لە كۆتای مانگی رابردوو بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی دداننانی وڵاتەكەی بە هەرێمی سۆماڵ لاند وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری راگەیاند، كە هیچ وڵاتێكی دنیا ددانی پێدا نەناوە، ئەوەش لە بەرانبەر ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی، هەردوولا دەستیان كرد بە پەرەپێدانی هاریكارییان لە بوارەكانی كشتوكاڵ و تەندروستی و تەكنۆلۆجیا و ئابووری و تەناهی، بەڵام ئیسرائیل چ سوودێك لەو هەنگاوە دەبینێت؟
دداننانی ئیسرائیل بە سۆماڵ لاند رەشەبایەكی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەكە و دنیا دروست كرد، ئەوان لەو هەنگاوەی ئیسرائیل ناڕازی بوون، كە لە چوارچێوەی چەسپاندنی جیابوونەوەی ئەو هەرێمە لە دەوڵەتی سۆماڵ دێت، هاوكات بۆ جێبەجێبوونی ویستە تەناهی و ستراتیجییە ئیسرائیلییەكان پێوەست بە راگواستنی فەلەستینییەكانی كەرتی غەزە بۆ چەند ناوچەیەك، لەوانە سۆماڵ لاند و گەمارۆدانی حوسییەكانی یەمەن و دروستكردنی شوێنپێیەكی ئیسرائیل لەو ناوچەیە كە كار لە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب دەكات.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە نەتنیاهۆ لەگەڵ جەدعوون ساعر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەو رێككەوتنەیان لەگەڵ عەبدلرەحمان محەمەد عەبدوڵا سەرۆكی كۆماری سۆماڵ لاند واژوو كرد، كە بانگێشتنی فەرمی بۆ سەردانیكردنی ئیسرائیل بەدەست گەیشتووە و سوپاسی نەتنیاهۆی كرد لە هەوڵەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهێزكردنی ئاشتی لە ناوچەكە.
ئاشر لۆبۆتسكی توێژەر لە پێوەندییەكانی ئیسرائیلی ئەفریقیایی لە پەیمانگەی توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لە زانكۆی تەلئەبیب و وانەبێژ لە زانكۆی هیوستن لە نووسراوێكی توێژینەوەدا دەڵێت، دداننانی ئیسرائیل بە سۆماڵ لاند هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵەكانی ئەو هەرێمە بۆ بەهێزكردنی پێگەی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی لایەنگری رۆژئاوا بە مەبەستی بەدەستهێنانی دداننانی نێودەوڵەتی و دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە بەرانبەر جكوومەتی سۆماڵی نەیاری لە مەقادیشۆ پاڵپشتی لێ دەكەن، بۆیە سۆماڵ لاند لە ساڵانی دوایی پێوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ هەریەك لە ئیمارات و تایوان و ئێستەش ئیسرائیل بەست.
بە سەیركردنی پێگەی جیۆسیاسیی سۆماڵ لاند كە بەرانبەر كەناراوەكانی یەمەن و گەرووی بابولمەندەبە، بەو هەنگاوە ئیسرائیل نیازی خۆی بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە ستراتیجییەكانی لە بەرەكەی تری دەریای سوور و دروستكردنی شوێنپێیەك لە ناوچەكە كە گرنگییەكی گەورەی ستراتیجی هەیە رادەگەیەنێت.
ئیتمار ئیخنەر شرۆڤەكاری كماروباری سیاسی لە رۆژنامەی "یدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی دەڵێت، هاوینی رابردوو عەبدلرەحمان محەمەد عەبدوڵا سەرۆكی كۆماری سۆماڵ لاند بە نهێنی سەردانی ئیسرائیلی كرد، هاوكات لەگەڵ شەڕی غەزە، چاوی بە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل كاتس وەزیری بەرگری و ساعر و بارنیاع كەوت، دانی دانوون باڵوێزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەوبارەوە دەڵێت، ئێمە لە لەگەڵ هەر لایەنێك هاریكار دەبین بەشداری لە سەقامگیریی ناوچەكە بكات.
ئەوەی جێی سەرنجە لەو راگەیاندنەی ئیسرائیل، سوپاسی دێڤید بارنیاع سەرۆكی مۆساد بوو بۆ عەبدلرەحمان محەمەد عەبدوڵا سەرۆكی كۆماری سۆماڵ لاند بەهۆی هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بەو رێككەوتنە، ئەوەش رووناكی دەخاتە سەر زیادبوونی دەسەڵاتی مۆسادی ئیسرائیلی لەو ناوچەی كیشوەری ئەفریقیا و دەریای سوور، كە لە دوو ساڵی رابردوو گرنگییە تەناهی و ستراتیجییەكەی بۆ ئیسرائیل دەركەوت.
لیئۆر بن ئاری شرۆڤەكاری كاروباری نێودەوڵەتی لە رۆژنامەی "یدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات، دەزگای مۆساد پارێزگاری لەسەر بوونی پێوەندییەكی نهێنیی بەهێزی لەگەڵ سۆماڵ لاند و ئەو وڵاتە كرد كە پێوەندیی دیپلۆماسیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە، ساڵانێكە لەوێ كار دەكات، چالاكییەكانی دروستكردنی پێوەندی كەسی لە نێوان سەركردەكانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای سۆماڵ لاند بوو، بۆیە دداننانی هەردوولا بە یەكتر لە دوای چەند مانگێك لە پێوەندی چڕ و نهێنی لە نێوانیان هات، كە چەندان سەردانی بەرپرسانی باڵای هەردوولا بۆ یەكتری گرتەوە.
ددانبەیەكترنانی ئیسرائیل و سۆماڵ لاند، بوونی پێوەندی تەواوی دیپلۆماسی لە نێوانیان و دامەزراندنی باڵوێز و كردنەوەی باڵوێزخانە دەگرێتەوە، بۆیەش وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رێنوێنی داوە بە پەلەكردن لە بەدامەزراوەییكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ سۆماڵ لاند لە بوارە جیاجیاكاندا.