دوای ئۆپراسیۆنەكەی ڤەنزوێلا ئامانجەكانی تری ترەمپ چین؟

:: PM:05:24:07/01/2026 ‌

دوای چەند مانگ لە گەمارۆدانی كەناراوەكانی ڤەنزوێلا و گوشاری سیاسی و ئابووری لەسەر ئەو وڵاتە و كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری سەربازی، لە 3ی ئەم مانگە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا ئۆپراسیۆنێكی سەربازییان لەو وڵاتە ئەنجام دا و نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەیان گرت و بۆ ئەمەریكایان گواستەوە بۆ دادگاییكردن بە چەند تۆمەتێك، نووسەرێكی بەریتانی ئامانجەكانی دوای ئەوەی ترەمپ ئاشكرا دەكات.

لە دوای ئۆپراسیۆنە سەربازییە سەركەوتووەكەی ئەمەریكا لە ڤەنزوێلا، ترەمپ چەند لێدوانێكی دا، ئەو ئاماژەی بۆ چەند بابەتێك كرد، لەوانە پاساوەكانی ئۆپراسیۆنەكە و هەنگاوی داهاتوویان، بە كورتی گوتی، مسۆگەری دەكەین كە گومان لە باڵادەستیی ئەمەریكا لە نیوەی رۆژئاوای گۆی زەوی نەكرێت، ئەو هەڕەشەیەكی ئاشكرای كرد بە داڕشتنەوەی نەخشەی دەسەڵات لە دنیا لە رێگەی هێزی سەربازی و گوشارە ئابوورییەكان.  

مۆلی بلاكول پەیامنێری ماڵپەڕی "ئای بیبەر"ی بەریتانی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ هەشت ئامانج دەكات كە ئەوانە بریتین لە خواستە فرەوانخوازییەكانی ترەمپ، دەڵێت، ترەمپ لە دوای كەمتر لە 48 سەعات لە گرتنی مادۆرۆ لەناو فڕۆكەكەی ئاماژەی بۆ ئامانجی داهاتووی كرد، ئەو قسانەی هەندێك بە رووخانی سیستمی دنیا وەسفیان كرد، لەو ئامانجانەی ئەو نووسەرە باسی كردن:

یەكەم/ ڤەنزوێلا و نەوت، ترەمپ سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەسەر كاراكاس سەپاند و رای گەیاند كە ئەوان بەرپرسن لێرە، هەڕەشەی لە دیلسی رۆدریگز جێگری مادۆرۆ كرد بە دانی باجێكی گەورە ئەگەر رێگە نەدەن دەستی كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییەكان بگاتە یەدەگی زەبەلاحی نەوتی ئەو وڵاتە، لەوكاتەی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەكات، تەنیا لە هەندێك حاڵەتی كەم نەبێت لەوانە وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایش یان بۆ بەرگریكردن لە خۆ.

دووەم/ كۆڵۆمبیا و پیترۆ، دوای ڤەنزوێلا، ترەمپ ئاگری لێدوانەكانی ئاراستەی بۆگۆتا كرد، گۆستاف پیترۆ سەرۆكی كۆڵۆمبیای بە پیاوە نەخۆشەكە و بەرپرس لە چوونی كۆكایین بۆ ئەمەریكا وەسف كرد، ئاماژەی بۆ ئۆپراسیۆنێكی هاوشێوەی سەربازی لە كۆڵۆمبیا بۆ رووخاندنی رژێمەكەی كرد، ئەوەش سەركۆنەكردنی ناوچەیی لێ كەوتەوە، وەك پەیامنێرەكە باسی كرد ئەمەریكا گرووپەكانی قاچاغی مادەی هۆشبەری لە كۆڵۆمبیا وەك گرووپی تیرۆریستی پۆلێن كرد بە هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامی دا. 

سێیەم/ كوبا، ترەمپ پێشبینیی كەوتنێكی خێرای رژێمی هاڤانا دەكات، ئەو پێی وایە كوبا دەوڵەتێكی شكستخواردووە و دوای كەوتنی مادۆرۆ شاخوێنبەری ژیانی لەدەست داوە، لەوكاتەی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە بەرپرسانی كۆبی كرد بۆ نیگەرانبوون لەبارەی داهاتوویان، لەوكاتەی كوبا رای گەیاند كە لە ئۆپراسیۆنەكەی ئەمەریكا لە كاراكاس 32 كوبی لە ریزەكانی هێزە چەكدارەكان و هەواڵگریی ڤەنزوێلا كوژراون.

چوارەم/ مەكسیك، ترەمپ داوای دەستوەردانی سەربازی لە مەكسیك بۆ رووبەڕووبوونەوەی باندەكانی مادەی هۆشبەر كرد، سەرەڕای خواستی بۆ هاریكاریكردن لەگەڵ كلۆدیا سینباوم سەرۆكی مەكسیك، بەڵام شینباوم بەتوندی سەركۆنەی گرتنی مادۆرۆی بەو شێوەیە كرد و بە پێشێلكردنی بەڵێننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەقەڵەم دا. 

پێنجەم/ گرینلاند و دانیمارك، دوای گرتنی مادۆرۆ جارێكی تر بابەتی دەستگرتن بەسەر گرینلاند لە لایەن ترەمپەوە هاتەوە بەر باس، ارەمپ دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پێویستی بەو دوورگەی سەر بە دانیمارك هەیە.

شەشەم/ ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی، لە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی 2025 و بۆردمانكردنی سێ وێستگەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، پێ دەچێت ترەمپ بۆ هێرشی تر ئامادە بێت، دووپاتی لە ئامادەسازی بۆ دەستوەردانی سەربازی لەو وڵاتە كرد ئەگەر خۆپێشاندەران سەركوت بكرێن یان تاران هەوڵی بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بدات.

حەوتەم/ نایجیریا و داعش، بەپێچەوانەی ئۆپراسیۆنەكەی دوایی ڤەنزوێلا، لە نایجیریا بە هاوئاهەنگی حكوومەتی ئەو وڵاتە زنجیرەیەك هێرشی كردە سەر داعش، ترەمپ لەوبارەوە گوتی، ئەوە دیاری سەری ساڵە لە دژی داعش، روونی كردەوە كە هێرشەكانی نایجیریا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەبوجا لە دژی تیرۆریستان ئەنجام دراوە.   

هەشتەم، كەنەدا و ویلایەتی 51مین، دوای هاتنی بۆ دەسەڵات لە كۆشكی سپی، ترەمپ شێوازی گوشاری ئابووری لە دژی ئۆتاوا پێڕەو كرد، باسی یەكخستنی كەنەدای لەگەڵ ئەمەریكا و كردنی بە ویلایەتی 51ی ئەمەریكا كرد بۆ چارەسەركردنی باجی زۆری دەیخاتە سەری، لە هەوڵێك بۆ بەهێزكردنی باڵادەستیی رەها لە نیوەی رۆژئاوای گۆی زەوی كە كەس نەتوانێت بەربەركانی بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل