بەرپرسانی حزبی لە پێنجوێن داهاتی پەتاتە و تەماتەیش لە جووتیاران دەسەنن و عەلوەكە داگیر دەكەن

:: PM:04:19:24/12/2025 ‌
عەلوەیەكی نوێ‌ لە پێنجوێن دروست كراوە، بەڵام جووتیارانی سنوورەكە بەزۆر خراونەتە ئەوێ‌ بۆ كاركردن و تا ئێستەیش ناڕازین، ئەوەیش بەهۆی سەرانەی چەند بەرپرسێكی سنوورەكە و وەرگرتنی بەرتیل لێیان. 

بەشێكی زۆری خاوەن عەلوەكانی پێنجوێن/ بایكۆتی عەلوە نوێیەكەی سنوورەكە دەكەن و داوا دەكەن كەس بەرهەمەكانیان ڕەوانەی ئەو عەلوەیە نەكات، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەك لە خاوەن كەپرەكان سەردانی مەڵبەندی نۆی شارەزووری یەكێتی دەكەن، بەڵینیان پێ دەدرێت كە ئەمساڵ عەلوەكان لەسەر شەقامی "پێنجوێن – گەرمك" دابنرێت تا بە تەواوەتی كاری عەلەوی نوێ تەواو دەبێت.

بەڵام دوای دوو هەفتە لە بەڵێنەكانیان پەشیمان دەبنەوە و ئێستە خاوەن عەلوەكان ناچار كراون كەپرەكانیان لابەن و ڕوو بكەنەوە عەلوە نوێیەكە، بەڵام جووتیاران لەبەر چەند هۆكارێك ئامادە نین بچنەوە عەلوە نوێیەكە. هەموو ئەو زانیارییانە لەلایەن چەند كاسبكارێكی سنووری پێنجوێن بۆ "وشە" نێردراوە. 

بە گوتەی ئەوان، هۆكاری بایكۆتكردنی ئەو عەلوەیە پێوەندی بە گرانیی نرخی كرێی هەیە كە بڕەكەی بە 180 هەزار دۆلار بۆ هەر (قاتع)ێكی 120 مەتری وەرگیراوە. جیا لەوەیش رێژەی عموولە لە سێ‌ دۆلار بۆ پێنج دۆلار بەرز كراوەتەوە.


"وشە" بە داوادچوونی لەسەر ناڕەزایی جووتیارانی ئەو سنوورە كرد و دەركەوت، عەلوەی نوێ بە هاوكاریی "ئیدارەی گشتیی یەكێتی" و پشكی ژمارەیەك كەسایەتیی ئەو سنوورە دروست دەكرێت، كە بریتین لە "ه. ن. ر" و  "د. ح. ع" و "ك. ش" كە  كەسانی باڵای یەكێتی و پێنجوێنن.

بەشی فرۆشتنی پەتاتە دراوە بە "ب. ن. ڕ" كە 32 دوكانە، هیچ سیمایەكی عەلوەی هاوچەرخی پێوە دیار نییە، پێكهاتووە لە چەند پایەیەك و سەقفێك، ڕووبەرەكەی زۆر بچووكە و بۆ ئەو هەموو بەرهەم و بارهەڵگرە نابێت، خاوەن كەپرەكان داوا دەكەن بە كرێی ساڵانە بدرێت پێیان و ئامادەن ساڵی 10 ملیۆن دینار بدەن. 




وشە - وشه‌