چارەنووسی رێككەوتنی 10ی ئاداری هەسەدە و دیمەشق چی دەبێت؟

:: PM:05:30:25/12/2025 ‌

دوای ئەوەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لە 10ی ئاداری رابردوو بە میانگیریی ئەمەریكا رێككەوتنێكی هەشتخاڵیان بۆ رێكخستنی پێوەندییەكانیان واژوو كرد و دەبوایە تا كۆتایی ئەمساڵ بێتە جێبەجێكردن، كەچی تا ئێستە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە و چارەنووسی نادیارە.

رۆژی دووشەم 10ی ئاداری 2025، هەریەك لە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لە دیمەشق كۆ بوونەوە، وەك لە نووسراوێكدا هاتووە، ئەوان لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ رێك كەوتن كە تا كۆتای ئەمساڵ بینە جێبەجێكردن.

بەپێی نووسراوی كۆبوونەوەكە هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتوون لەوانە، مسۆگەركردنی مافی هەموو سوورییەكان لە نوێنەرایەتی و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت، لەسەر بنەمای توانست و بێ رەچاوكردنی پاشكۆی ئاینی و ئەتنیان، كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا، دەوڵەتی سووریا مافی لە هاووڵاتیبوون و تەواوی مافە دەستوورییەكانی بۆ مسۆگەر دەكات.  

سەپاندنی ئاگربەست بەسەر تەواوی خاكی سووریا، هەروەها یەكخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانەش دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.

مسۆگەریی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە و راگوێزراوە سوورییەكان بۆ شار و گوندەكانیان و پاراستنی ئاسایشیان لە لایەن دەوڵەتی سوورییەوە، پاڵپشتیكردنی دەوڵەتی سووری لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی ئەسەد و هەموو هەڕەشەكانی سەر ئاسایش و یەكێتییەكەی.

رەتكردنەوەی داواكارییەكانی دابەشبوون و گوتاری رق و كینە و هەوڵەكانی نانەوەی دووبەرەكی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی سووری، لیژنەكانی جێبەجێكاری تا كۆتایی ئەمساڵ كار لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكەن، رێككەوتنەكە واژووی هەریەك لە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی كۆماری سووریای لەسەرە.

سەبارەت بە سەختی و بەربەستەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە خورشید دەلی توێژەر دەڵێت، گفتوگۆی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع گرنگە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا و دیاریكردنی سروشت و شێوەی فەرمانڕەوایەتیی تیایدا، بەڵام ئەو گفتوگۆیە چەند كێشە و بەربەستێكی لەپێشە لەوانە دید و بۆچوونی جیاوازی هەردوولا، لەوكاتەی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دەستی بە سیستمێكی ناوەندی بۆ فەرمانڕەوایەتی گرتووە، هەسەدە و پێكهاتەكانی سووریا داوای نامەرگەزی دەكەن، وەك گەرەنتیەك بۆ هاوبەشیی سیاسی و پاراستنی مافی ئەوان و ئەوەش لە دەستوور جێگیر بكرێت.  

دووپاتی كردەوە، دووەم كێشە و بەربەست بریتییە لە جیاوازی لەسەر ناوەڕۆك و مانای یەكخستنی هەسەدە لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق وەك ئەوەی لە رێككەوتنی ئاداری رابردووی هەردوولا هاتووە، دیمەشق پێی وایە دەبێت هەسەدە و هەموو دامەزراوەكانی خۆسەریی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا یەك بە یەك بچنە سەر دەسەڵاتەكەی، كەچی هەسەدە پێی وایە دەبێت یەكخستنەكە پاراستنی پێكهاتە و پەیكەری ئەو دامەزراوانەی تیادا بێت، وەك یەك قەوارە بچنە سەر دیمەشق بەشێوەیەك مافی كورد و پێكهاتەكانی تر لە دەوڵەتی سووریا بێتە پاراستن.

جیا لە گوشارەكانی ئەنقەرە و دیمەشق و هەڕەشەكانیان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە دژی هەسەدە ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكات، ئەمەریكا لە هەوڵی رێككەوتنێكی نوێیە لە نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ رێگرتن لە شكستهێنانی رێككەوتنی ئادار و هێرشی سەربازیی سوپاكانی توركیا و سووریا و گرووپە چەكدارەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی هەسەدە، مەكارم فەتحی توێژەر دەڵێت، یەكێك لە ئەگەرەكان راگەیاندنی رێككەوتنە بۆ جێبەجێكردنی بەشێكی رێككەوتنی ئاداری رابردوو و بەردەوامیی گفتوگۆ لە 2026، كە ئەو چارەسەریەش بەتایبەتی بۆ هەسەدە باشە.

لای خۆیەوە وائیل عەلوان توێژەرێكی تر ئاماژە دەكات رەنگە وادەی جێبەجێكردنی رێككەوزتنەكە شەش مانگی تر درێژ بكرێتەوە، چونكە هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییەكان سوورن لەسەر شكستنەهێنانی رێككەوتنەكە، لەگەڵ زیادبوونی گوشارەكانی نێودەوڵەتی وەك واشنتن و پاریس لەسەر هەسەدە بۆ رێگرتن لە شكستهێنانی رێككەوتنەكە.

روونی كردەوە، ئەگەری هەیە حكوومەتی سووریا لە رێگەی پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكە گوشاری مەیدانی بخاتە سەر هەسەدە، بەتایبەتی لە حاڵەتی درێژكردنەوەی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، لەوكاتەی هەسەدە لەگەڵ یەكخستنێكی تەواو نییە لەگەڵ دیمەشق، رەنگە بەهۆی گوشارەكانەوە هەندێك سازش بكات، بەڵام دوای شەش مانگی تر گوشارەكان لەسەری زیاتر دەبن، بەڵام رێگری لە گەیشتن بە شەڕێكی كراوە دەكرێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل