دوای شەش مانگ لە هەوڵ و گوشاری بەردەوامی ئەمەریكا لەگەڵ و لەسەر ڤەنزوێلا، دواجار دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری گرتنی نیكۆڵاس مادۆری سەرۆكی ئەو وڵاتە و هاوسەرەكەی و دادگاییكردنیان لە ئەمەریكا دا، ئەوان سەرقاڵی گفتوگۆ و دەستەوارەیەك بوون كە مادۆرۆ واز لە دەسەڵات بێنێت یان بوار بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بدات بچنە ناو كەرتی نەوتی ڤەنزوێلا و قەرەبووی زیانەكانی پێشوویان بۆ بكاتەوە، بەڵام شەمووی رابردوو كتوپڕ ترەمپ بۆچوونی خۆی گۆڕی.
لە دوای شەشە مانگ لە هەوڵی بێوەچان بۆ سازكردنی دەستەوارەیەك لەگەڵ مادۆرۆ، سەرۆكی ئەمەریكا رێگەچارەی سەربازی گرتە بەر بۆ كۆتاهێنان بە هەموو شتێك و گرتنی مادۆرۆ، وەك رۆژمامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی باسی كردووە، لە مانگی تەمووزی رابردوو ترەمپ لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ راوێژكارەكانی لە كۆشكی سپی خواستی خۆی لە بەردەوامبوون لە گفتوگۆ لەگەڵ مادۆرۆ دەربڕی بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێك كە بوار لەبەردەم كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییەكان برەخسێنێت.
شارەزایان ئاماژە دەكەن كە سەرۆك ترەمپ هەوڵی دەدا بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی دیاری ئابووری، بۆیە رێگەچارەی دیپلۆماسی لە هێرشی سەربازی پێ باشتر بوو، لەگەڵ سەركردەیەك پێشتر تەحەدای هەموو رێككەوتنەكانی كردووە، بەڵام ئەو خواستەی ترەمپ بە بەردەوامیی گفتوگۆكردن رووبەڕووی بۆچوونی توندی راوێژكارەكانی بووەوە، لە سەروویانەوە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە كە ترەمپی لە متمانەكردن بە مادۆرۆ وریا كردەوە و دووپاتی كردەوە كە داهاتی نەوت پاڵپشتی لە مانەوەی رژێمەكەی لە دەسەڵات لە كاراكاس دەكات، بۆیە لەگەڵ رەتكردنەوەی مادۆرۆ بۆ هەموو دەستپێشخەرییەكان، ترەمپ لێی بێ ئومێد بووبوو.
چاودێران ئاماژە دەكەن كە تا گەیشتن بە كۆتایی دیسێمبەری رابردوو، ترەمپ لە دوای چەند هەوڵێك بۆ رازیكردنی مادۆرۆ بە دەستبەرداربوون لە دەسەڵات بەرانبەر لێخۆشبوون لە تۆمەتەكانی سەری، بڕیاری دا كە كاتی بەكارهێنانی هێز لە دژی هاتووە، بۆیە ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی بەر لە دوو رۆژ كە بە گرتنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی و رەوانەكردنیان بۆ نیویۆرك بۆ دادگاییكردن كۆتایی هات، تەنیا هەنگاوێكی تەكنیكی نەبوو، بەڵكو رەنگدانەوەی گۆڕانی میزاجی سیاسیی ترەمپ بوو لە دوای شەش مانگ، كە تیایدا لە هەوڵە بەردەوامەكان بۆ رازیكردنی مادۆرۆ زۆر بێزار و نیگەران بووبوو، هەروەها ئۆپراسیۆنەكە بووە تاقیكردنەوەیەك بۆ سیاسەتێكی دەرەوەی توندتر، كاتێك ترەمپ ئاماژەی كرد كە رەنگە لە شوێنی تر لە دنیا دووبارەی بكەنەوە وەك كۆڵۆمبیا و گرینلاند.
ترەمپ لەگەڵ هاتنەوەی بۆ كۆشكی سپی لە سەرەتای ئەمساڵ هەستی بەوە كرد كە لە یەكەم ماوەی سەرۆكایەتی بەر لە چوار سالچ كات و ماندووبوونێكی زۆری لە هەوڵدان لەگەڵ مادۆرۆ سەرف كردووە بێ ئەوەی بتوانێت هیچی لەگەڵ بكات، هاوكات كەسانی دەوروبەری ترەمپ پێیان وابوو دەستگرتنی مادۆرۆ بە دەسەڵات لە ڤەنزوێلا، شەرمەزارییەكی بەردەوامە بۆ ئەمەریكا و بەڵگەی دەستسووكی واشنتنە لەگەڵ رژێمێكی نەیار، بەڵام لە كۆتایی بڕیاری دا بە شێوازی خۆی كۆتایی بە رژێمەكە بێنێت و بەو شێوەی كە بینرا، راوێژكارەكانی ترەمپ توانیان بۆچوونی بگۆڕن بەوەی مادۆرۆ تیرۆریستە و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەكات و بەخواستی خۆی واز لە دەسەڵات ناهێنێت، ئەو سووكایەتی بە گوشارەكانی ئەمەریكا دەكات و بە فێڵی دەزانێت.
مانگی رابردوو تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"، بڵاوی كردەوە كە ئیدارەی ترەمپ بە هێواشی و زۆر نهێنی پلانەكانی بۆ قۆناغی دوای رووخانی مادۆرۆ دادەڕێژێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو دوا وریاكردنەوەی پێ دا بە پێویستیی جێهێشتنی ڤەنزوێلا، تۆڕەكە لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە كە پلانەكانی ئەمەریكا بە هێواشی و زۆر نهێنی لە كۆشكی سپی دێنە داڕشتن، كە بابەتی شوێنگرتنەوە و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لەخۆ دەگرێت كە رۆیشتنی مادۆرۆ دروستی دەكات.
ساڵی رابردوو مادۆرۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دۆڕاندی، بەڵام رەتی كردەوە واز لە دەسەڵات بێنێت، مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ماوەی كەمتر لە 15 خولەك لەگەڵ مادۆرۆ قسەی كرد، مادۆرۆ رای گەیاند كە بە چەند مەرجێك ڤێنزوێلا جێ دێڵێت، لەوانە لێبوردن لە خۆی و خێزانەكەی لە لایەن ئەمەریكا و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و لابردنی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر خۆی زیاتر لە 100 بەرپرسی حكوومەتەكەی، پێوەست بە گەندەڵی و بازرگانیی مادەی هۆشبەر و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، بەڵام ترەمپ هەموو مەرجەكانی رەت كردەوە و هەفتەیەكی بۆ مادۆرۆ دیاری كرد بۆ جێهێشتنی وڵاتەكە.