ئەمڕۆ حەوتەمین رۆژی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییە لە ئێران، خۆپێشاندانەکە رۆژی یەکشەم 28ی کانوونی یەکەمی 2025 لە تاران دەستی پێ کرد و دوای حەوت رۆژ دەیان شاری تری ئێرانی گرتۆتەوە.
خۆپێشاندانەکە دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە بەهای تمەن بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی و نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد.
بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 144 هەزار تمەن و ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی دووکاندار و کاسبکارانی تاران دەرگای دووکانەکانیان داخەن و داوا لە حکوومەت بکەن رێکارێک بۆ رێگریکردن لە زیاتر دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بگرێتە بەر، چونکە نازانن کەلوپەل و بەرهەمەکانیان بە چ نرخێک ساغ بکەنەوە و هەست دەکەن بەم شێوەیە دەستمایەکەیان لەدەست دەدەن.
هەرچەندە لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا حکوومەتی ئێران هەندێک گۆڕانکاری کردووە و سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕیوە و تەنانەت بەهای تمەن بۆ ئاستی بەر لە دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان گەڕاوەتەوە و تا رادەیەک نرخەکەی ئاسایی بووەتەوە بەڵام خۆپێشاندانەکان درێژەیان هەیە.
بی بی سی بڵاوی کردەوە کە شەوی رابردوو لە ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەکەکانی تاران لەوانەش سادقیە، تێهرانپارس خەڵک تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو لەسەر شەقامەکان بوون و دژی حکوومەت دروشمیان دا.
لە شارەکانی تری وەک ئیسفەهان، مەشهەد، خوڕەمئاوا شەوی رابردوو خۆپێشاندان کرا و لە ئیسفەهان خۆپێشاندەران لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە وێنەی گەورەی قاسم سلێمانییان سووتاند کە حکوومەت هەڵیواسیبوو. هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی لە میدیاکان بڵاو کراونەتەوە کە دەردەکەوێت لە دوای ئاگرتێبەردانی وێنەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی شارەکە گەیشتوونەتە ئەو شوێنە و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران کردبوو ئەگەر هەوڵ بدات خەڵکی خۆپێشاندەر بکوژێت ئەوا ئەمەریکا دەستوەردان دەکات هێزی خۆی بەکار دەهێنێت و بەرگری لە خەڵکی خۆپێشاندەر دەکات.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەر زوو پەیامی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی خۆپێشاندەرانی ئێرانی بە نابەرپرسیارانە و مەترسیدار ناو برد و گوتی لەوانەیە سەرۆکی ئەمەریکا کەوتبێتە ژێر کاریگەریی ئەوانەی لە دیپلۆماسی دەترسن یان بە هەڵە پێیان وایە دیپلۆماسی شتێکی پێویست نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێڕان پێداگری لەوە کردووە کە ئێرانییەکان هەر جۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان رەت دەکەنەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەباشیدان و چاک دەزانن ئەگەر سەروەریی وڵاتەکەیان پێشێل بکرێت کوێ بکەنە ئامانج.
ئەو روونی کردەوە هەموو ئەو کەسانەی لە ئێران کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی هەڵبەز و دابەزینی بەهای دراو مافی خۆیانە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە خۆپێشاندان بکەن.
ئەمڕۆ شەموو سەعید مونتەزیرولمەهدی گوتەبێژی فەرماندەی پۆلیسی ئێران هەڕەشەی کردووە هێزەکانیان رێگە نادەن دوژمنان ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی مەدەنی بۆ ناسەقامگیری و ئاژاوە بگۆڕن.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە میانەی خۆپێشاندانەکانی ئێران بڵاو دەکرێنەوە داواکاریی خۆپێشاندەران تەنیا پرسی دابەزینی بەهای تمەن و خراپیی دۆخی ئابووریی نییە بەڵکوو بەشێک لە دروشمەکان سیاسین و دژی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامین و تەنانەت داوای کۆتایی هاتنی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
بەگشتی لەو خۆپێشاندانانەی لە ماوەی ئەو حەوت رۆژە لە ئێران کراون لە چەند شوێنێک رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان رووی داوە و باس لە کوژرانی ژمارەیەک خۆپپێشاندەر دەکرێ، هاوکات باس لە کوژرانی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئێران دەکرێت.
هیچ ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە تا ئێستە چ ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران یان لە هێزە ئەمنییەکان کوژرابن، بەڵام بەپێی ئەو حاڵاتەنای لە میدیای کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵاو دەکرێنەوە دەبێت لانی کەم 10 کەس کوژرابن.