دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووبارەی دەكاتەوە كە پێویستە ئەمەریكا دەست بەسەر گرینلاند بگرێت، هۆكارەكەی بۆ سوودبینین لەو هەنگاوە بۆ تۆكمەكردنی ئاسایشی وڵاتەكەی دەگەڕێنێتەوە، كەچی ئەو خواستەی ترەمپ لە لایەن دەسەڵاتدارانی دوورگەكە و دانیمارك رەت كرایەوە، بەڵام بۆچی ئەو چاوی بریوەتە دوورگەكە، كە هەرێمێكی خاوەن ئۆتۆنۆمی سەر بە دانیماركە؟
پێشتر چەند جارێك ترەمپ باسی گرینلاندی كردووە، بەڵام دواجار لە دوای هێرشەكەی ڤەنزوێلا جارێكی تر باسی كردەوە كە دەبێت ئەمەریكا دەست بەسەر ئەو دوورگەدا بگرێت، ئەو گوتی كە لە دیدێكی ئاسایشی نەتەوەییەوە پێویستمان بە گرینلاندە كە گرنگییەكی گەورەی ستراتیجی هەیە، ئێستە پڕە لە كەشتییەكانی رووسیا و چین.
ترەمپ لە 2019 هەوڵی كڕینی دوورگەكەی دا، بەڵام رەت كرایەوە، دوای هاتنەوەی بۆ كۆشكی سپی بەدووری نەزانی بۆ دەستگرتن بەسەر گرینلاند هێزی سەربازی بەكار بێنێت، هاوكات چەندان بەرپرسی باڵای ئەمەریكی سەردانی دوورگەكەیان كرد لەوانە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و لە كۆتایی 2025 ترەمپ نێردراوێكی تایبەتی بۆ گرینلاند دامەزراند و ئەویش بە راشكاوی باسی خواستی كردنی دوورگەكە بە بەشێك لە ئەمەریكا.
دوورگەی گرینلاند دەكەوێتە ناوچەی جەمسەری باكور و تەنیا 56 هەزار كەس تیایدا دەژین، 80%ی خاكەكەی بە شەختە داپۆشراوە، ئابوورییەكەی پشت بە راوە ماسی دەبەستێت، هاوكات لە لایەن دانیمارك یارمەتی دەدرێت، لە ساڵانی دوایی چەند جۆرە كانزایەكی دەگمەن و یۆرانیۆم و ئاسنی تیادا بەرهەم هات.
بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگەی جەمسەری باكور، لە ساڵانی دوایی چین و رووسیا توانا سەربازییەكانیان لە جەمسەری باكور پەرە پێ داوە، راپۆرتەكە داوای لە ئەمەریكا كرد بوونی خۆی لە جەمسەری باكور بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوان زیاتر بكات، گرنگیدانی ئەمەریكا بەو دوورگەیە هی ئێستە نییە، دوای ئەوەی ئەڵمانیای نازی لە دووەم جەنگی دنیا دانیماركی داگیر كرد، ئەمەریكا دەستی بەسەر ئەو دوورگەدا گرت و چەند بنكەیەكی سەربازی و وێستگەی رادیۆی تیادا دامەزراند، دوای شەڕەكەش هێزەكانی ئەمەریكا لەوێ مانەوە و تا ئێستە بنكەی "بیتوفیك"ی ئاسمانی لەوێ لە لایەن ئەمەریكاوە بەڕێوە دەچێت.
مارك باكۆبستن مامۆستا لە كۆلێجی شاهانەی دانیمارك بۆ بەرگری دەڵێت، ئەگەر رووسیا مووشەك ئاراستەی ئەمەریكا بكات، ئەوە كورتترین شوێن بۆ چەكی ئەتۆمی لە رێگەی جەمسەری باكور و گرینلاند دەبێت، بۆیە بنكەی بیتوفیكی ئاسمانی زۆر گرنگە بۆ بەرگریكردن لە ئەمەریكا، هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ دەستگرتن بەسەر گرینلاند بۆ پێش هاتنی ترەمپ دەگەڕێتەوە، لۆكاس واهدن توێژەر و شیكەرەوە دەڵێت، ئەمەریكا چەند جارێك هەوڵی داوە دانیماركییەكان لە گرینلاند دەربكات و كۆنترۆڵی بكات وەك بەشێك لە خاكی ئەمەریكان یان بە لایەنی كەم بیخاتە ژێر ركێفی تەناهیی خۆی.
لە ساڵی 1867 لە دوای كڕینی ئالاسكا لە رووسیا، ویلیام ئێچ سیوارد وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستی بە گفتوگۆ كرد بۆ كڕینی دوورگەی گرینلاند لە دانیمارك، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، لە 1946 ئەمەریكا بڕی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ كڕینی دوورگەكە خستە روو، كە دەكاتە 1.2 ملیار دۆلاری ئێستە، بەڵام دانیمارك رەتی كردەوە.
هەرچی دەسەڵاتدارانی گرینلاندە، لە سەرەتای 2026 سەرۆك وەزیرانی گرینلاند گوتی، ئیتر گوشاری زیاتر و ئاماژە و خەونی دەستگرتن بەسەر گرینلاند بەسە، ئێمە بە رووی گفتوگۆ كراوەین، بەڵام دەبێت ئەو كارە لە رێگەیەكی دروست و بە رێزگرتنی یاسای نێودەوڵەتی بێت، كاتێك "بی بی سی"، سەردانی دوورگەكەی كرد، گوێبیستی ئەو قسانە بوو كە گرینلاند هی گرینلاندییەكانە، دەكرێ ترەمپ سەردانی بكات، بەڵام ئەوە هەموو شتێكە و زیاتر نا، بەپێی راپرسییەكان زۆرینەی دانیشتووانی گرینلاند پاڵپشتیی لە سەربەخۆیی دوورگەكە لە دانیمارك دەكەن، بەڵام زۆرینەشیان رەتی دەكەنەوە ببنە بەشێك لە ئەمەریكا.