ئه‌و دامه‌زراوه جیهانییه‌ی به ناوی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ناسراوه و باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له نیویۆركه، راستییه‌كه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دنیا ناكات، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌كات و حه‌ق وابوو ناوی لێ بنرێت رێكخراوی ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، چونكه ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت هه‌ن هیچ جۆره نوێنه‌رایه‌تییه‌كیان له رێكخراوه‌كه‌دا نییه.
كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له 10ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1920 له دوای كۆنفرانسی ئاشتیی پاریس دامه‌زرا، به‌هۆیه‌وه به فه‌رمی كۆتایی به جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی هێنابوو و ئاسایشی گشتی، له چه‌ك داماڵین و چاره‌سه‌ریی كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بوو، نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی پرسی نه‌ته‌وه‌كان.
له كۆتایی جه‌نگه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی نوێ دامه‌زران كه ژماره‌یه‌كیان هیچ جۆره بنه‌مایه‌كی به‌ده‌وڵه‌تبوونیان نه‌بوو، ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت نه‌بوونه‌ته ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و كۆمه‌ڵه‌كه ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی پێش به شه‌ڕ و ناكۆكییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرێت و ئاسایش و سه‌قامگیری بچه‌سپێنێت، دوای 19 ساڵ جه‌نگێكی تری جیهانی هه‌ڵگیرسا. چه‌مكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یه‌كه‌م جار له میانه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌لایه‌ن فرانكلین رۆزڤێڵت سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا، ئاماژه‌ی پێ كرا و له دوای جه‌نگه‌كه بیرۆكه‌كه فراوانتر كرا و رێكخراوێك به ناوی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دامه‌زرا و شوێنی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی گرته‌وه.
ئه‌و بنه‌مایه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ری دامه‌زرا، راستییه‌كه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی زلهێزه‌كان بووه له پێناو چه‌سپاندنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، نه‌ك پێدانی ماف به‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه بێ ده‌وڵه‌تن، هه‌ر بۆیه‌ش كێشه و قه‌یران و جه‌نگه‌كان كۆتاییان پێ نه‌هاتووه.
كورد گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت
هه‌ندێك نه‌ته‌وه له دنیادا هه‌ن كه خۆیان یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن، به‌ڵام ده‌یان نوێنه‌ریان له رێكخراوه‌كه‌دا هه‌یه و هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌ته‌وه‌كه خاوه‌نی ده‌یان ده‌وڵه‌تی جیاوازه، هه‌رچه‌نده هه‌مووان به یه‌ك زمان قسه ده‌كه‌ن. نموونه‌ی زمانی عه‌ره‌بی یان نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب كه زیاتر له 20 نوێنه‌ری له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هه‌یه، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد كه ژماره‌ی دانیشتووانی له زۆربه‌ی وڵاتان زیاتره، هیچ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی نییه و هۆكاره‌كه‌ش بۆ هه‌مان كێشه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێ كرد.
تا ئه‌م ساته كه تێیدا ده‌ژین كورد ده‌وڵه‌تی نییه و به گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی دنیا داده‌نرێت. نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت ئاماژه‌یه بۆ گرووپێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی تایبه‌تی خۆی نییه و له هیچ وڵاتێكیشدا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته پێك ناهێنێت. ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان ڕه‌نگه هاووڵاتیی ئه‌و وڵاته بن كه تێیدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها ڕه‌نگه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه مافی هاووڵاتیبوونیان لێ ستێنرابێته‌وه.
ژماره‌یه‌ك له نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان له مێژوودا سه‌رده‌مێك ده‌وڵه‌تیان هه‌بووه، ژماره‌یه‌كی تریش هه‌میشه له‌لایه‌ن وڵاتان و نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه داگیر كراون و حكوومه‌تی خۆیانیان نه‌بووه.
ده‌سته‌واژه‌كه ساڵی 1983 له‌لایه‌ن زانایه‌كی زانسته سیاسییه‌كان به ناوی ''ژاكووئێز لیروێز'' داهێنراوه، یه‌كه‌م جار له كتێبی ''هه‌لومه‌رجی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی سكۆتله‌ند له حكوومه‌تی به‌ریتانیا'' ئاماژه‌ی پێ دراوه. دواتر له‌لایه‌ن زانا سكۆتله‌ندییه‌كان وه‌ك دێڤید ماكرۆن، میكائیل كیتینگ و تی ئێم دیڤاین، قبووڵ كرا و له نووسیندا بوو به باو.
نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان به چه‌ندان وڵاتی جیاوازدا بڵاو بوونه‌ته‌وه، هه‌ندێك نه‌ته‌وه‌ش هه‌ن جیۆگرافیای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و خاوه‌نی خاكن، به‌ڵام خاكه‌كه‌یان له‌لایه‌ن وڵاتانی تر داگیر كراوه و ته‌نانه‌ت پارچه‌پارچه كراوه.
كوردستان نموونه‌یه‌كی زیندووه كه به درێژایی مێژوو و جیۆگرافیا و خاكی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه، به‌ڵام ئێسته به‌سه‌ر هه‌ر چوار وڵاتی ئێران، توركیا، عێراق و سووریا دابه‌ش كراوه و كورد له كۆمه‌ڵێك وڵاتی تریش هه‌ن و به رێژه‌ی جیاواز، له قه‌فقاز و ئاسیای ناوه‌ڕاست بڵاو بوونه‌ته‌وه و جگه له‌و ملیۆنان كه‌سه‌ش كه وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له رۆژئاوا كردووه و مافی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یان وه‌رگرتووه.
نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كانی تر
نه‌ته‌وه‌ی یاكسانگ لیمبۆ ڕۆژهه‌ڵاتی نیپاڵ، سیكیم و دارجیلینگی له هیندستان و باكوری ڕۆژئاوای به‌نگلادیش، هه‌موویان به‌شێكن له نه‌ته‌وه‌ی یاكسانگ لیمبۆ كه هاوشێوه‌ی كورد بێ ده‌وڵه‌تن. نه‌ته‌وه‌ی یۆروبا كه ده‌كه‌ونه وڵاتانی ئه‌فریقیی نایجیریا و توگۆ، ئۆیغووره‌كانی چین كه نیشته‌جێی ناوچه‌ی خودموختاری شینجیانگی ئۆیغوورن، دوو نه‌ته‌وه‌ی تری بێ ده‌وڵه‌تن.
هه‌ندێ له نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان له ڕابردوودا وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بووه و دواتر له‌لایه‌ن حكوومه‌ت یان وڵاتێكی تره‌وه داگیر كراون. بۆ نموونه ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی تبت له ساڵی 1913ه‌دا به فه‌رمی قبووڵ نه‌كرا، ساڵی 1951 جارێكی تر كۆماری چین ئه‌و ناوچه‌یه‌ی داگیر كرده‌وه و داوای ئه‌وه ده‌كات كه تبت به‌شێكی جیانه‌كراوه له وڵاتی چین، له حاڵێكدا كه حكوومه‌تی تبت له تاراوگه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه تبت وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه و ئێسته به‌شێوه‌ی نایاسایی داگیر كراوه.
نموونه‌ی تری نه‌ته‌وه‌كان بریتییه له تواریگ، تۆبۆ، ڕفیانز و كابیله له باكوری ئه‌فریقا؛ چاین، كاچاین، كارێن، مۆن، ڕه‌خینه، ڕۆهینگیا و شان له میانمار، گالیكیانز، كانتابریانز، ئه‌ستوریانز، ئارگۆنیز، باسكی، كه‌ته‌لۆن، ڤالنسیه‌نز و ئه‌نده‌لۆسیه‌نز له ئیسپانیا، هیچ كامێكیان نوێنه‌رایه‌تییان له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا نییه.
ئه‌گه‌رچی له دنیادا زیاتر له سێ هه‌زار نه‌ته‌وه بوونی هه‌یه، ژماره‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان 193 وڵاته، كه‌متر له 20 وڵاتیان له بواری ئه‌تنیكییه‌وه وه‌ك ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ی یه‌كده‌ست هه‌ژمار ده‌كرێن.
نه‌ته‌وه
خه‌ڵكێك كه ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ڕیشه، مێژوو، زمان، كولتوور، دابونه‌ریت یان ئاینی هاوبه‌شیان هه‌یه له ڕێگه‌ی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌توانن ببنه نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ. له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا، ده‌كرێت شوناس و نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر ده‌توانن پێكه‌وه بژین یان ڕكابه‌ریی یه‌كتر بكه‌ن، بۆ نموونه له ناسیۆنالیزمی ئینگلیزی، ناسیۆنالیزمی سكۆتله‌ندی و ناسیۆنالیزمی وێڵزی بوونیان هه‌یه و ناسیۆنالیزمی به‌ریتانی ڕایگرتوون، به‌ڵام له وڵاتێكی وه‌ك ئێران، توركیا عێراق و سووریا نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت خۆی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تردا بسه‌پێنێت و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان بتوێنێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی بووه له شه‌ڕ و ئاڵۆزی و قه‌یرانه‌كان و نه ویستوویانه له‌گه‌ڵیدا بژین و نه رێگه‌شیان داوه لێیان جیا ببنه‌وه.
تا پێش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئیسرائیل، جووه‌كانیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت ئاماژه به ناوه‌كه‌یان ده‌كرا، هه‌رچه‌نده خه‌ڵكێكیش له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون كه گرووپه جۆراوجۆره‌كانی جوو تایبه‌تمه‌ندیی زۆر جیاوازیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه له‌وانه‌ش جیاوازیی زمان، كولتوور، هه‌رێم و ئه‌مه‌ش گومان و پرسیاری خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جووه‌كان نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كده‌ست و یه‌كڕیز بن، كه‌چی به تایبه‌تمه‌ندیی ئاینی توانیان ده‌وڵه‌تی خۆیان بنیات بنێن.
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه بنه‌مای دامه‌زراندنه‌كه‌ی سه‌قامگیری و ئاشتیی جیهانییه، بلۆكێكی به هه‌ڵه له ژێر بیناكه‌ی داناوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه تا پرسی نه‌ته‌وه به واتا راسته‌قینه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت و مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به‌و نه‌ته‌وه بێبه‌شانه نه‌درێت، ئه‌وا ئاشتی و سه‌قامگیریی جیهانیش هه‌رگیز دابین ناكرێت.