هه‌ریه‌ك له سعوودیه و ئیمارات كه پێشتر بۆ پرسی یه‌مه‌ن هاوپه‌یمان بوون و دژی حووسییه‌كان ده‌جه‌نگان و پاڵپشتییان له ده‌وڵه‌تی یاسایی یه‌مه‌ن ده‌كرد، تووشی ناكۆكی هاتوون و ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌و دوو وڵاته له ناوخۆی یه‌مه‌ن پشتیوانی ده‌كه‌ن به‌رانبه‌ر یه‌كتر وه‌ستاون.
ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی هێناوه‌ته كایه‌وه، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ن كه له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه له یه‌مه‌ن هاتوونه‌ته كایه‌وه. رێك سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر جوداخوازانی باشووری یه‌مه‌ن كۆنترۆڵكردنی پارێزگاكانی باشوور و به‌نده‌ری عه‌ده‌نیان راگه‌یاندبوو. ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشووری یه‌مه‌ن STC هه‌شت پارێزگای یه‌مه‌نی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاتر په‌ره پێ بدات.
له‌و ماوه‌یه‌دا ئیمارات چه‌ك و پێداویستیی زیاتری ره‌وانه‌ی باشووری یه‌مه‌ن كردووه، هه‌نگاوێك كه تووڕه‌یی سعوودیه‌ی به‌دواوه بووه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 30ی كانوونی یه‌كه‌م، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه، حكوومه‌تی ئیمارات هانی هێزه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی گواستنه‌وه‌ی باشووری یه‌مه‌نی داوه له سنووری جیۆگرافییان زیاتر پێشڕه‌وی بكه‌ن، به‌شێك له پارێزگاكانی حه‌زه‌رمۆت و موهره كۆنترۆڵ بكه‌ن، ئه‌و جۆره هه‌نگاوانه‌ش بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سعوودیه و سه‌قامگیریی یه‌مه‌ن زۆر مه‌ترسیداره، چونكه ئه‌وه‌ی پێشتر له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون پاڵپشتیكردن بووه له ده‌وڵه‌تی یاسایی یه‌مه‌ن.
به‌گوێره‌ی ''عه‌ره‌بیه'' سعوودیه داوای له ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی كردووه له ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا ته‌واوی هێزه‌كانی خۆی له باشووری یه‌مه‌ن بكشێنێته‌وه، هاوكاریی سعوودیه بكات بۆ ئه‌وه‌ی له پێناو ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه هه‌نگاو بنێن و هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن.
وه‌زاره‌ته‌كه ئاماژه‌ی داوه، كۆمه‌ڵێك كه‌شتیی هه‌ڵگری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به بێ مۆڵه‌تی فه‌رمانده‌یی هێزه هاوبه‌شه‌كان، له به‌نده‌ری فوجه‌یره‌وه بۆ به‌نده‌ری مكلا گواستراونه‌ته‌وه و ریاز پێی وایه هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سعوودیه، به‌زاندنی هێڵی سووره و له به‌رانبه‌ریدا هه‌ڵوێستی توند ده‌گرێته‌به‌ر.
ئه‌و به‌یاننامه‌یه دوای ئه‌وه دێت سعوودیه خۆی ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه، له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگییه‌وه به‌نده‌ری مكلای كردووه‌ته ئامانج. سعوودیه پێشتریش له ناو خاكی یه‌مه‌ن چه‌ند شوێنێكی كردووه‌ته ئامانج كه خاڵی به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان ئه‌نجوومه‌نی جوداخوازانی باشووری یه‌مه‌ن و ده‌وڵه‌تی یه‌مه‌نه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ ره‌شاد عه‌لیمی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی یه‌مه‌ن، باری نائاسایی له یه‌مه‌ن بۆ ماوه‌ی سێ مانگ راگه‌یاند و داوای له سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئیمارات كرد، له ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا خاكی یه‌مه‌ن بهجێبهێڵن و گه‌مارۆی ئاسمانی، ده‌ریایی و وشكانی خسته سه‌ر ته‌واوی به‌نده‌ر و ده‌روازه‌كان.
