ئه‌مڕۆ سێشه‌م بۆ سێیه‌م رۆژی له‌دوای یه‌ك خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی له ئێران به‌رده‌وامه، خه‌ریكه شاری زیاتر ده‌چنه پاڵ خۆپێشانده‌ران و دژی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن.
ئه‌و گه‌ڕه نوێیه‌ی خۆپێشاندان رۆژی یه‌كشه‌م 28ی كانوونی یه‌كه‌م له تاران ده‌ستی پێ كرد، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی نرخی تمه‌ن به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و ته‌نانه‌ت 144 هه‌زار تمه‌نی بۆ هه‌ر دۆلارێك تێپه‌ڕاند.
له‌و كاته‌وه بازاڕه‌كانی ئێران شێواون و خه‌ڵك نازانن به چ نرخێك شتومه‌ك بكڕن و به چ نرخێك ساغی بكه‌نه‌وه، بۆیه بازاڕه‌كان یه‌ك له دوای یه‌ك داده‌خرێن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش په‌ره ده‌ستێنن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی جگه له‌وه‌ی كه له چه‌ند شوێنێكی تاران به‌رده‌وامه، هه‌ریه‌ك له ئیسفه‌هان، یه‌زد، شیرازی گرتووه‌ته‌وه و له شاره‌كانی كوردستانیش كرماشان بۆ یه‌كه‌م جار هاتووه‌ته پاڵ خۆپێشانده‌ران و له چه‌ند بازاڕێكی ئه‌و شاره، دژی گرانی و ئه‌و دۆخه ناله‌باره ئابوورییه خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه.
له تاران خۆپێشاندان خه‌ریكه ته‌واوی بازاڕه گه‌وره‌كان ده‌گرێته‌وه و جگه له كاسبكاران، خوێندكاران له ژماره‌یه‌ك زانكۆ ده‌ستیان به خۆپێشاندان كردووه.
تا ئه‌م ساته به‌هۆی ئه‌و خۆپێشاندانانه، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ده‌ستی له پۆسته‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه و مه‌سعوود پزیشكیان، عه‌بدولناسر هیمه‌تی سه‌رۆكی پێشتری بانكه‌كه‌ی بۆ ئه‌و پۆسته گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
به‌هۆی خۆپێشاندانه‌كان كه‌مێك به‌های تمه‌ن به‌رز بووه‌ته‌وه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه 138 هه‌زار تمه‌ن، هه‌رچه‌نده به‌راورد به دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر به رێژه‌ی زیاتر له 25% به‌های خۆی له ده‌ست داوه.
نرخی شتومه‌ك و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌كه‌لان له ئێران به تمه‌ن ساغ ده‌كرێنه‌وه و كاتێك نرخه‌كه‌ی له‌پڕ ده‌شكێت، فرۆشیار نازانێت به چ نرخێك ساغی بكاته‌وه، چونكه به‌و پاره‌یه‌ی له فرۆشتنی شتومه‌كه‌كان ده‌ستی ده‌كه‌وێت، هه‌مان كاڵای پێ ناكڕدرێته‌وه تا دووباره بیخاته بازاڕه‌وه و بژێوی خێزانی پێ دابین بكات.
سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ك و سزاكانی پێوه‌ندیدار به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌كی تر، له پاڵ ناكارامه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته و كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌یرانه‌كان به‌سه‌ر یه‌كتردا، هۆكارگه‌لێكن كه بوونه‌ته هۆی پاشه‌كشه‌ی ئابووریی وڵاته‌كه و زیاتر دابه‌زینی به‌های تمه‌ن.
داهاتی سه‌ره‌كیی ئێران نه‌وته و له رابردوودا دۆلاری له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌ست كه‌وتووه و پێداویستییه‌كانی ناوخۆی پێ دابین كردووه، به‌ڵام ئێسته هه‌م هه‌نارده‌ی نه‌وت كه‌می كردووه و هه‌م ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌یفرۆشێت، پاره‌كه‌ی به دۆلار بۆ ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به نرخێكی زۆر هه‌رزان به كۆمپانیا چینییه‌كانی ده‌فرۆشێت و به قاچاخ ده‌یگوازێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێنج مانگ و نیو به‌سه‌ر جه‌نگ و ئه‌و هێرشه‌دا تێده‌په‌ڕێت كه ئیسرائیل كردیه سه‌ر ئێران، هێشتا ئه‌و وڵاته وازی له هه‌ڕه‌شه‌كان و سیاسه‌ته‌كانی رابردووی نه‌هێناوه و نه‌یتوانیوه هه‌ناسه‌یه‌ك به ئابووری و دۆخی ناوخۆی سیاسیی وڵاته‌كه بدات، بێتمانه‌یی له هه‌موو ره‌هه‌نده سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندووه. خه‌ڵك پاره‌كانیان له بانكه‌كان كێشاوه‌ته‌وه و هیچ وه‌به‌رهێنه‌رێك ئاماده نییه له‌و دۆخه شپرزه‌یه‌دا وه‌به‌رهێنان بكات و سه‌رمایه‌كه‌ی بخاته مه‌ترسییه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانیان دابه‌زاندووه و توانای دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ی خاویان نییه، چونكه نازانن ئه‌وه‌ی كڕیویانه و به‌رهه‌میان هێناوه، به چ نرخێك بیفرۆشنه‌وه و كاتێكیش نرخه‌كه‌ی زیاد ده‌كه‌ن، كاڵاكه كڕیاری نییه و له‌سه‌ر ده‌ستان ده‌مێنێته‌وه.
دوێنێ زۆربه‌ی كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی رۆنی رووه‌كی به‌رهه‌مهێنانیان راگرت، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆلاریان بۆ دابین نه‌كراوه.
سێبه‌ری جه‌نگ، زۆربوونی قه‌باره‌ی نه‌ختینه‌یی، بێمتمانه‌یی به ده‌سه‌ڵات، كورتهێنانی بودجه و نه‌بوونی متمانه‌ی بازاڕ و كێشانه‌وه‌ی پاره له بانكه‌كان له‌لایه‌ن هاووڵاتییان، نه‌بوونی دۆلاری پێویست لای بانكی ناوه‌ندی به مه‌به‌ستی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی بازاڕ و زاڵبوونی حكوومه‌ت به‌سه‌ر سیاسه‌ته داراییه‌كان، هۆكارگه‌لێكن له پشتی دابه‌زینی به‌های دراوی ئێرانی.