ كەتیبەكانی حزبوڵا و بزاوی نوجەبا، ئەوان لیستێكی داواكارییان داوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

روونی كردەوە، لیستەكەی ئەوان شەش داواكاری لەخۆ گرتووە، لەوانە بوونی گەرەنتی بەوەی چەكەكانیان راستەوخۆ دەدرێتە حكوومەت لە رێگەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق، نەكردنەئامانجی بارەگەكانیان و هیتریش، كەچی بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە ئەو دوو گرووپە بەهێزترین پێوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە و ناتوانن بێ بڕیاری ئێران چەك داماڵن، وەك چۆن حزبوڵای لبنانی چەكەكانی بێ رەزامەندیی ئێران رادەست ناكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل