دامه‌زراوه‌ی ''ئه‌رشیڤی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا'' ته‌واوی ده‌قی گفتوگۆكانی نێوان سەرۆکەکانی رووسیا و ئه‌مه‌ریكا له نێوان ساڵانی 2001 تا 2008ی بڵاو كرده‌وه. به‌گوێری ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه پرسی ئه‌تۆمیی ئێران ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی سێ گفتوگۆی راسته‌وخۆی نێوان ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا و جۆرج ده‌بلیۆ بۆش سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌مه‌ریكا بووه.
دیداری 2001
یه‌كه‌م گفتوگۆی نێوانیان له 16ی حوزه‌یرانی 2001 بووه له قه‌ڵایه‌كی سلۆڤانیا، تێیدا بۆش نیگه‌رانیی خۆی له‌باره‌ی پلانی ئه‌تۆمیی ئێران و فرۆشتنی چه‌ك به تاران ده‌ربڕیوه، له به‌رانبه‌ردا ڤلادیمێر پوتین پێی گوتووه، فرۆشتنی ته‌كنه‌لۆجیای مووشه‌كی به ئێران سنووردار ده‌كات و ئه‌وه‌شی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه كه ئێران ده‌یه‌وێت ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی بگات.
پوتین به بۆشی گوتووه، ''پسپۆڕانی ئێرانی پرسیاری زۆر له پسپۆڕانی ئێمه ده‌كه‌ن و زۆربه‌ی پرسیاره‌كانیشیان بۆ هه‌ندێك بواری هه‌ستیاره، گومانی تێدا نییه كه ئێران به دوای چه‌كی ئه‌تۆمیدا ده‌گه‌ڕێت و خۆم به پسپۆڕانی رووسیام گوتووه، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه هه‌ستیارانه زۆر قسه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كاندا مه‌كه‌ن.''
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بۆش ره‌تی كردووه‌ته‌وه ئه‌مه‌ریكا له هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بێت، ئاماژه‌ی به په‌سندكردنی كۆمه‌ڵێك سزا له دژی ئێران كردووه له‌لایه‌ن كۆنگرێس و گوتوویه‌تی ته‌نانه‌ت كۆنگرێس رێگه به‌م كاره نادات.
هاوكات كۆندالیزا رایس راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی حكوومه‌تی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هاوڕێیه‌تی بۆشی كردووه، دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه هه‌ندێك ده‌نگۆ و بانگه‌شه له‌باره‌ی هه‌وڵدانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ن به‌ڵام دوورن له راستییه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌ی 2005
به‌ڵگه‌ی دووه‌م پێوه‌ندی به دیداری نێوان ڤلادیمێر پوتین و جۆرج بۆش له 16ی ئه‌یلوولی 2005 هه‌یه له كۆشكی سپی. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جگه له كۆندالیزا رایس، دۆناڵد رامسفێڵد وه‌زیری به‌رگریی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا و سێرگی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا به‌شدارن و كۆی دانیشتنه‌كه‌ش له‌باره‌ی پرسی ئه‌تۆمیی ئێرانه.
كۆندالیزا رایس له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت، ''پێشتریش له‌گه‌ڵ رووسیا دانیشتنمان هه‌بووه و هه‌ردوولا رێككه‌وتووین نابێت ئێران ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی بگات و ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان دێت بیكه‌ین''
له درێژه‌دا ده‌ڵێت، ''نیگه‌رانیی ئێمه پیتاندنی یۆرانیۆمه له‌لایه‌ن ئێران و گرنگه بگه‌ین به خاڵێك ئێران نه‌توانێت یۆرانیۆم بپیتێنێت، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌یكات مه‌ترسیداره و ده‌كرێت بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازی به‌كار بهێنرێت، پێشتر راپۆرتی پێوه‌ندیدار به پرسی ئه‌تۆمیی ئێرانمان خستووه‌ته خزمه‌تی رووسیا.''
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه
یۆرۆنیوز ده‌قه‌كه‌ی به فارسی بڵاو كردووه‌ته‌وه، باس له‌وه ده‌كرێ دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بسپێردرێت، به‌ڵام رووسیا نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه له‌وه‌ی له‌وانه‌یه ئێران رێچكه‌ی كۆریای باكور بگرێته‌به‌ر، بۆیه‌ش دژایه‌تیی ئه‌وه‌ی كردووه دۆسیه‌كه به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بسپێردرێت. خاڵی سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه پوتین باسی له كرده‌ی سه‌ربازی له دژی ئێران كردووه.
پوتین ده‌ڵێت، ''ده‌ترسم به گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، ئێران رێچكه‌ی كۆریای باكور بگرێته‌به‌ر، ئه‌گه‌ر به راستی له دوای چه‌كی ئه‌تۆمی بن، ئه‌وا ناتوانین هه‌موو ئه‌و شتانه كۆنترۆڵ بكه‌ین كه له ئێران روو ده‌ده‌ن، له‌و كاته‌شدا ده‌بێت چی بكه‌ین؟ ئایا هێرش بكه‌ین؟ كوێ بكه‌ینه ئامانج؟ له كێ بده‌ین؟ ئایا دڵنیان له‌و زانیارییانه‌ی هه‌تانه؟ گرنگه بۆ هه‌ر جۆره هه‌ڵوێستێكمان بنه‌مامان هه‌بێت. من له‌گه‌ڵ بۆش هاوڕام ئه‌گه‌ر ئێران یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی پێشێل بكات، ئه‌وكات مافمانه دۆسیه‌كه به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بسپێرین''.
