بڕیارە سبەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر كۆ ببنەوە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە پارتی هۆشیار زێباری و لە یەكێتی قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی شاندەكە دەكەن.
كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی وەك ئەوەی پێشتر هەر "وشە" بڵاوی كردبووەوە، تایبەت دەبێت بە پرسی یەكلا كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەیەكی تایبەت وەری گرتووە، پارتی دوا دەرفەت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دەداتە یەكێتی بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی دیاری كراودا پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم راسپێرێ.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر لەگەڵ ئەوەدا نەبووە پاكێجی هەردوو حكوومەتی كوردستان و عێراق تێكەڵ بكرێت، ئێستەیش سوورە لەسەر ئەوە ئەو پەیامەیش بە یەكێتی دەدات كە هیچ پۆستێك لە هەرێم و عێراق بەرانبەر یەكتر نییە، بەڵكو دوو گفتوگۆی جیاوازە.
پێشتر پارتی دوو شاندی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عێراق لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و لە كوردستانیش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێكهێناوە، بۆیە ئەوە یەكلایی بووەتەوە كە ئەوە دوو پرسی جیاوازە.
ئێستە هەردوو حزب كاندیدی فەرمییان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەیە، بەڵام یەكێتی پێی وایە وەك عورفی سیاسی دەبێت لای ئەوان بمێنێتەوە، بۆ ئەوەیش دەبێت پارتی رازی بكات.
رێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق /یەكێتی/ بە "وشە"ی گوت، پارتی ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگی زیاتری لە هەڵبژاردن بەدەست هێناوە، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی دەبێت كە حزبی گەورەیە و بەبێ رەزامەندی ئەو هیچ لایەنێكی تر ناتوانێ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت.
ڕوونیشی كردەوە، یەكەم هەنگاوی یەكێتی بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری لای ئەوان بمێنێتەوە دەبێت رەزامەندی پارتی وەربگرێت، بەبێ ئەوە ئاڵۆزییەكی زیاتر دروست دەبێت.
لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان، زانیارییەكانی گەیشتوون بە "وشە" ئەوەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت ماوەیەكی دیاری كراو بۆ ئەو پڕۆسەیە دابنرێ، سبەی ئەو وادەیەیش دەدەنە یەكێتی كە دەبێت پەرلەمانی كوردستانی تێدا كارا بكرێتەوە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی هەردوو حزب، پارتی و یەكێتی لەسەر بەرنامەی هاوبەشی پێكهێنانی كابینەی نوێ رێككەوتوون، ئەوەی تا ئێستە ماوەتەوە قۆناغی دابەشكردنی پۆستەكانە.
پارتی دوو وەزارەتی گرنگی بۆ یەكێتی داناوە كە هەریەكە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پێشمەرگەیە، بەڵام روون نییە كە دوای هەڵبژاردن ئۆفەری ئەو دوو وەزارەتە لەبەردەم یەكێتی ماوە یان نا.
قسەی سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە گفتوگۆكان گەیشتووەتە لای "وشە" كە باس لەوە دەكات، قۆناغی ئێستە گۆڕاوە، یەكێتی داوای كردووە كە لەو كاتەوە دەست بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت بكەنەوە كە لە پێش هەڵبژاردن وەستابوو، بەڵام پارتی ئەوەی رەت كردووەتەوە ئەوەیش هێمایە بۆ ئەوەی كە قۆناغەكە گۆڕاوە و ئاڵۆزییەكانی بەردەم یەكێتی زیاتر بوون.