سێی کانوونی دووەم، رۆژی ئاوابوونی خۆری دەسەڵاتی مادۆرۆ

:: PM:03:06:03/01/2026 ‌
پێدەچێت سێی کانوونی دووەمی 2026 ببێتە رۆژێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی ڤەنزوێلا دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سەربانی کۆشکەکەیەوە بۆ نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا دابەزین، لە شیرینیی خەو رایانپەڕاند و بە دەستبەستراوی بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.

ڤەنزوێلای دەوڵەمەند
ڤەنزوێلا وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوتە کە کەوتووەتە ئەمەریکای  باشوور، بەڵام ئەو سامان و دەوڵەمەندییەی هیچ کاتێک لە خزمەتی دانیشتووانەکەی نەبووە و ئابووریی ئەو وڵاتە رۆژ بە رۆژ لە پاشەکشەدابووە و دراوەکەی بە دووەم بێبەهاترین دراو لە ئاستی دنیادا هەژمار دەکرێت.

نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لە ساڵی 2013ەوە لە لووتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکەدا بووە. ئەو پێشتر جێگری هۆگۆ چاڤێز سەرۆک کۆماری پێشتری ڤەنزوێلا بوو و بەر لەو پۆستەیشی بۆ ماوەی حەوت ساڵ وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا بوو، هەر چەندە لە قۆناغی گەنجی شوفێری پاس بووە و لە رێی سەندیکای کرێکارانی گواستنەوەوە خۆی پێ گەیاندبوو.

ڤەنزوێلا چ لە سەردەمی چاڤێز و چ لە سەردەمی مادۆرۆ رژێمێکی دژە رۆژئاوایی و دژە ئەمەریکی بووە و زیاتر بیری چەپخوازانە بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵ بووە و کاتێک مادۆرۆ بە دەسەڵات گەیشت زیاتر لە جاران پەرەی بەو دوژمنایەتییە دا و لەو وڵاتانە نزیک کەوتەوە کە بە نەیاری ئەمەریکا هەژمار دەکرێن.
مردنی چاڤێز
ساڵی 2012 هۆگۆ چاڤێز بەر لە مردنی لە وتارێکدا داوای لە خەڵکی ڤەنزوێلا کرد ئەگەر لە ژیاندا نەما ئەوا دەنگ بە نیکۆلاس مادۆرۆ بدەن چونکە متمانەیەکی زۆری پێی هەیە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی مەلی بەختەوەری لەسەر شانی مادۆرۆ بنیشێت و لە ساڵی 2013 لە دوای هەڵبژاردن ببێت بە سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا.

سەردەمی دەسەڵاتی مادۆرۆ ماوەیەک ئاسایی بوو بەڵام وردەوردە قەیران و تەنگژە ئابوورییەکان زیاتر وڵاتیان تەنی و لەگەڵ ئەمەدا قەیرانی سیاسیش بەربینگی وڵاتی گرت و گەندەڵی و خراپیی کارگێڕیی سیاسی وای لە مادۆرۆ کرد ئەو خۆشەویستییەی جاران لەدست بدات.

دەستپێکی ئاوابوونی خۆری بەختەوەریی مادۆرۆ کاتێک دەستی پێ کرد لە ساڵی 2019  مادۆرۆ فێڵی لە ئۆپۆزسیۆن کرد و دامەزراوەکانی وڵاتی لە قازانجی خۆیدا بەکار هێنا و خۆی بەسەر گەلی ڤەنزوێلادا سەپاند بەڵام ئەمەریکا و زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا  خوان گوایدۆیان وەک سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا ناساند.

لەو کاتەوە مادۆرۆ هانای زیاتری بۆ سوپا و هێزە چەکدارەکانی برد و وێڕای سەرکوتکردنی ناڕازییان بە پشتبەستن بە سوپا درێژەی بە دەسەڵات دا.

قەیرانی ئابووری لەو وڵاتە قووڵتر بوویەوە و دراوی فەرمیی وڵاتەکە هێندەی تر بەهای خۆی لەدەست دا و کێشە بۆ بواری بازرگانی و هەناردەکردنی نەوت هاتە کایەوە کە بە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵاتەکە هەژمار دەکرا.

مادۆرۆ وەک تیرۆریست و بازرگانی مادەی هۆشبەر
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ساڵی 2020دا مادورۆی بە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و تیرۆریزم تۆمەتبار کرد و
دژبەرانی مادۆرۆ سێ ناوەندی دیپلۆماسیی ڤەنزوێلا لە ئەمەریکایان کۆنترۆڵ کرد.

کارلۆس ڤێکچیۆ کە لەلایەن گوایدۆ وەک باڵوێزی ڤەنزوێلا لە ئەمەریکا دەستنیشان کرابوو رای گەیاند ئەم سێ ناوەندە دیپلۆماسییە بریتین لە دوو باڵەخانەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڤەنزوێلا و ناوەندیکی کاروباری کونسووڵەکان لە نیۆیۆرک.

گوایدۆ کە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی ڤەنزوێلاوە پاڵپشتی دەکرا توانیبووی دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ تووشی تەنگژەیەکی قووڵ بکات و خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵات سوێندنی یاسایی بخوات.
سێی کانوونی دووەمی 2026 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو سێی کانوونی دووەمی 2026 لە پڕ هەواڵێک هەموو میدیاکانی دنیای تەنی کاتێک ئەوە بڵاو بووەوە کە کۆمەڵێک تەقینەوە لە کاراکاسی پایتەخت روویان داوە و دووکەڵ لە ئاسمانی شارەکە بەرز دەبێتەوە.

ئەوەی لە هێرش و تەقینەوەکە گرنگتر بوو، ئەو پەیامە بوو کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەعاتێک دوای هێرشەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تڕووس بڵاوی کردەوە و گوتی مادۆرۆ و ژنەکەی لە ئۆپڕاسیۆنێکدا لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا دەستگیر کراون و بۆ دەرەوەی ڤەنزوێلا گواستراونەتەوە.

کۆتایی ساڵی رابردوو نیكۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆك كۆماری ڤه‌نزوێلا، ئه‌مه‌ریكای تۆمه‌تبار كردبوو به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت وڵاته‌كه‌ی داگیر بكات. ئەو ئاماژه‌ی داوە هه‌ر جۆره‌ هه‌نگاوێكی ئه‌مه‌ریكا دژی ڤه‌نزوێلا به‌ شكست كۆتایی دێت و لە چەند رۆژی رابردووشدا لێدوانی توندی لە دژی ئەمەریکا داوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە بەرگرییەک بەرانبەر هێرشی ئەمەریکا دەربڕیوە.

ماوەی رابردوو دیموكراته‌كان نەیانتوانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و مه‌رجه‌ بسه‌پێنن كه‌ مۆڵه‌تی هێرشكردنه‌ سه‌ر ڤه‌نزوێلا به‌ كۆنگرێس ببه‌ستنه‌وه‌ و بۆیەش دەستی دۆناڵد ترەمپ کراوە بوو لە هێڕشکردنەسەر ڤەنزوێلا بە بێ ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس.

دۆناڵد تره‌مپ، نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلای به‌ دزینی سامانی ئه‌مه‌ریكا و هه‌وڵدان بۆ تیرۆر و به‌قاچابردنی ماده‌ی هۆشبه‌ر و مرۆڤ تۆمه‌تبار كردبوو.

ئەوەی لە ترەمپ چاوەڕوان دەکرا بەدی هات و لە ئۆپڕاسیۆنێکدا دەستبەسەرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی راگەیاند هەرچەندە وردەکاریی رووداوەکە و چارەنووسی مادۆرۆ هێشتا بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە.


وشە - سلێمان تاشان