جێی باسه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه رێك مانگێك دوای ده‌ستبه‌كاربوونی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد وه‌ك سه‌رۆك كۆماری ئێران به‌ڕێوه چووه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كۆشكی سپی پوتین ده‌ڵێت، ''سه‌عاتێك و 20 خوله‌ك له‌گه‌ڵ مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد قسه‌م كردووه و پێم گوتووه، ئه‌گه‌ر درێژه به دانوستانی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپییه‌كان نه‌دات، ئێران په‌راوێز ده‌خرێت.''
هه‌ر له دیداره‌كه‌ی كۆشكی سپی جۆرج بۆش ئاماژه‌ی به نیگه‌رانییه‌كانی ئیسرائیل له‌باره‌ی پلانی ئه‌تۆمیی ئێران كردووه و گوتوویه‌تی، هه‌رچه‌نده بژارده‌ی سه‌ربازی خراپه، به‌ڵام ده‌بێت له‌سه‌ر مێز بمێنێته‌وه.
به بۆچوونی جۆرج بۆش، ئاریه‌ل شارۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بیر له بژارده‌ی سه‌ربازی ده‌كاته‌وه، بۆیه‌ش به پوتین ده‌ڵێت، ''ئه‌گه‌ر من و تۆش له جێی شارۆن بووینایه بیرمان له‌و بژارده‌یه ده‌كرده‌وه و به راستی پرسی بۆمبی ئه‌تۆمیی ئێران، ئیسرائیلییه‌كانی ترساندووه.''
جۆرج بۆش ده‌ڵێت، ''پێویسته رێكاری دیپلۆماسی وه‌ڵام بداته‌وه، ئه‌گه‌ر شارۆن هه‌ست به‌وه بكات كه پێویسته هێرش بكاته سه‌ر ئێران، دۆخه‌كه له كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت و ئه‌گه‌ری زۆره ئیسرائیل هێرش بكاته سه‌ر ئێران. ئه‌گه‌ر ئیسرائیل پێی وابێت له وێستگه‌ی ئه‌تۆمیی نه‌ته‌نز پیتاندن روو ده‌دات، یه‌كێك ده‌بێت له ئامانجه‌كانی هێرش، هه‌رچه‌نده ئێمه بۆ ئیسرائیلی ده‌ستنیشان ناكه‌ین كوێ ده‌كاته ئامانج.''
دیداری سێیه‌می نێوان بۆش و پوتین
به‌ڵگه‌نامه‌ی سێیه‌م كه ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، بریتییه له ده‌قی گفتوگۆی نێوان پوتین و بۆش كه له ساڵی 2008 له شاری سووچیی رووسیا كراوه و له‌و دیداره‌شدا یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه، پرسی ئه‌تۆمیی ئێران بووه.
پوتین به بۆش ده‌ڵێت، ''هه‌موو شت كۆنترۆڵ كراوه هه‌رچه‌نده ئێران ده‌یه‌وێت هه‌ندێك شت به نهێنی بكات، به‌ڵام ده‌یاندۆزینه‌وه و سزایان ده‌ده‌ین.''
هاوكات كۆندالیزا رایس وه‌زیری ئه‌وكاتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پشتڕاستی ده‌كاته‌وه كه له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی ''ئه‌راك'' هه‌ندێك چالاكیی نهێنی ئه‌نجام دراوه.
جۆرج بۆش ئاماژه به پڕۆژه پێشنیازێكی رووسیا ده‌كات كه به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌كه، رووسیا سووته‌مه‌نیی ئه‌تۆمی بۆ وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران دابین بكات و به‌م هۆیه‌وه رێگه له ئێران بگرێت یۆرانیۆم بپیتێنێت.
پاشان روو له پوتین ده‌كات و پێی ده‌ڵێت، ''پڕۆژه‌كه‌ی ئێوه زۆر زیره‌كانه بوو. رێبه‌رانی ئێران ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كان كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن، ئێمه‌ش پێیان ده‌ڵێین مافی خۆتانه، رووسیاش ده‌ڵێت مادام وایه ئێمه سووته‌مه‌نییه‌كه‌تان پێ ده‌ده‌ین، كه‌وایه هیچ پێویست به پیتاندن ناكات و ئه‌گه‌ر له دوای پیتاندن بن نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه مه‌به‌ستیان كاره‌با نییه و به‌دوای شتی تره‌وه‌ن.''
دواتر پوتین قسه ده‌كات و ئاماژه به ناردنی سیستمی به‌رگریی مووشه‌كیی S300 بۆ ئێران ده‌كات كه مه‌رجی ئه‌وه‌یان بۆیان دیاری كردووه ره‌فتاره‌كانی بگۆڕێت و ده‌ڵێت، ''بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چوار ساڵه گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا كردووه جێبه‌جێ نه‌كراوه.''
له وه‌ڵامدا جۆرج بۆش ده‌ڵێت، ''سوپاستان ده‌كه‌م به‌ڕاستی ئه‌وان شێتن'' پوتینیش وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت ''ئه‌وان به ته‌واوی شێتن.''
رێبه‌ری رووسیا له كۆتاییدا ده‌ڵێت، ''ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه سه‌یره ئه‌وه‌یه راسته ئایدۆلۆجیی ئه‌وان شێتانه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا زیره‌كن، خوێندنی ئه‌كادیمییان هه‌یه و له ژینگه‌یه‌كی ئه‌كادیمییه‌وه هاتوون، له‌وانه‌ش ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و ده‌وروبه‌ری و سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌سانی دواكه‌وتوو نین، بۆیه به‌لامه‌وه سه‌یره.''