حووسییه‌كان سه‌نعای پایته‌خت و ناوچه‌كانی باكوری رۆژئاوایان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن. ئه‌وان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ددانپێدانراوی یه‌مه‌ن له شه‌ڕ و ململانێدا بوون، له هه‌مان كاتدا له رابردوو ناكۆكی و شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ئهنجوومهنهكهی باشووریش هه‌بووه، هه‌رچه‌نده چه‌ند ساڵێكه شه‌ڕ له نێوانیاندا وه‌ستابوو.
یه‌مه‌ن له ساڵی 2014ه‌وه بووه‌ته گۆڕه‌پانی جه‌نگی ناوخۆیی. سعوودیه پاڵپشتی له حكوومه‌تی فه‌رمیی وڵاته‌كه كردووه و له ساڵی 2015ه‌وه رێبه‌رایه‌تیی هاوپه‌یمانێكی سه‌ربازی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حووسییه‌كان كردووه، له‌به‌رانبه‌ردا ئێرانیش راهێنانی سه‌ربازیی به حووسییه‌كان كردووه و چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازیی بۆ دابین كردوون.
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشووری یه‌مه‌ن، هه‌ریه‌ك له ره‌شاد عه‌لیمی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی یه‌مه‌ن و سالم ساڵح بن به‌ریك سه‌رۆك وه‌زیرانی یه‌مه‌ن، عه‌ده‌نیان جێهێشت و به‌ره‌و ریاز رایان كرد.
پێویسته بگوترێ یه‌مه‌ن ده‌ڕوانێته سه‌ر گه‌رووی بابولمه‌نده‌ب و گه‌رووه‌كه به یه‌كێك له رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی بازرگانیی نێوان ئه‌وروپا و ئاسیا هه‌ژمار ده‌كرێت.
یه‌مه‌ن تا ساڵی 1990 به‌سه‌ر دوو وڵاتی یه‌مه‌نی باشوور و یه‌مه‌نی باكور دابه‌ش بووبوو. تا ئه‌وكات باشووری یه‌مه‌ن به تاكه ده‌وڵه‌تی كۆمۆنیستیی له ناو وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ژمار ده‌كرا، به‌ڵام دوای رووخانی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت، له‌گه‌ڵ باكوره‌كه‌ی یه‌كیان گرته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م دوو به‌شه یه‌كیان گرته‌وه، ناكۆكییه سیاسی، عه‌شیره‌یی، ئاینی و مه‌زه‌وی به‌رده‌وام بوون، بۆیه‌ش ئه‌نجوومه‌نی كاتیی باشوور دامه‌زراوه و ده‌یه‌وێت دووباره خۆی جیا بكاته‌وه و لانی كه‌م ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری پێ بدرێت.
سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسێكی ئیماراتی به رۆیته‌رزی گوتبوو، هه‌ڵوێستی ئیمارات له‌گه‌ڵ سعوودیه به‌رانبه‌ر به ره‌وتی گۆڕانكارییه‌كانی یه‌مه‌ن، له ژێر سێبه‌ری راسپارده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو و بڕیارنامه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هاوهه‌ڵوێستن.
به‌ڵام رووداوه‌كانی ئه‌مڕۆ و هێرشه‌كانی سعوودیه بۆ سه‌ر ئه‌نجوومه‌نه‌كه ده‌ریده‌خات، هه‌ڵوێستی سعوودیه و ئیمارات له پرسی یه‌مه‌ن وه‌ك یه‌كتر نییه و هه‌ر كامێكیان پاڵپشتی له لایه‌نێك ده‌كه‌ن، ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه دوو وڵاتی هاوپه‌یمان بۆ دوو وڵاتی دوژمن بگۆڕێن.